شۆڕش یان قەیرانی سیاسی لە عێراق

ليست هناك تعليقات



ڕیچارد هووکەر
-
بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، زانکۆی بەرگریی نیشتمانی
-
دوای داگیرکردنی سەربازیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و سڕینەوەی سەددام حوسێن بە ھاوکاریی ستراتیجناسانی ئێمە، ھەوڵی داڕشتنی ڕەشنووسی دەستووری عێراقمان دا تا بەھۆیەوە بتوانین حکوومەتێکی نێوخۆیی دابمەزرێنین، کۆشاین بە دەستی گەلی عێراق و حکوومەتە نێوخۆییەکە خزمەت و یارمەتیی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەین. بەڵام بە پەشیمانییەکی زۆرەوە دەبێت ددان بەوەدا بنێین کە بیروڕای شارەزایانی سیاسی، کە دەیانوت جەنگی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و بەزاندن و قڵپکردنەوەی سەددام حوسێن وادەکات عێراق ڕادەستی شیعەکان و ئێران ببێ، ڕاست دەرچوو.

ئەمڕۆ، تەکنەلۆجیا و فەزای ھێرشی ئەلیکترۆنی وەک چەکێک کاریگەریی خستووەتەسەر ھاوکێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. سۆشیاڵ میدیا، کەسانی بەناوبانگ و ئینتەرنێت یارمەتییان داوین لەم چەند مانگەی دواییدا شۆڕشێکی فەیسبوکی/واتساپی لە عێراق ڕێکبخەین؛ ئەم شۆڕشە ھەتا ئێستا لە ھەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر خزمەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکای کردووە.

شۆڕش لە عێراق حکوومەتی شیعەی، کە ھەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندییە نیشمانییەکانی ئەمریکا، خستووەتە سەر لێواری داڕمان. نائومێدانە، پەککەوتانە، ناسەقامگیریی دەوڵەتمەداری و سیاسی لە ئێستادا بە عێراقدا بڵاوبووەتەوە. زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە ڕێگری بکەین لە دووبارەدامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی شیعی کە دژی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکایە لە عێراق؛ ھەروەھا لە ئێستادا پشێویی سیاسیی سەرانسەری وڵاتی گرتووەتەوە.

ئەزموون پێشانی داوین کە دەستووری عێراق خزمەت و یارمەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکات. لەپێناو بەدەستھێنانی ئامانجەکانمان، ناچارین گرووپە شیعییەکان لە ھاوکێشە سەرەکییەکانی عێراق و ناوچەکە بسڕینەوە و ڕێگەیان پێ نەدەین لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵ بگێڕن. چەکەکانی گرووپە شیعییەکان ھەڕەشەیەکی جددین بۆ ئەمریکا و تەواوی گەلانی عێراق. بە گۆڕینی ئەو سیستمەی ئێستا ھەیە و بنیاتنانی سترەکچەری نوێ دەبێت ئامانجەکانی داگیرکردنی سەربازیی عێراقی ٢٠٠٣ بەدەستبھێنینەوە.

دوێنێ، تەلەفۆنم لەگەڵ یاریدەدەری پێشووی وەزارەتی بەرگری بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆبەرت کەریم، کرد. کەریم مکووڕ لەسەر ئەوەی: "ئێمە لە چاو دە ساڵ پێش ئێستا دەستێکی باڵاترمان لە عێراقدا ھەیە. بەرھەم ساڵح بە بەرەنگاربوونەی ڕاسپاردن و ناونانی سەرۆکوەزیران و ڕێگریکردن لە ھێنانەدی دەسەڵاتی یاسا لە عێراق، خزمەتێکی مەزنی بەرژوەندییەکانی ئەمریکای کردووە. ھەمیشە وتوومە کە گەلی کورد و توانا و خواستەکانیان، قووڵایی ستراتیجیی ئەمریکایە لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەمڕۆ، عێراق بەتەواوی ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی سەلامەت و سەقامگیر و متمانەپێکراو بۆ ئەمریکا، ئەگەر کودەتایەکی سەربازی ڕووی بدایە. حکوومەتی داھاتووی عێراق دەبێت لە دەرەوەی سترەکچەرە ھەنووکەییەکان پێکبھێنرێت و ئەوەش ئامۆژگاریی جددی منە بۆ پنتاگۆن و ڕاوێژکارەکانی سەرۆک ترەمپ".

گۆڕانکارییەکانی عێراق لە ڕۆژانی داھاتوودا ئێجگار ھەستیار و یەکلاکەرەوە دەبن. ئاکامی قەیرانەکە ھەرچییەک بێت، بەلای کەمەوە دەیەیەک دەخایەنێت. بە بیروڕای من، قەیرانی سیاسیی لە عێراق ھەلێکی زێڕینە کە پێویستە بگۆڕدرێت بە شۆڕشێکی تەواوەتی وەھا کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا بکات. ڕوون نییە داخۆ لە دە ساڵی داھاتوودا ئەم ھەلە لەدەست دەدەین یان نا، بەڵام دەتوانین ئەو پێگەیە بەدەست بھێنینەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif