چاکسازی پێویستی بە یاسا نییە، بڕیاری ئازایانەی دەوێت

ليست هناك تعليقات
عارف قوربانی
-
دەگێڕنەوە کابرایەک لە گوندێکدا هەبوو هیچ حەزی بەوە نەبوو لەژیانیدا خۆی ماندوو بکات، بۆ پەیداکردنی قوتی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی ئەوەی کردبووە پاساو کە سەری بێ رزق لەژێر خاکدایە و خوا سەریدا رزقیش دەدات. بەخێر و سەدەقەی ئاوایی دەژیا. لەناو ئەهلی گوندیش مشت و مڕی ئەوە دروست بووبوو کە ئەم پیاوە لەش ساخ و تەندروستە و خێری پێدەرناچێت. بڕیاریاندا ئیدی زەکات و سەرفترەکانیان نەکەنە کاسەی ئەم ماڵەوە، لە بریی ئەوە هانی خاوەنماڵیاندا وەک خەڵکی ئاوایی دەست بداتە کارێک. 

پارچە زەوییەکیان بۆ تەرخانکرد و یارمەتیاندا لە تۆوکردن و کێڵانی و کردیان بە گەنم، بەهیوای ئەوەی ئیدی ئەویش وەک عمومی گوندییەکەی بە کاری کشتوکاڵی ماڵ و منداڵی بژێنێت. ساڵ قاتی بوو بەروبوومی کشتوکاڵ پێگەیی و گەنمی تازە جووتیار قەفی چووە ئاسماندا. کاتی دروێنە و چنینەوەی بەرهەم هات، ئەوکات ئامێری کشتوکاڵی پێشکەوتوو پەیدا نەبوو بوو، خەڵکی بەدەست دروێنەیان دەکرد، دەبوو ئەمیش یان رۆژانە بچێتە یارمەتی دەرودراوسێ تا ئەوانیش بە هەرەوەزیی گەنمەکەی ئەمیش بدوورنەوە، یاخود دەبوو بە تەنیا شان بداتە بەر درەوکردنی گەنمەکەی. هەموو رۆژێ بەیانی زوو لەگەڵ ئەوەی ئەهلی ئاوایی دەچونە کار، ئەمیش داسی دەنایە سەرشانی و دەچووە دیار زوییە بەگەنم چێنراوەکەی و لە خەیاڵی خۆی دابەشی دەکرد ئەگەر هەر رۆژەی ئەوەندەی لێبدورێتەوە، ئاوا بە مانگێ تەواوی دەکاو وەک خەڵک دەبێتە خاوەن خەلە و خەرمان. دەگەڕاییەوە ماڵەوە بە ژن و مناڵەکانی دەوت هەموویم دیاریکردووە و بەوەندە رۆژ گشتی دەدوورمەوە و لە بەیانییەوە دەستپێدەکەم. بۆ سبەی بەهەمان شێوە دەچوووەوە دیار گەنمەکە و هەمان خەیاڵی چەند بارە دەکردەوە و بڕیاری دەدا لە بەیانییەوە دەست پێبکات. وردە وردە وەرزی دروێنە کۆتایی هات، ساڵ تێپەڕیی و بەرهەمەکەی هەڵوەڕیی و نەبووە خاوەن مەڵۆیەک گەنم.

جا حوکمڕانی کوردستانیش بە دەردی ئەم کابرایەی لێهاتووە. ئیدی چاوەڕێکردنی بۆ نانی ماڵە دراوسێ، بێشێوو هێشتووییەتییەوە و دەبێ خۆی هەوڵ بدات نانی میللەتەکەی پەیدا بکات، هەرچەند دەکات ناتوانێ دەست بەدروێنەکەی بکات. ئێستا و چەند جارێکی دیکەش لە رابردوودا کە تووشی قەیران هاتووین، لەکاتی هەموو ئەزمەکاندا بە دروستکردنی کۆمەڵێک هیواوە بەڵێنی چاکسازی داوە و ئەمڕۆی بە سبەی سپاردووە کە لێرەوە دەست بەچاکسازی دەکەم. چەند ساڵێک تێپەڕین بەپاساویی نەبوونی یاسای چاکسازی، لەکاتێکدا چاکسازی یاسای پێویست نییە، بەبڕیاری ئازایانە دەکرێت. بەڵام وەک کابرای گوند چۆن وەرزی دروێنە تێپەڕی و نەبووە خاوەن بەرهەمەکەی، لە کوردستانیش کاتێک دەزانن شتەکان لە دەست دەردەچن و کاتی چاکسازی نامێنێ و بە جارێ ماڵی کورد وێران دەبێت.

کوردستان تووشی قەیرانی قووڵی دارایی هاتووە، هۆکارەکانیش تەنیا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی نیین، بەڵکو بەشێکی زۆری قەیرانەکەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەهەدەردانەوە هەیە. ئەمەش بەشێکی لەناو مووچەی فەرمانبەراندا جێکراوەتەوە و بەشە زۆرەکەی بە هەدەردان لە شوێنی دیکەوەیە.

ئەوەی پەیوەندی بەو بەشەی ناو مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە، جیا لەوەی لیژنەکانی چاکسازی حکومەت دیاریانکردووە و پەیوەستیانکردووە بە رێژە و بڕیی تەرخانکراو بۆ خانەنشینانی پلەباڵاو وەک ناویان لێناوە نایاساییەکان. بەڵام ئەمەش لەناو ئەو بەشەی مووچە کەمینەیە بەبەراورد بەوەی لەناو ئەو دوو کەرتەی دیکەی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەکاندا هەن، ئەوەی پارتی و یەکێتی تەنانەت ئامادەنەبوون رێگە بدەن بایۆمەتریشیان بۆ بکرێت، چونکە بندیوار و بەهەدەردانەکان بەشی زۆری لەوێوە دەڕوات.

بۆیە دەستبردن بۆ چاکسازیش دەبێ ئازایانە دەستبردن بێت بۆ ئەو بەش و سێکتەرانەی زۆرترین بەهەدەردانەکانیان تێدایە.

کوردستان کێشەی لە دوو شت هەیە و دەبێ لەیەککاتدا هاوتەریب دەست بۆ هەردووکی بەرێت، داهات و خەرجی. ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت بەشی خەرجییەکانی ناکات. تەنها بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان ناتوانێت بەسەر قەیرانەکەدا سەرکەوێت، دەبێ هاوتەریب داهاتاکانیشی زیاد بکات.

لەدۆخێکی وەک ئێستا کە خەریکە قەیرانی دارایی، کەمبوونەوەی جووڵەی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت، دەبێتە دیاردەیەکی جیهانی، ئایا هەرێمی کوردستان بەچی دەتوانێ داهاتی زیاد بکات؟ بێگومان ئەمە پرسیارێکی دروستە، بەڵام کوردستان تایبەتمەندی ئەوەی هەیە لەم هەلومەرجەشدا داهاتەکانی زیاد بکات نەک کەمبێتەوە. ئەویش لەبەرئەوەی رێگەنی کۆکردنەوە و سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان، گەندەڵی و بەهەدەردانی زۆری تێدا دەکرێت، بە بڕیاردان لە رێکخستنەوەیان، لە گرتنی ئەو کون و کەلەبەرانەی پارەی تیا بەهەدەر دەچێت، داهات لە کوردستان زۆر زیاددەکات، زیاتر لەوەی مانگانە بۆ مووچە پێویستێتی.

حکومەت کە دەیەوێت دەست بەچاکسازی بکات دەبێت پێکەوە هەموو رێگەکان بگرێتەبەر، نابێت گوێی لەوەبێ کارێکی قورسە بەیەکجار لەهەموو کەرت و سێکتەرەکانەوە دەستپێبکات. خۆی ئەوە راستە کە کارێکی سەختە بتوانێت بەیەکجار دەست بۆ بەرژەوەندی هەموو باند و هێز و گرووپەکان بەرێت کە لەپشتی گەندەڵییەوەن، بەڵام ئەم رێگەیە ئاسانترە لەوەی وەک هەنگاوی سەرەتا لە مووچەخۆرانەوە دەستپێبکات. چونکە کەسێک بەهەر رێگەیەک سوودمەندبووبێت لەوەی مانگانە چەند سەت هەزار دینارێک لە حکومەت وەرگرێت، هەروا بەئاسانی قبووڵی ناکات ببینێت حکومەت ئەو چەند سەت هەزارەی ئەو دەبڕێت کە قووتی منداڵەکانێتی، بەڵام حکومەت دەست بۆ سەتان ملیۆن دۆلار نابات کە لە کەناڵی دیکەوە دەدزرێت.

بۆیە ئەگەر حکومەت باوەڕی بەوە هەیە کە چاکسازی لێدانە لە بەرژەوەندی. لە بەرژەوەندیدانی سەت کەس ئاسانترە وەک لە بەرژەوەندیدانی سەت هەزار کەس.لەبەر ئەوەی بەشی زۆری سەرچاوەی داهات لە هەرێمی کوردستان پشتی بە نەوت بەستووە، دەبێ بیر لەوەبکرێتەوە لەم کەرتەوە دەستپێبکرێت، ئەگینا هەرچی بکات دەبێتە پینە و پەڕۆ. 

بۆ ئەوەی داهاتی نەوت زیادبکرێت، پێویستە خەرجی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم بکرێتەوە. وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێکرد کە 40%ی دەبێتە داهات و شەستەکەی بۆ تێچوویی و فرۆشی دەڕوات.

لەناو ئەو بڕەیی بۆ کۆمپانیاکان و تێچوویی بەرهەم هێنان و فرۆشتی خەرج دەکرێت، بەشێوازی جیاجیا زیادەڕۆیی تێدادەکرێت و حکومەت دەتوانێت بەهەندێ بڕیاری ئازایانە خەرجییەکانی کەمبکاتەوە و داهاتەکانی پێزیادبکات.

یەکێک لەوانە تێچووی پاسەوانی و دابینکردنی پێداویستیی و کەرەسەی رۆژانەی کۆمپانیا نەوتییەکانە، لەبەرئەوەی لەداهاتی نەوت دەدرێتەوە نەک لەسەر حسابی کۆمپانیا، بۆیە زیادە مەسرەفییەکی بێ ئەندازە لێرەوە دەکرێت کە ئەویش لەڕێگەی کۆمپانیاکانی سیکویریتییەوە بۆ چەند دەسەڵاتدارێک دەڕوات. حکومەت زیاتر لە 100 هەزار پۆلیسی ناوخۆ و زێرەڤانی و پۆلیسی بەرگریی و فریاکەوتنی هەیە، ئەمە لە دەرەوەی ئاسایش و پێشمەرگە. چی لۆژیکێک رێگە بەوەدەدات مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لەم هێزانە خەرج بکرێت کە زۆرێکیان کراون بە پاسەوان و باخەوانی باخ و ڤێلای بەرپرسەکان، بەڵام کۆمپانیای سیکیوریتی ئەهلی پارێزگاری کۆمپانیا نەوتییەکان بکەن و لەوێش مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لەسەر حسابی داهاتی ئەم میللەتە بۆ کۆمپانیاکان بچێت. چاککردنی ئەمە یاسای ناوێ تەنها بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بەوەی حکومەت خۆی پاسەوانی کەرتی نەوت دەکات و ئەو گرێبەستانەی کۆمپانیا سیکیوریتییەکان هەڵوەشێنێتەوە سەتان ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

بوارێکی دیکە کە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و گەندەڵی و بە هەدەردانە، کەرتی تەندروستییە. باند و کۆمپانیاکانی هێنانی دەرمان، کە بووە بەپێداویستی رۆژانەی خەڵک. ئایا حکومەت ناتوانێت بەبڕیار ئەمە لەدەستی گرووپە مافیاییەکان دەربێنێ کە کەسوکار و دەستوپێوەندی دەسەڵاتدارەکانن و حکومەت خۆی بەڕێوەی بەرێت، کە لەلایەک رێ لە بەهەدەردان دەگرێ و دەشتوانێ بیکات بەسەرچاوەیەکی دیکەی داهات. رێکخستنەوەی گومرگ و کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان، رەنگە ئەم هەنگاوانە کەسانێکی کەم کە گرووپی خاوەن بەرژەوەندین زەرەرمەنبن، بەڵام حکومەت دەربازدەکەن لە کێشە و قەیرانی دارایی.
بەڵام حکومەت نەتوانێت دەست بۆ ئەمەیان بەرێ کە ئاسانترینیانە و بیەوێ لەدەستبردن بۆ قووتی زۆرینەی خەڵکەوە دەستپێبکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif