نە ئەمان بڕوادەكەن، نە ئەوان تێدەگەن

ليست هناك تعليقات


هیوا جەمال
-
بەشێکی زۆر لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی؛ وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان، تەنیا مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ (٢٠٢٠)یان وەرگرتووە، خۆپیشاندانیان کرد، مانیانگرت، ناڕەزاییان دەربڕی و بایکۆتیانکرد، لەبەرئەوەی پارەی کرێی خانوو، کڕینی پێداویستی سەرەتایی، شیری منداڵ و تەنانەت، هەیانە پارەی کڕینی نانی پێ نییە، لەهەمانکاتدا وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بڕیاریانداوە، هەرکەس دەمامک نەبەستێت ئەگەر شۆفێربێت ٥٠ هەزار دینار و ئەگەر لەسەر شەقام لەگەڵ کەسێکی دیکە ببینرێت و نەیپێوابێت کە مەترێک دوورن لە یەکەوە، پێنج هەزار دینار سزا دەدرێت.

نرخی یەک دەمامک لە هەرزانترین شوێن بە ٥٠٠ دینارە، هەروەها بۆ نەخۆشخانەکان، کە دەبێ دەمامکی ئێن ٩٥ بەکاربێنن بە ٩٠٠٠ هەزار دینارە ئەوانەی لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و سەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆنا كار دەكەن. هەروەها لەو نەخۆشخانانە زۆرترین ماوە بۆ بەکارهێنانی یەک دەمامک ٤ کاژێرە، واتە ئەگەر کارمەندێکی تەندروستی ٨ کاژێر لەدەوامبێت، دەبێت ١٨ هەزار دینار بۆهەر رۆژێک بداتە دەمامک، بۆئەوەی تووشی کۆرۆنا نەبێت.

هەندێ بە وردی لەو خەرجی و سزایەی سەرەوە بڕوانن، لەگەڵ ئەوەدا کە مووچەی نییە، پێتوایە دەبێ کارمەندەکە چی بکات؟ رێكارەكان زۆرباشن و لە زۆر وڵاتیش بەهەمانشێوە پەیڕەو دەكرێن، بەڵام زۆر وڵاتیش یارمەتی كرێكار و هەژارەكانیان دەدەن.

لێرەدا وەک نموونە کارمەندانی تەندروستیم باسکرووە، ئەگینا سەرجەم کارمەندان هەمان دۆخیان هەیە، بەتایبەت پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و ئەو کارمەندانەش كە لە شوێنە قەرەباڵخەکان دەوامدەکەن.

هەموو ئەمانە گوتراون و بیستراون، بەڵام بۆچی کەس تێناگات؟

چۆن بەشێكی هاونیشتیمانی بڕواناکات پارە نییە حکومەت بیداتە مووچە، ئاوا بەشێكی بەرپرسانیش تێناگەن هاونیشتیمانیان دۆخیان چۆنە. ئەم دوو نموونەیە بخوێنەوە.

هاونیشتیمانی هێشتا بە هەزاران لە بەرپرسان و دەسەڵاتداران دەبینێت، هیچ شوێنەوارێکی بێپارەییان پێوە دیارنییە، تەنانەت خەمی بێپارەیشیان بەرووخسارەوە نییە، تەماشای دوایین دیدار و کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی حکومی و حیزبی بکە، کەست بینی لەرووخساریدا بێتاقەتی هەبێت، ئەی ئەو رەنگوڕووە گەش و جوانانە دەبینیت؟ ئەو زەردەخەنە و پێکەنینە بۆچی هەمیشە ئامادەیە؟

ئەو وێنانەی دەیبینین وێنەی ئەوەیە هاونیشتیمانی بڕوا ناکات پارە نییە و دۆخی دارایی خراپە، بۆیە سەدان خەیاڵی دیکە دێت و دەچێت لە مێشکی هەرکەسێک تەنیا ئەوە نەبێت بڕوابکات پارە نییە.

لەهەمانکاتدا بەرپرسان و دەسەڵاتداران بڕوایان نییە کە خەڵک هێندە دۆخی خراپ بێت، کە خەڵک هێندە پێویستی بە مووچە و پارەبێت، لەنێو ماڵی خۆیان هیچ کەمی نەکردووە، میوانداری وەک جارانە، بیست ساڵە مەگەر لە سەرجادە تاکسیان بینیبێت، هەمووکاتێک سفرەکانیان بەجۆرەها خواردن پڕکراون، جلوبەرگیان دووبارە نییە، هەر پێوستییان بە مووچە نییە و چاوەڕێی ناکەن.

ئەم پرسیارانە بۆ بەرپرسانە، ئێوە هیچ کات چوونە مارکێت و منداڵەکەتان حەزی لە سێ جۆر میوەبێت، بەڵام پێێ بڵێیت ببوورە تەنیا یەک دانە دەکڕین، یان بپرسیت کیلۆی بەچەندە، جا گرانبێت و بە منداڵەکەت بڵێی رۆڵە گیان خۆش نییە، با شتێکی دیکە بكڕین، ئێوە هیچ کات منداڵەکەتان داوای سەندەویچی لێکردوون و بڵێن نانی ماڵ خۆشترە؟ هیچ کات گوتوویەتی حەزم لە پیتزایە و ئێوەش گوتبێتان رۆڵە با مووچە وەربگرم هەموومان دەچین پێكەوە دەیخۆین؟

ئاخر ئێوە هیچ کات چوونە بەردەم دووکانێک و حەزتان لە کاتژمێرێکی جوان کردبێت و نەتانتوانیبێت بیکڕن ، یان کراسێکتان بەدڵ بووبێت و لەبەر گرانی نەتانکڕیبێت؟ ئەوە ٢٠ ساڵە هیچ کات کراسێکی ٥٠٠٠ دیناریتان کڕیوە؟ لەبەردەم قەڵا یان مزگەوتی گەورە یان سیکا دهۆکێ گەڕاون بۆ کاڵای هەرزان؟

زۆربەتان دەزانن، کێشە هەیە، هەژاری هەیە، بێمووچەیی هەیە، بەڵام تێناگەن، چونکە نەتاندیوە، یان بیرتان چووەتەوە.

هەرلەبەرئەوەیە نە هاونیشتمانی بڕوا دەکات پارە نییە و نە ئێوە تێدەگەن بێ پارەیی چییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif