-
تاڵی ئاوریشمی (٥)
لە شێوە گشتییەکەیدا(سادەکردنەوە) ڕێگایەکە بۆ خۆگونجاندن و تێگەیشتن و تێپەڕاندنی کێشە و چارەسەرکردنی .
لە ڕاستیدا هەموو کات سادەکردنەوە پێچەوانەی ئاڵۆزکردن نییە ،بەڵکو هەندێکجار سادەکردنەوە هێندە ئاڵۆزە ، کە ناتوانین لێی تێبگەین ، چونکە بەهۆی سادەکردنەوەوە دەتوانین دەست بەرین بۆ هەموو موقەدەسەکانی ئەوی بەرانبەر.
زاراوەی (سادەکردنەوە) جیاوازە لە (سادەبوون )  لەبەرئەوەی سادەبوون چاکەیە و خاکیبوونە ، بەڵام سادەکردنەوە داماڵینی  بابەتێکە لەو شتانەی دەینوێنێت بۆ نموونە سادەکردنەوەی مرۆڤ لە هەموو ئەوشتانەی دەینوێنێت خستنیەتی لە مرۆڤ بوون و لێدانە لە بەهاکەی  هەر ئەمەشە ،کە وادەکات بتوانیت ڕەگەزپەرستی بکەیت چونکە ئەوی بەرامبەر بۆ سادەکەرەوەیەک هیچ نییە جگە لە (شتێک) ، کاتێک  هاووڵاتی چ وەک مرۆڤ و چ وەک ماف  سادەدەکرێتەوە ئەوا ستەمکاری  شەرعیەت  وەردەگرێت ، چونکە بۆ ستەمکار مرۆڤێک لە بەرانبەریدا بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنها شتێکە ، کە زۆر سادانە دەتوانێت چۆنی بوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات .
سادەکردنەوە هەڵەیەکی لۆژیکیشە ، چونکەلەبەرچاو نەگرتن و  تێپەڕاندنی هۆکارەکانە و بادان و ڕاکێشانی ئەنجامەکانە بۆ ئەو مەغزایانەی کەسی سادەکەرەوە دەیەوێت ، ئەمە وێڕای ئەوەی  فەرامۆشکردنی هەقیقەتی شتەکانە ، لە بابەتی کۆرۆنادا زۆر " سیاسی" دەیانەوێت بابەتەکە سادەبکەنەوە و هەقیقەتەکەی فەرامۆش بکەن بۆ ئەمەش خەڵک وەک شتێکی بێبەها سەیردەکەن و کارەساتی وڵاتەکە لە کەرەنتینەکردنی کۆرۆنادا کورتدەکەنەوە بەمەش سێجار سادەکردنەوەیان جێبەجێکردوە یەکەم نییەتەکانی خۆیان سادە کردوەتەوە بۆ چەواشەکارییەک لە بەرگی دڵسۆزیدا، دووهەم مەینەتی ژیانی هاووڵاتیان سادەکردوەتەوە بە تەنهادروستکردنی ڕق و ئەمیش خۆی لە خۆیدا ناهێڵێت کێشەکان ببینرێن و چارەسەر بکرێن ، سێهەم  سادەکردنەوەی تێگەیشتن لە ماف لە سنووری دروستکردنی توڕەبوونێک لێرەو لەوێ ، کە دواجار خۆیان دەبن بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی و هاووڵاتیش هەروەک خۆی لە زۆنگاوی ستەملێکردندا دەمێنێتەوە .

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق