د.ئەیوب سابیر گڵاڵی
-
بابه‌تى ئاسایشى ئاو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ئه‌منی قه‌ومی هه‌ر وڵاتێكه كه ئه‌مڕۆ له جیهاندا پانتاییه‌كى فراوان و بایه‌خێكى تایبه‌تى له لایه‌ن سه‌رجه‌م وڵاتانه‌وه پێده‌درێت و بووه‌ته خاڵى بنه‌ڕه‌تی كرداره سیاسییه‌كانیش، ته‌نانه‌ت ئاسایشی ئاو له رووى ستراتیژه‌وه مه‌وداو بازنه‌كانى ئه‌منی قه‌ومیش فه‌راهه‌م ده‌كات كه ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی له ئاسایشى (سه‌ربازى، ئابوورى، ژینگه‌ى، دانیشتووان، خۆراك، كولتوورى، ئایدۆلۆژیا) بنه‌ماو پێكهاته سهرهكییهكانییهتی .
ساده‌ترین پێناسه‌ی ئاسایشى ئاو بریتییه له تواناى یا خود هه‌وڵدان بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ئاو بۆ هه‌ر تاكێك به مه‌به‌ستى به ده‌نگه‌وه هاتن و به‌جێهێنانى پێداویستییه زینده‌گى و ئابوورییه‌كان به پێى پێویستى و له‌كاتى گونجاو‌دا به كوالیتییه‌كی به‌رز كه هیچ كاریگه‌رییه‌ك له سیسته‌مى ئاوى و ژینگه‌ى هه‌بوو نه‌كات.
له ڕووى تێڕوانین و تێگه‌یشتنى ته‌واو بۆ چه‌مكى ئاسایشى ئاویش ده‌بینین په‌یوه‌سته به چه‌مكى باڵانسى خودى ئاوه‌وه، بۆیه ئاسایشى ئاو شێوازێكى جێگیرى سه‌رچاوه‌كانى ئاوه كه پێویست به دڵنیابوونی ده‌كات ده‌رباره‌یه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خستنه ڕووى ئاوه به‌رامبه‌ر داواكارى له سه‌رى، له‌و كاته‌دا ئه‌و خستنه‌ڕووى ئاوه ناتوانێت داواكاریه‌كه جێبه‌جێبكات ئه‌وا ئاسایشى ئاو كه‌م ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه هه‌ركاتێك خستنه‌ڕووى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له داواكارى زیاتر بێت ئه‌وا ئاستى ئاسایشى ئاو به‌رز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه ژینگه‌ى ئاسایشى ئاو له هه‌ر وڵاتێك و له كاتێكى دیاریكراودا به‌نده به باڵانسى ئاوى ئه‌و وڵاته‌و هاوكات ره‌نگدانه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌رى، بۆیه چه‌مكى ئاسایشى ئاو له‌م ڕووه‌وه به چه‌مكێكى ڕێژه‌یى داده‌نرێت ، له لایه‌كى دیكه‌وه هه‌ندێكى تر واى بۆ ده‌چن كه ئاسایشى ئاو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى و سامانه‌كانى ئاوى هه‌ر ناوچه‌یه‌كه له ئێستا‌و داهاتوودا له‌گه‌ڵ ئاگاداربوون له‌و گۆڕانكاریانه‌ى كه له ناوچه‌كه و له‌نێو وڵاتاندا ڕوو ده‌ده‌ن.
ئه‌و پرسیاره‌ی كه پێویسته بكرێت ئه‌وه‌یه، ئایا ئێمه‌ى كورد تا چه‌ند توانیومانه كار بۆ پاراستنی ئاسایشى ئاوى هه‌رێمى كوردستان وه‌كو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی پاراستنی ئه‌منی قه‌ومیمان بكه‌ین ؟ ئایا كوردستان سه‌رچاوه‌ی ئاسایشی ئاوه بۆ عێراقیش ؟ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى كه ڕووبه‌ڕووى ئاسایشى ئاوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه چین؟
هه‌ر كاتێك بمانه‌وێت له مه‌وداو سه‌نگ و روانینی ته‌واوی ئاسایشی ئاوی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ین ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌م سێ پرسیاره بده‌ینه‌وه :
یه‌كه‌م: ئایا پرسى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاوی هه‌رێم به شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام و لێهاتووانه به‌ڕێوه ده‌بردرێت؟
دووه‌م: ئایا خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئاو له هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى سیسته‌ماتیك و زانستى و ئابووریانه پێشكه‌ش ده‌كرێت؟
سێیه‌م: ئایا نه‌هێشتنى ئاسه‌وارى مه‌ترسییه‌كانى په‌یوه‌ست به ئاوی هه‌رێم وه‌كو پێویست زانراون؟
ئه‌گه‌ر راستگۆیانه‌و به‌بێ زێده رۆیی و زاڵبوونی سۆز وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه ده‌بێ بڵێین نه‌خێر، چونكه :
یه‌كه‌م: سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم تاوه‌كو ئێستا تێكه‌ڵییه‌ك له خودی ئه‌و ئیدارهدانهدا هه‌یه كه له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵدا دابه‌شكراوه، دیاره ئه‌مه‌ش به‌پێی بوونی یاسا ئه‌نجامدراوه كه له پێكهاته‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه ، بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌و به‌ڕێوه‌بردنه له چوارچێوه‌ی لایه‌نێكی دیاریكراودا بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌مان كات ئه‌و لایه‌نه ئه‌رك و پهرپرسیارییهتیش هه‌ڵبگرێت .
هۆكاره‌كان زۆرن له‌وانه تاوه‌كو ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا یاسایه‌كی گشتگیر سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو بوونی نییه كه كارى پێبكرێت و ئه‌م سێكته‌ره گرنگه‌ى پێ ڕێكبخرێت، به‌داخه‌وه له ساڵى 2014 وه تاوه‌كو ئێستا له په‌رله‌مانى كوردستان پڕۆژه یاسایه‌ك له‌لایه‌ن 10 په‌رله‌مانتاره‌وه به ناوى (پڕۆژه یاسایى به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنى ئاو له هه‌رێمى كوردستان عێراق) پێشكه‌شكراوه تاوه‌كو ئێستا هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كى بۆ نه‌كراوه ، ته‌نانه‌ت عێراقیش وه‌كو وڵات یاسایه‌كى له‌و جۆره‌ى نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌بێت نیزامێكه كه له ساڵى 2001 وه ده‌رچووه به‌ناوى (نڤام الحفاڤ على الموارد المائیه) (نیزامى پاراستنى سه‌رچاوه ئاوییه‌كان).
له‌گه‌ڵ بوونی كۆمه‌ڵێك تێبینی له‌سه‌ر پڕۆژه یاساكه ، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بگوترێت كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی زۆرێك له‌و ڕێگا و به‌ربه‌ستانه‌ى تیادا هاتوه كه فاكته‌رى گرنگن بۆ پاراستنى ئه‌م سه‌رچاوه سروشتییه نرخداره ، له وانه‌ش ده‌رهێنان و به‌كارهێنانى ئاو ، ده‌رهێنانى ئاوى ژێرزه‌وى ، كرێ و تاریفه‌ى وه‌رگیرا و له‌بڕى ئاوى به‌كارهاتوو، پیسبوونى ئاو، پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی به‌كارهاتوو ( قورس و سوك) ، ده‌سته‌به‌ركردن و دابینكردنى ئاوى ته‌ندروست بۆ هاوڵاتیان، خه‌ملاندنى ئه‌و ڕێژه ئاوه‌ی كه هه‌رێمى كوردستان له میانه‌ى ستراتیژییه‌تى نیشتیمانى له داهاتوودا پێویستى پێ ده‌بێت بۆ دابینكردنى .. هتد .
بۆیه پێویسته هه‌رچی زووه خێرایی بكرێت له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه یاسایه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو لایه‌نێكی ته‌شریعی پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له هه‌رێم به‌رجه‌سته بێت و ببێته به‌ربه‌ستێكی پته‌و بۆ رێگه گرتن له به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و سامانه سروشتییه گرانبه‌هایه و پاراستنی.
دووه‌م : ئامانجی شه‌شه‌م له ئامانجه‌كانی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام Sustainable Development Goals ی 2030 كه به SDG6 ناو ده‌برێت جه‌خت له (دڵنیایى فه‌راهه‌م بوونى ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست و بۆ هه‌موان و به‌ڕێوه‌بردنێكى به‌رده‌وام) ده‌كاته‌وه، كه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى ئاو ده‌گرێته خۆى به ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و لایه‌نى ئابووریشه‌وه ، له‌وانه‌ش چۆنیه‌تى گه‌یشتن به ئاوى خواردنه‌وه، ئاوی ئاوه‌ڕۆكان و ته‌ندروستى پێویست و دادوه‌رانه بۆ هه‌موان، باشتركردنى جۆرى ئاو له ڕێگاى كه‌مكردنه‌وه‌ى پیسبوون، چه‌ندییه‌تى ئاو‌و زیادكردنى بڕه‌كه‌ى و به‌كارهێنانى له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان به‌تایبه‌تى له بوارى كشتوكاڵدا ، به‌ڕێوه‌بردنێكی گشتگیر بۆ سه‌رچاوه ئاوییه‌كان كه ئامانج لێى جێبه‌جێكردنه له سه‌رجه‌م ئاسته‌كان به هاوكاریكردن له نێوان سنوورهكانیشهوه، په‌ره‌پێدانی سیسته‌مى ژینگهزانى (ئایكۆلۆجى) سه‌باره‌ت به پاراستن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى سیسته‌مه‌كه كه په‌یوه‌ندى به ئاو و چیا‌و دارستان و زه‌وى شێ‌دار و ڕووباره‌كان و ئاوى ژێرزه‌وى و دهریاچهكانیش هه‌یه ، جه‌خت كردنه‌وه له‌سه‌ر هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى كه پێویستى به زیاتر یارمه‌تى و پاڵپشتی ماددی هه‌یه بۆ به جێگه‌یاندنى ئه‌و ئامانجه، هه‌روه‌ها به‌شدارى گشتى كه بابه‌تێكى ئێجگار گرنگه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو.
له‌م روانگه‌یه‌وه زۆر گرنگه ئه‌وه بزانین كه ئایا ستراتیژیه‌تی ئاوی هه‌رێم له‌كوێی ئه‌م ئامانجانه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا یه ؟ ئایا سیاسه‌تی ئاوی هه‌رێم توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامانجانه هاوته‌ریب هه‌نگاو بنێت و( احتواو) ده‌وریان بدات ؟
ئه‌وه‌ی ده بینرێت تاوه‌كو ئێستا و به‌سه‌ر چونی زیاتر له 5 ساڵ له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی 2030 كه له‌ساڵی 2015 ه‌وه له‌لایه‌ن 190 وڵاتی ئه‌ندام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان په‌سه‌ند كراوه ، هه‌نگاوی زۆر سه‌ره‌تایی و له‌سه‌ره خۆن، پێویسته بۆ جێبه‌جێكردنی خشته‌و پلان و چوارچێوهیكى كاری زانستیانه‌ی بۆ دابنرێت و به‌رده‌وامیش پێداچونه‌وه به ئاماژه‌كانی بكرێت و خاڵی لاواز‌و به‌هێزی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ش دیاریبكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی كه بۆَ جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی SDG ماوه كه 10 ساڵه، هه‌رێمی كوردستان بتوانێت وه كو قه‌واره‌یه‌كی دیفاكتۆ له‌ناوچه‌كه‌دا له رووی گه‌شه‌پێدانه‌وه به‌گشتی و گه‌شه‌پێدانی بواری ئاو به‌تایبه‌تی بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و ركابه‌ری خه‌ڵكانی تر بكات .
سێیه‌م: له رووی نه‌هێشتنی ئاسه‌وارى مه‌ترسییه‌كانى په‌یوه‌ست به ئاوی هه‌رێم ، ئه‌وا په‌یوه‌ندی به هه‌ردوو خاڵی سه‌ره‌وه هه‌یه له‌رووی جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام گرنگترین مه‌ترسی كه له ده‌ساڵی داهاتوودا وه‌كو هه‌ره‌شه‌یه‌كی جدی روو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات مه‌سه‌له‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌گمه‌نبوونی ئاو Scarcity و قه‌یرانی ئاوه Water Crisis ، ئه‌ویش به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری ئایكۆلۆجی وه‌كو سه‌رهه‌ڵدانی وشكه‌ساڵی له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها فاكته‌ره ده‌ره‌كی و ئیقلیمییه‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه به‌تایبه‌تی هه‌ردوو وڵاتی توركیا‌و ئێران به‌هۆی دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه ئاویانه‌ی كه‌دێنه ناوه‌وه‌ی هه‌رێم دروستیان كردون ده‌بنه هۆكارێكی گرنگ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی هه‌رێم به‌تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی ، وێرای دیارده‌ی پیسبوون و بهبیایانبوونیش.
ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی بوونی ئه‌و سێ به‌نداوه‌ی كه هه‌ن ( دۆكان، ده‌ربه‌ندیخان ، دهۆك) له گه‌ڵ ئه‌و 14 به‌نداوه بچوكه‌ی كه له‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان دروستكراون ده‌توانرێت نزیكه‌ی 10 ملیار/م3 ئاو كۆگا بكرێت و گلبدرێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا پێویستی دانیشتوانی هه‌رێم ته‌نیا بۆ ئاوی خواردنه‌وه ساڵانه نزیكه‌ی 2 ملیار /م3 ده‌بێت ، ئه‌گه‌رچی له ئێستا دا سه‌باره‌ت به قه‌یرانی ئاو مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆ له ئارا دانیه ، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات و له 10 ساڵی داهاتوودا به هۆی زۆربوونی رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم كه‌وا مه‌زه‌نده ده‌كرێت بگاته نزیكه‌ی 7,500,000 حه‌فت ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ، له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخی ئاو‌و هه‌وا له جیهاندا داخوازییه‌كانی سه‌ر ئاو له هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك زیاد ده‌بن كه چه‌ندین هێنده ده‌بن، بۆیه پێویسته هه‌ر له ئێستاوه په‌له بكرێت له دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له پلانی ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێمدان كه خۆی له 249 به‌نداو ده‌بینێته‌وه ، ئه‌ویش تاوه‌كو بتوانین رێژهیهیكی زۆر له ئاو گلبدهینهوهو كوردستان ببێته ئهمبارێكی گه‌وره‌ی ئاو‌و له‌و مه‌ترسیه رزگارمان بێت .
جێگای ئاماژه پێكردنه له‌م دواییه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی بودجه‌یه‌كی 34 ملیار دیناری بۆ ته‌واو كردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له ژێر كاركردندان ته‌رخانكردوه ، دیاره ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی گرنگه بۆ به‌ره‌و پێشچوونی ئه‌و سێكته‌ره و په‌ره‌پێدانی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له هه‌رێمی كوردستاندا.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و پێشبینیانه‌ی له‌باره‌ی داهاتوی ئاوه‌وه هه‌ن ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه سه‌ده‌ی ئێستامان سه‌ده‌ی قه‌یرانی ئاو ده‌بێت و له 10 ساڵی داهاتودا ئاست و كاریگه‌ری ئه قه‌یرانه به‌هۆی فاكته‌ره سروشتی و ژینگه‌یی و سیاسیه‌كان زۆربه‌ی وڵاتان ده‌گرێته‌وه به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه زۆرترین كێشه‌و ململانێ له‌خۆوه ده‌گرێت، شه‌ڕێكی چاوه‌ڕوانكراو كه بێگومان شه‌ڕی ئاوه ناوچه‌كه به‌گشتی ده‌گرێته‌وه بۆیه پێویسته هه‌ر له ئێستاوه بابه‌تی ئاسایشی ئاوی هه‌رێمی كوردستان كه ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی ئه‌منی قهومیمانهو ته‌نانه‌ت بووه‌ته خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئاسایشی جیهان و رۆژ له‌دوای رۆژیش زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆز بوون ده‌چێت له هه‌ره پێشترین پلانی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان دابنرێت و سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی پته‌و كردنی ژێرخانی ئابووری فه‌راهه‌م بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی ئاوی هه‌رێمی كوردستانی پێ بپارێزین.چۆنی
*دكتورا له به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق