موئمین زەڵمی
-
پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرنا هیچ نیە! ئێمە بەردین، بەرد کوا توشی نەخۆشی دەبێت، بەرد رەقە، کەی پێویستی بە خۆپارێزی هەیە، بەردتان بینیوە دەمامکی بەستبێ و دەستکێشی لە دەست بێ.
بەرد هەر بۆ شەڕ باشە، شەڕی قەوچەقانی و پەڕوینە، شەڕی گەڕەکاو گەڕەک، شەڕی دوو گوند، شەڕی دوو مەنتیقە، شەڕ لەسەر باڵەخانەکان و شەڕ لەسەر چاڵەکان و شەڕ لەسەر مزگەوتەکان و کەنیسە و تێمپڵەکان.
ئێمە بەردین، بەرد هەر بۆ وێرانکاری باشە، بەرد کوا ئەقڵی پێ دەشکێ، بەرد کوا هەستی دەجوڵێ، بەرد کوا دەگری، کوا خۆشەویستی دەزانێ، ئەو هەموو تەرمە دەکەون، ئەو هەموو گۆڕە پڕ دەکرێنەوە، بەرد کوا دەچێتە پرسە؟ بەرد خۆی بەڵایە، کوا بەڵا دەیگرێتەوە، تا پابەندی هیچ رەزمێک و هیچ بڕیارێک ببێ!
ئێمە زووتر توش بووین، پێش کۆرۆنا، حەر زۆر پێشتر، کاتێ جەنگ دابەشی کردین، کاتێ پەڕۆکانی تەوێڵمان لە جیاتی سەرسوکی توشی سەرئێشەیان کردین.
ئەو رۆژە توشبووین کە فەیس بووک هات، کاتێ رووە راستەقینەکان شاردرانەوە، ئێمە پێشتر ماسکمان بەست بەڵام نەک بۆ خۆپارێزێ بەڵکو بۆ ناوچاودێزی، ناوچاوی هەرکەس راستییەکی تیابوو، ئێستا کەس کەس ناناسێتەوە، فەیس بووک فێری درۆ و ساختەچیەتی و فێری قوڕبەسەری کردین، فێری کردین هەموو شت بین و خۆمان نەبین.
دینداریمان کرد بە ریا، سیاسەتمان کرد بە بەڵا، پەروەردەمان هەر بە زیندووی لە گۆڕنا، ئێمە زۆر دەمێکە تووشبووین، لەم فەیس بووکستانە کەس وەک خۆی ناناسیتەوە، نە باشییەکانمان و نە دڵخۆشییەکان و نە رەحمینیەکان، هەموویان پێچرانەوە، ئاخر تۆ شانزە ساڵە ماسکت بەستووە، ناوچاوت داپۆشیوە، دەم و لووت گرتووە، هیچ ... هیچ شتێکت لە خۆت ناچێ، ئێستا چ پێویستت بە ماسکی خۆپارێزی کۆرۆنایە؟
تۆ ماسکەکەی خۆت فرێدە، لە درۆزنی وساختەچییەتی و فێڵ بازی و شەڕەحزب و خۆخۆری و چەتونی و چاوچنۆکی و چاوبرسییەتی و رەزیلی و خەسیسی خۆت داماڵە، میلەت لە دەم و زمانت پارێزراو دەبن.
کاتێ تۆ خۆت کۆرۆنای گیانی میللەتی، کۆرۆنای سیاسەت و بازرگانی و کەسابەتی، چیت داوە لە خەڵک خەڵەتاندن!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق