تەوقە

ليست هناك تعليقات


ماردین عبدلكریم
-
مەبەستم لە تەوقەی قژی كچان نییە، مەبەستم تەوقەكردنی نێوان دوو كەسە، لەم رۆژانی سەردەمی كۆرۆنایەدا لە دەرگای هەرباس و بابەتێ بدەیت، دێوەزمەی ئەم پەتای جیهانییە دەتباتەوە بۆ لای خۆی.
لە زمانی كوردیدا وەك هەر زمانێكی دی سەدان وشەمان هەیە كە لە ریزبەندیی پیتەكانی و فۆنەتیكی خوێندنەوەیدا هەمان ریتمیان هەیە، بەڵام لە ئاخاوتندا بە دوو مانای جیاواز دێن، ئەمەش لە رەوانبێژیدا پێیدەوترێ رەگەزدۆزی. راستتریش رەگەزدۆزی تەواو، واتە بە هەر كیژێك بڵێیت تەوقەیەكم بدەرێ، لێت تێدەگات و كارەكەت مەیسەر دەبێ.

هەمان وشە كە مەبەستی وتارەكەمە، بەڵام لە سیغەی كرداردا (تەوقەكردن)ە، كە مەبەست لێی ئەتەكێتی سڵاوكردنە كاتێ دوو كەس بە یەكتری دەگەن و ئەمڕۆ كۆرۆنا پێی دەڵێ بڤەیە.
كۆرۆنا ئەو پەتا جیهانییەی هەموو گەردوونی بە چۆكدا هێناوە و هەرەسی بە ئابووری جیهان هێنا، بە جۆرێك دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی كۆمپانیا زەبەلاح و مامناوەندە جیهانی و نێوخۆییەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری بۆ ئاستێكی بەرچاو و داخستنی سنوور و فڕۆكەخانەكان بە رووی یەكدا، نموونەن بۆ ئەم چۆكدادانە.

هەروەها لە رووی دەروونییەوە، كۆی دانیشتووانی جیهانی هاوخەم كردووە و بێزاری و بێهیوایی و خۆبەندكردن لە كونجی ماڵەكان و مەرگی ناسیا و نەناسیاوەكان هەرەسی بە رۆحی تاكەكان هێناوە، بە تایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە، پەیوەندییەكانی سنووردار كردووە، گردبوونەوەكان شادی بن یان خەم، قەدەغەن و لە دوورەوە سڵاوكردن ومۆدێلی دەستخستنە سەر بەشی چەپی سنگ، لە بری تەوقەكردن دەبێت ببێتە باو.

هەر بۆیە پێم خۆشبوو بۆ ئەمجارەی گۆشەكەم لە بارەی ئەتەكێتی تەوقەكردن بدوێم، كە شارەزایانی ئەو بوارە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە لێكۆڵینەوەی جۆراوجۆری لەسەر دەكەن.
تەوقەكردن هونەری مامەڵەكردنە لەگەڵ ئەوانی تردا، كە لەوانەیە لەو یەكەم سڵاوكردنەدا روانگەی جۆراوجۆر لە لای یەكتر بەجێبهێڵن. یان دەتوانین بڵێین تەوقەكردن وەك بلیتی چوونە نێودڵی بەرانبەرە و لەوانەشە پێچەوانەكەی بێت.

لە نێوان سیاسییەكاندا، كاتێ بە نموونە سەرۆكی وڵاتێ دەیەوێ لە كاتی تەوقەدا هێزی خۆی بەسەر هاوتاكەیدا بسەپێنێت و ئەمەش پیشانی هەموو جیهان بدات، دەبێ دەستی لەسەر و دەستی ئەوەوە بێت لە بەرانبەر چاوی كامێراكاندا. بۆ ئەمەش هەوڵدەدات هەمیشە لای چەپی هاوتاكەی بگرێ، تا هێزی دەستی بەسەر هێزی دەستی ئەویتردا زاڵبێت.

كاتێكیش سەرۆكی وڵاتێ یان هەر سیاسییەك لەگەڵ تەوقەكردندا ئەكێشێ بە شانی سەرۆكێكی تردا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێی دەڵێ من بەهێزترم، زۆرجار ئەویش وەك وەڵامێكی خێرا، لەبەردەم كامێرای میدیا جیهانییەكاندا دەكێشێتەوە بەشانیدا، تا پێی بڵێ ئێمە یەكسانین. ئەمەشمان لە رابردوودا لە بوشی كوڕ و ڤلادمیر پوتین بینیوە.

سەبارەت بە ژنانیش، پسپۆڕانی ئەم بوارە دەڵێن كە ژن تەنها لەو كاتەدا دەبێ بۆ تەوقەكردن لەبەر پیاو هەستێ كە پلەی وەزیفی یان سیاسی لە خۆی بەرزتربێ، هاوكات تەوقەكردن بە سەری پەنجە لەگەڵیان نەشیاوە و ئەم جۆرە تەوقەكردنە تەنیا دەبێ لەگەڵ خانمی یەكەم بكرێ، ئەویش گەر كەلتووری ئەو وڵاتە رێگە بدات لەگەڵ تەوقەدا دەستی ئەو خانمە ماچ بكەیت.

لە تەوقەكردن لە نێوان ژن و پیاودا، پێویستە ژن لە دەستهێناندا دەستپێشخەر بێت، ئەمەش ئاشكرای دەكات كە تۆ ژنێكی تەوقە دەكەیت و نابیتە هۆی شەرمەزاركردنی بەرانبەرەكەت، وەك لە زۆر بۆنەدا لە كەسێكی ئیسلامی بەرانبەر كەسێكی عەلمانی بینیومانە.

كەواتە گەر نییەتت نەبوو تەوقە بكەیت، پیاو بیت یان ژن، دەبێ تەوقەی مۆدێلی سەردەمی كۆرۆنا بكەیت و هەر زوو دەستت لەسەر لای چەپی سنگت دابنێیت.

هەروەها دەستگوشین لە تەوقەكردندا، لە سیاسەتدا مانای من بەهێزترم و لە پیاوەوە بۆ ژن مانای سەرسامییە و لە نێوان هاوڕێكاندا بەمانای موحیبەت دێ.

ماوەی مانەوەی دەست لە ناو دەستیش دەبێ زۆر كەم بێت، هەندێجار بەرانبەر چیرۆكێك دەگێڕێتەوە و ئامادەش نییە دەستی بەرانبەر بەربدات.

چیرۆكەكانی تەوقەكردن زۆرن، كوردیش لەبارەی ئەتەكێتەوە لاوازە، كۆرۆناش دەڵێ یەكەم هۆكاری راكێشانی منە بۆ لای خۆت، بەڵام هێشتا سەرباری ئەوەی ئامادەنین كەرەنتین بین، لای هەندێ تەوقەكردن هەر ماوە، لەگەڵ ئەوەی سڵاوەكانیش لە دڵەوە نین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif