برسێتی هەڕەشە لە 265 ملیۆن کەس دەکات

ليست هناك تعليقات


پرۆگرامی جیهانی خۆراک کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند پەتای کۆرۆنا دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی لە جیهان و بەهۆیەوە 265 ملیۆن کەس لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڕەشەی برسێتییان لەسەر دەبێ.

دەیڤید بیزلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی جیهانی خۆراک، ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "بەبێ هاوکاری پرۆگرامی جیهانی خۆراک رەنگە بەدرێژایی سێ مانگی داهاتوو رۆژانە 300 هەزار کەس لەو 265 ملیۆن کەسە گیان لەدەست بدەن، 30 ملیۆن لەوانە ئێستا بە دەست برسێتی دەناڵێنن و لە یەمەن، کۆنگۆی دیموکراسی، باشووری سوودان و سووریادا دەژین".

دەیڤید بیزلی راشیگەیاند: "هێشتا یەمەن گەورەترین قەیرانی مرۆییە لە جیهان، چونکە زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لەو وڵاتە، واتا 80%ی دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنە لە برسێتی، لەکاتێکدا پرۆگرامی جیهانی خۆراک مانگانە خۆراک پێشکەشی 12 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە یەمەن دەکات، ئەمەش گەورەترین پرۆسەیە کە پرۆگرامەکە لە جیهان جێبەجێی دەکات".

بەڕێوەبەری پرۆگرامی جیهانی خۆراک هەروەها دەڵێت: "پرۆگرامی جیهانی خۆراک پێویستی بە 1.9 ملیار دۆلارە بۆ پێشوەختە کڕینی پێداویستییەکان و کۆگاکردنیان بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی لە ئاستی جیهاندا، چونکە ئێستا لە هەر 9 کەس لە جیهان یەکێکیان خۆراکی پێویستی خۆی دەستناکەوێ".

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا، تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن و 200 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، زیاتر لە 370 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە مردوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif