د.موئمین زەڵمی
-
زیادەڕەوی نیە ئەگەر بڵێین ژمارەی حزبە سیاسییەكان لەهەرێمی كوردستاندا دوو هێندەی ئەزموونی حوكمڕانی كوردییە لەم هەرێمەدا، پۆلێنكاری حزبەكان لەسەر مێژووو دیدگاو فیكرو ستراتیج كاری زیاتری دەوێو چەند هەوڵێكیش دراونو ژمارەیەك توێژینەوەو كتێب لەو رووەوە بڵاوكراونەتەوە، بۆیەش ئێستا ئەوەی پشتی پێ دەبەستین، پۆلێنی حزبەكانە لەسەر بنەمای دەنگەكانیان كە ئێستا بە نزیكەی دە حزبی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا ناوو بوونو كاریگەرییان هەیە. ژمارەی حزب هەر زیاد دەبێتو لە بەرامبەریشدا حزبایەتی لە كوردستان تا دێت كاڵتر دەبێتەوە، ئێمەی هاوڵاتیانی كورد لە بەینی حزبو حزبایەتیو هەڵوێستەكاندا چی بكەین؟
سەرەتا دەمەوێ بڵێم، حزبە سیاسییەكانی كوردستان بایی ئەوەندەی خەباتو تێكۆشانیان كردووەو شەهیدیان بەخشیوەو رۆڵیان لە بونیادی ئەم كۆمەڵگەیەو پەروەردەی رۆڵەكانیدا هەبوو رێزلێگیراونو ئاستی پێكەوەهەڵكردنو لێكدووركەوتنەوەشیان بڕیاری سیاسی خۆیانە، بۆیەش سەرنجەكەم زیاتر لەسەر رۆڵی هاوڵاتی لە بوونی حزبەكانو مومارەسەی حزبایەتییەكەیاندا زیاتر تۆخ دەكەمەوە.
لەم پارچەیەدا هەوڵ ئەدەم وەڵامی سێ پرسیار بدەمەوە، ئایا حزبە كوردستانییەكان چییان پێشكەشی هاوڵاتیانی كوردستان كردووە؟ ئەگەر ئەم هەموو حزبە لە كوردستاندا نەبوونایە بارودۆخ چۆن بوو؟ ئەی لە داهاتوودا چۆن لە فۆڕمی حزبی سیاسی بڕوانین؟
پارتیو یەكێتی، گۆڕانو نەوەی نوێ، كۆمەڵو یەكگرتووو بزوتنەوە، شیوعیو زەحمەتكێشانو سۆسیالیست ئەو حزبانەن كە دەنگیان هەیەو بە لایەنی كەمەوە بەشداری پەرلەمانو كابینە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردوە، كە لە مێژووو خەباتی هەر حزبەیان ورد دەبینەوە، ناسازییە ئاماژە بە كاریگەرییان نەكەین، پارتیو یەكێتی لە سەرهەڵدانی شۆڕشەوە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە رزگاری كوردستانو هەزاران شەهیدیان بەخشیوە، تا رادەیەكی زۆر كارتێكەری ئازادی كوردستان بوون تا شەڕی داعشو پەلامارەكانی حكومەتی ناوەندیش، ئیسلامییەكان رۆڵی كاریگەریان هەبووە هەم لە شەڕی دژی بەعسو هەم ئاوەدانكردنەوەو دەستبارگیری هەژارانو لێقەوماوانو كەمدەرامەتان لە قۆناغە جیاوازەكاندا، گۆڕانو نەوی نوێ دەنگێكی نارازی بەرز بوون دژی ناعەدالەتیو دە ساڵی رابردووی گۆڕان نمونەی زۆری تیا بووەو ئێستاش نەوەی نوێ بەو ئاراستەیەوە خۆی راگەیاندوە، سوسیالیستو شیوعیو زەحمەتكێشان ئارەقەو ماندووبونی سەركردەكانیان لە شاخ گەواهیدەری رابردوویانن.
ئەی ئەگەر ئەم هەموو حزبە سیاسیە نەبوونایە، كۆمەڵگە بەم شێوەیە دابەش دەبوو، ژیانمان ئاوا سیاسی دەبوو، منداڵو گەنجو پیر دەبوونە قوربانی شەڕەپەڕۆ، ناهاوسەنگی هێز بەم شێوەی روویدەدا كە زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان نوێنەری دوو پارێزگای كوردستانن، ئەی شەڕە دەنوكو شار چییەتیو ئەملایو ئەولاییو بەرژەوەندییە شەخسیو حزبیو خزمییەكان ئاوا ماڵوێرانییان دەهێنا، كەركوك هەر وا بێناز دەبوو، خزمەتگوزارییەكانمان ئاوا دەكرانە قوربانی ململانێی سیاسی، گێلگەرایی سیاسیو تیرۆری كەسایەتیو فیكریو دەستەمۆكردنی میدیا ئاوا دەبوو، ئایینو خودا دەكرانە كەرەستەی ململانێی سیاسی، جادەی سەدو بیست مەتری پایتەخت بە چاڵو قۆرتی پایتەختی رۆشنبیری بەراورد دەكرا، سەرۆكی هەرێم هی هەموو پارێزگاكانو هەموو هاونیشتمانیان نەدەبوو، ئەمانەو دەیان پرسیاریتر كە هەموومان خەتابارینو هەمووشمان قوربانی.
ئێستا ئەمە بارودۆخی سیاسیەو شانمان داوەتە بەری، تا كوێو تاكەی دەخایەنێت نادیارە، بەڵام هێشتا فەراغێكی گەورە هەیە، فۆڕمی حزبایەتی لە ئێستادا ماندووكردن زیاتر نیە، هەرچی پڕۆژەیەك بۆنی دڵسۆزی لێهاتبێت كراوەتە قوربانی، بە ناوی هەرچی پیرۆزییەوە، بە ناوی پڕۆژەی جیاوازو دیدگای جیاوازەوە، بە ناوی بەرژەوەندی شتیو پڕۆژەی خۆبەخشییەوە، پڕۆژی جوان تاقیكرانەوەو دواجار سەریان لە كەسابەت زیاتر دەرنەچوو.
هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەختی ململانێكاندا دەكوڵێو دابەشبوونەكان زیاتر تۆخبوونەتەوە، بۆیەش باشترین دوو بژاردە بۆ ئێستاو لە پێناو هەمووماندا یەكەم، پێكەوەبوونی حزبەكانو نزیكخستنەوەی بەرەی حزبەكانە كە بەلایەنی كەمەوە حزبەكانی هەرێمی كوردستان لە دوو بەرەدا كۆبكرێنەوە، دووەمیش بوونی ئەلتەرناتیڤێكی گشتیی نیشتمانییە كە خەمخۆرانی ئەم وڵاتە كۆبكاتەوە،و گەنجان سەرمەشق بنو ئەزموونداران پشتیوان بن، بە شێوەیەك بەرژەوەندی گشتی بخرێتە پێش بەرژەوەندییە تایبەتییەكانو هەوڵی كاری جدیتر بدرێت بەرەو ئایندەیەكی باشتر، ئەمەش دیسان فۆڕمێکیتری کۆکردنەوەی گروپ و حزبە بچوکەکانە بە ئاڕاستەی خزمەتی گشتی نەک یەکتر سفرکردنەوە و یەکتر سڕینەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق