پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین: هەڕەشە دەكەن

ليست هناك تعليقات



پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین رایدەگەیەنن، 6ی ئایار سەرەڕایی دواکەوتنی موچەی چوارمانگی ئەمساڵی کارمەند و پزیشکان بەڵام بەردەوامیانداوە بە دەوام و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئەگەر تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتو موچەی مانگی شوبات وەرنەگرن تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بە شوێنە فریاگوزاری و ساردەکانەوە چۆڵدەکەن.
لە ئەگەری هەر کەمکردنەوەیەک لە موچە و شایستە داراییەکانماندا توندترین هەڵوێستمان دەبێت


پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەشدەکەن، لەبارەی دەنگۆی دەستکاری موچە و کەمکردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مەترسی و خواردن و دەرماڵەکانی دیکە "ڕایدەگەیەنین کە لە ئەگەری هەر کەمکردنەوەیەک لە موچە و شایستە داراییەکانماندا توندترین هەڵوێستمان دەبێت و هۆشیاری دەدەینە حکومەت کە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرە ڕاستییەکانی نەبات و لە جێی ئەوە هەوڵی چاکسازی ڕاستەقینە بدات و موچەی بندیوارەکان ببڕێت بۆ چارەسەرکردنی قیرانی دارایی".

پەیامێک لە پزیشکانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی
وەک ئاگادارن لە دوای زیاد لە 50 ڕۆژ دواکەوتن و پاش وەرگرتنی موچەی مانگی 1/2020، سەرەڕای دواکەوتنی موچەی 4 مانگمان لەبەر بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و پاراستنی تەندروستیان بڕیارماندا بە بەردەوامیدان بە دەوامی فەرمیمان لە بەرواری 6/5/2020ەوە بۆ ماوەی مانگێک و لەئێستاشدا و پاش نزیکبونەوە لە کۆتایی ئەو ماوەی دیاری کرابو وەک پزیشکان ڕایدەگەیەنین کە لە ئەگەری وەرنەگرتنی موچەی مانگی 2 پێش تەواو بونی ماوەی ئەو مانگەی دیاریکرابو ئەوا لە ( ڕۆژی شەممە بەرواری 6/6/2020 کاتژمێر 8 ی بەیانی ) تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بە شوێنە فریاگوزاری و ساردەکانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا چۆڵ دەکەین و بەرپرسیارییەتی ڕودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو و مەترسییەک لە پاش چۆڵکردنی شوێنەکان لەسەر ئەستۆ و بەرپرسیارییەتی حکومەت دەبێت کە ئامادە نییە سەرەڕای بەردەستبونی نەختینە پارەی پێویست موچە دابەشبکات.

لە هەمان کاتدا و لە پاش بڵاوبونەوەی پلانی دەستکاریکردنی شایستە داراییەکانمان بە کەمکردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مەترسی و خواردن و دەرماڵەکانی تر وەک بەشێک لە پلانی بەناو چاکسازی، دەمانەوێت ڕایبگەیەنین کە لە ئەگەری هەر کەمکردنەوەیەک لە موچە و شایستە داراییەکانماندا توندترین هەڵوێستمان دەبێت و هۆشیاری دەدەینە حکومەت کە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرە ڕاستییەکانی نەبات و لە جێی ئەوە هەوڵی چاکسازی ڕاستەقینە بات و موچەی بندیوارەکان ببڕێت بۆ چارەسەرکردنی قیرانی دارایی.

پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان.
چوارشەممە

3/6/2020

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif