هاوپەیمانی سائیرون: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی پەك خستوە

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە پەكخستنی دەسەڵاتی یاسادانان تۆمەتباركرد، داواشی لە سەرۆكی پەرلەمان كرد درك بە بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی یاسادانان بكات.

بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند: "پەرلەمان كە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە وڵات و پەكخراوە، بەو پێیەی تاوەكو ئێستا تەنیا 60 یاسای دەركردووە".

هەروەها گوتی: "واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ درێژەدان بە دانیشتنەكانی پەرلەمان لە دوای پشووی جەژنی رەمەزان، چونكە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان كاری پەرلەمان پەكخراوە، تائێستاش محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان رای خۆی لەمبارەوە رانەگەیاندوە".

ئەو پەرلەمانتارە رەخنە لە سەرۆکی پەرلەمان دەگرێت و دەڵیت: "گەل دەركردنی ئەو یاسایانەی بەلاوە گرینگە كە بە قازانجی گەلن، بەڵام حەلبوسی گوێ بەوە نادات، دوای تەواوبوونی پشووی جەژنیش ئەگەر حەلبوسی ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبوو، دانیشتنێكی تایبەت دەكەین بۆ تاوتوێكردنی كاروباری وڵات".

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی سائیروون هەروەها دەڵێت: "حەلبووسی بە گوڕوتینێكەوە هاتە پەرلەمان، بەڵام دواتر ئەو گوڕوتینەی نەما، بۆیە داوای لێدەكەین درك بە بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی یاسادانان بكات، چونكە رەوشی وڵات پێویستی بە هەڵوەستەیەكی جیددی پەرلەمان هەیە".

سەبارەت بە لادانی حەلبووسی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان زیادی گوتی: "پرسی لادانی حەلبووسی پێویستی بە بڕیارو سازانی سیاسییە، چەند فراكسیۆنێكی دیكەش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە".

چەند رۆژێكە فراكسیۆنی سائیرون ئاماژە بەوە دەكەن كە لە پەرلەمانی عێراق ئاراستەیەك هەیە بۆ لادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی، هەروەها بە شكستخواردوو لە ئیدارەدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان تۆمەتباری دەكەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif