بەدەواجنکردنی کۆمەڵگا

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی
-
سیاسەت بەرھەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەیە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا کە لەلایەن دەستە بژێرێکی سیاسی لە فەزایەکی دیموکراتیدا بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات ململانێ بەڕێوە دەبەن لە چوارچێوەی یاسا و ئەخلاقدا ھەر لایەنە و ھەڵگری دید و فەلسەفەی خۆیەتی، لەو چوارچێوەیەدا بانگەشەی بۆ دەکا.

لێرەوە تێدەگەین فەلسەفەی سیاسەت ھەوڵێک و میتۆدێکە بۆ ھەڵھێنانی مەتەڵە سیاسیەکان و رێکخستنی کۆمەڵگا و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خەڵک لە ڕێگای گفتوگۆ و کردارەوە، چونکە ھەموو شت شایەنی دیبەیت و گفتوگۆیە لە کایەی سیاسیدا، لەبەر ئەوە کۆمەڵگا لە ھەناوی خۆیدا بەرژەوەندی جیاواز و بیرکردنەوەی جیاوازی ھەڵگرتوە ئەمەش بەریەک کەوتن دروست دەکات.

ھەندێ جار یٔەم بەر یەککەوتنانە لێکەوتەی ناشرینی لێدەکەوێتەوە و سەردەکێشێ بۆ توندوتیژی و بشێوی، چارەسەری ئەم لێکەوتانە ئاسان دەبێت ئەگەر بە ئەقڵانی بیری لێبکەینەوە، لەبەرئەوەی ھەڵەکان بەرھەمی ئەقڵ و کرداری مرۆڤن شایەنی چارەسەرە، لەم بارەیەوە فۆکۆ یاما دەڵێ ( ئەقڵی مرۆڤ لە ئاستی چارەسەری ئەو ھەڵانەیە کە بەرھەمی ئەقڵی خۆیەتی، دەتوانێ ڕێگر بێت لەو کردارانەی کە کۆمەڵگا ڕوبەڕوی کارەسات دەکاتەوە) خاڵی جیاوازی مرۆڤ و ئاژەڵیش ئەقڵە و ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەقڵە بۆیە دەبێ بۆ چارەسەری جیاوازییەکانمان بۆ ئەقڵ بگەڕێینەوە، بەڵام کاتێک سیاسەت دەچێتە فۆرمێکی شێواو و نائەقڵانییەوە لە بری چارەسەری کێشەکان بەپێچەوانەوە لە کێشەیەکەوە دەچین بۆ کێشەیەکی دیکە، چونکە ئەو کاتە فەزای سیاسی و جۆری ململانێ دەبێتە ژاوەژاو و دەچێتە دۆخی ژینگەی دەواجن، چونکە ژینگەی دەواجن پڕیەتی لە جوکە جوک، بەتاڵە لە بیرکردنەوە و ئەقڵ. 

ژینگەی جوجک ژاوەژاو و جیکە جیک بەرھەم دەھێنێ بێ ئەوەی لە یەکتر تێبگەن لەبەر ئەوەی لە ژینگەی دەواجندا لۆژیک غائیبە، بۆیە ناتوانن لێکگەشتنیان ھەبێ بۆ ڕێکخستنی داواکانینان، بەتێگەشتن لەم دۆخی دەواجنە سەیری فەزای سیاسی و میدیای کوردستان بکەین دروست لە دۆخ و ژینگەی دەواجن دەچێت ئەگەر بەڕەھاییش نەبێ، ئەوا زۆرینە لەھەمان دۆخی دەواجن دایە و کەس گوێ لە کەس ناگرێ، کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە، بۆیە زەمینەیەکی وا دروستکراوە خەڵک بێ ھیوا بێت، بێمتمانە بێت، باوەڕی بەمەسەلە ڕەواکانی لاواز بێت.

بەدرێژای مێژوو ئامانجی داگیرکەران شکاندنی باوەڕی تاکی کورد و بێمتمانەکردنی بووە لە ناوخۆی خۆیدا، بۆیە ئەم بەدەواجنکردنە کاری لەسەرکراوە لەلایەن دوژمنانەوە ژینگەی ناوخۆیشمان لەبار بووە، لێرەشدا دەگەینە ئەو باوەڕەی ھەر ھێز و لایەنێک کار لەسەر بەرنامەی بەدەواجن کردنی کۆمەڵگا بکات خاوەنی ھیچ فەلسەفەیەک نیە بەتایبەتی لە فەلسەفەی ئەخلاقدا کورتی ھێناوە و ھۆشێکی نەخۆشیان ھەیە، بۆیە کار لەسەر بەدواجن کردن دەکەن، چونکە کردارەکانمان ڕەنگدانەوەی ھۆشەکانمانن .

کانت بڕوای وابوو ( ئەوە ھۆشەکانمانن، جۆری تێگەشتنمان بۆ واقیع، پێکدەھێنێ ) کەواتە ئەو جۆرە ھۆشە نەخۆشانەیە وادەکا تاک و کۆمەڵگا لەقەلەقیدا بژی و بچێتە دۆخی دەواجن، ھەمیشە قسەکۆنەکان و جوێنەکان بەرامبەر یەک دەڵێینەوە، بێ گەڕان بەدوای ئەرگۆمێنتی تازە و پرسیاری تازە و وەڵامی تازەدا، ئەمەش وایکردوە ھەمیشە لە دۆخی ترس و دڵەڕاوکێ لە شەڕ و دڵەڕاوکێ لە ئاژاوە و برسێتیدا بژین.

لەبەر ئەوەی دۆخێکە بیرکردنەوەی تێدا نیە، لە ڕاستیدا ئەم دۆخی ئاشوب و بەدەواجنکردنە، جگە لەوەی کۆمەڵگا وێران دەکات، لە بەرژەوەندی ھیچ ھێزێکی ڕەسەندا نیە، ھەمیشە بیرە ڕەسەنەکان و ھێزە ڕەسەنەکان لە ژینگەیەکی ئارام و زەمینەیەکی ساز و پڕ گفتوگۆی ئەقڵانیدا گەشەدەکەن و پێچەوانەکەشی ڕاستە، بۆ بیر و بۆچونی ناڕەسەن و چەواشەکار، ھەمیشە لەنێوان ئەم دوو ئاگاییەدا کێشمەکێشە، کەواتە دەبێت زۆر بەھەستیاری لەگەڵ ئەم دۆخەدا مامەڵە بکەین، لەبەرئەوەی ( ھەزار ئەقڵمان پێویستە بۆ چەسپاندنی ئاشتی، بەڵام ئەحمەقێک بەسە بۆ ھەڵگرساندنی شەڕ) ھەرچەندە باوەڕم وایە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچوە و ئەوەندە خەڵکێ دڵسۆز و ئاقڵمان ھەیە لە کایەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا کە بتوانن ڕێگە لە بەدەواجنکردنی کۆمەڵگا بگرن و ژیان بگەڕێننەوە دۆخی سروشتی و ڕاستەقینەی خۆی لەخستنە سەر ڕێگای بیرێکی ڕەسەن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و گوێگرتن لە یەکتر و قبوڵکردنی جیاوازی و پێکەوە ھەڵکردن،خۆ ئەگەر ڕێگە لەم بەدەواجنکردنە نەگیرێ ئەوا دەبێ چاوەڕێی مردنێکی ھێواش و کەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بکەین داواکارم کۆمەڵگای کوردستان ڕوبەڕوی ئەم سیاسەتی بەدەواجنکردنە ببێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif