تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێزی بردووەتە چیای خامتیر لە زاخۆ

ليست هناك تعليقات



سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێزی سەربازیی بردووەتە چیای خامتیر لە سنووری قەزای زاخۆ، کە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە خاڵێکی پاسەوانی سنوورەوە دوورە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزەکان لە کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ چیاکە گواستراونەتەوە و ئەو شوێنەی سەربازانی تورکیا تێیدا دابەزیون پێنج کیلۆمەتر لە گوندی شەرانش-ی ناحیەی دەرکاری زاخۆوە دوورە، کە خاڵێکی پاسەوانی سنووری تێدایە.

زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار ڕایگەیاند: ئێوارەی رۆژی هەینی 26-6-2020، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێزی سەربازیی لە چیای خامتیر دابەزاندووە، کە نزیکە لە خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی لە گوندی شەرانش "ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دروستکردووە".

چیای خامتیر لە ناحیەی دەرکارە کە سەر بە قەزای زاخۆیە، چیاکە پێنج کیلۆمەتر لە گوندە ئاوەدانەکانی ناحیەکەوە دوورە.

بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی جێگیربوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە چیای خامتیر و تۆپباران و بۆردوومانی بەردەوامیش لە ناوچەکە لە چەند رۆژی رابردوودا، "دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکی 30 گوندی ناوچەکە دروستکردووە کە 13 هەزار کەس تێیدا دەژین، هەروەها 27 هەزار پەنابەر کە لە سێ کەمپی جیاجیا لەو سنوورەدا نیشتەجێن".

هاوکات دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ، بە رووداوی راگەیاند، بەھۆی بۆردوومانی بەردەوامەوە، زیانی ماددی بە 12 گوندی ناحیەی باتیفا گەیشتووە و گوندێک بەتەواوی چوڵکراوە و سێ گوندی دیکەش مەترسیی چوڵکردنیان لەسەرە "بەھۆی بۆردوومانەکانەوە ترس بۆ نزیکەی 10 ھەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە دروستبووە".

رۆژی 15ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند و دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی "چڕنووکی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین دەستپێکرد.

لە رۆژی 10-6-2020 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری شیلادزێ و کانی ماسێ، پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە 25-6-2020 بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر سەیرانگەی کونەماسی، قایمقامی شارباژێڕ رایگەیاند "چەکدارێک" کوژراوە و شەش هاونیشتمانیش برینداربوون.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif