هیوا ئەحمەد: كورد نەیتوانیوە لۆبیەكی بەهێز دروست بكات

ليست هناك تعليقات

چاوپێكەوتنی كوردپلات
شەماڵ عبدلڵە - بەریتانیا
-
یەكێكە لە چالاكوانە دیارەكانی كورد لە ئەوروپا و دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە، چالاكیەك یان فشارێكی مەدەنی نیە یەكێك نەبێت لە دەنگە دیارەكان، زۆربەی كات خۆی چالاكیەكان ڕێكدەخات و داوا لە خەڵك دەكات بەشداری بكەن، بەتایبەت ساڵیادی ١٦ی ٣ و ئەنفال و شەهیدانی قەڵەم و نەورۆز، جا ئەو بۆنانە هەڕجۆرە بۆنەیەك بن گرنگ ئەوەیە تایبەتبێت بە كورد، سەدان كیلۆمەتر دەبڕێت بۆ ئەوەی بەشداری لە گردبونەوەیەك یان چالاكیەك بكات، ئەو پەیوەندی فراوانی لەگەل جالیەی وڵاتانیتر هەیە و لە بۆنەكانی ئەوانیشدا وەكو كوردێك بەشدار دەبێت،  لە هەڵبژاردنەكانی بەریتانیاشدا بەشداری بانگەشەكان دەكات و هەمیشە لەگەڵ بەرنامەی ئەو حیزبەدایە كە نەرمی لەگەڵ پەنابەران دەنوێنێت.


ئەو یەكێكە لە ڕەخنەگرە جدیەكان لە حكومەتی هەرێم و ڕۆحیەتێكی نەتەوەی بەهێزی هەیە، هەمیشە وەك یەك سەیری پارچەكانیتری كوردستان دەكات، لە چالاكیەكانیاندا بەشدارە و پەیوەندی فراوانی لەگەڵ كەسایەتیە چالاكەكانی ئەورووپاو كوردستان هەیە، یەكێكیتر لە تایبەتمەندیەكانی گیانی هاوكاری و بەدەمەوەچونی ئەو كوردانەیە كە پێویستیان بە هاوكاریە لە هەر بوارێكدا بێت بەتایبەت ئەوانەی تازە دەچنە ئەو وڵاتە 

 هیوا احمد، دانیشتوی هودرسفێڵدی وڵاتی بەریتانیا و خەڵكی شاری سلێمانیە، وەڵامی پرسیارەكانی كوردپلاتی بەم جۆرە دایەوە
-
هیوا ئەحمد، چالاكوان و ڕەخنەگری كورد لە تاراوگە لە وەڵامی ڕێژەی كورد لە وڵاتی بەریتانیادا وتی : بۆ ڕێژەی كورد لە بەریتانیا ئامارێكی وردمان لەبەردەستدا نیە، بەهۆی جیاوازی لە زانیاریەكەسیەكان لە نێوان ئێرە و ئەوێدا، بۆیە بەپێی زانیاری ئێمە ڕێژەی كورد لە نێوان ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار كەس هەیە لە ئێستادا
هیوا ئەحمد بە نیگەرانیەوە وتی: بەداخەوە کوردانی تاراوگە پرش و بڵاوو وبێ بەرنامەیە و نەیتوانیوە لۆبیەكی بەهێز دروست بكات، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكان، حیزبە سیاسیەكانی دەسەڵات بەتایبەت كاریگەریگەری سلبیان لەسەر كوردانی ئێرە هەیە و تا ئێستاش عەقڵیەتی شەڕە پەرۆمان نەگواستۆتەوە بۆ شەری مانەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و كار بۆ نەتەوەكەمان بكەین نەك حیزبەكەمان ، ئەو حیزبانەی دەسەڵاتیش ژمارەیەكی زۆر كوردانی ئێرەیان خانە نشین كردوە و بەشێك لە بندیوارە موچە خۆرەكان لێرەن، یەكێكیتر لە هۆكارەكان سەرقاڵبونە بە بەهێزكردنی ئابوری تاك خۆیەوە و هیچ گرنگی بە دۆخە سیاسی نەتەوەییەكە نادات، ئەوە جگەلەوەی بەشێكی زۆر لە كوردەكان تا ئێستاش مافی مانەوەیان وەرنەگرتوە و ژیانیان زۆر ئاسان نیە تاكو بتوانێ ببێتە لۆبیەكی بەهێز، بەداخەوە كە ژمارەیەكیش لە كوردەكان بەلاڕێدا چوون بەهۆی دەرمان و قومارەوە و  ئەمانە چاوەڕێی هیچ شتێكیان لێ ناكرێت و پێویستیان بەدەستگرتنە.

لە وەڵامی پرسیاری ئاستی پەیوەندیان لەگەڵ نەتەوەكانیتردا، هیوا ئەحمد، وتی: تێكەڵبون و پەیوەندیمان لەگەڵ نەتەوە و كلتورە جیاوازەكان تاڕادەیەك باشە و بەشداری چالاكیە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی یەك دەكەین، بەتایبەت لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا تەواوی نەتەوە و كلتورە جیاوازەكان ئاشنایەتیان لەگەل كورد هەیە و دەیناسن، بەڵام ئەمە كافی نیە و تا نەتوانین لۆبیەكی بەهێزی یەكگرتوو دروست بكەین ناتوانین كاریگەری سیاسیمان بەقازانجی دۆسیەنەتەوەییەكان هەبێت و بتوانین ببینە فشاری جدی لەو كاتانەی كە پێویستە، بۆ نمونە لۆبی جولەكە لە ئەمریكا كاریگەری جدی هەیە لەسەر سیاسەتی ئەمریكاو دەتوانێت گۆڕانكاری و پشتیوانی دروستكات بۆ وڵاتەكەیان.

هیوا ئەحمد، لە وەڵامی پرسیارێكیتری كوردپلاتدا وتی، كورد ئێستا پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز هەیە، چۆن گۆڕان لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا توانی زۆربەی چین و توێژەكان لەدەوری خۆی كۆ بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە بەپێی بەرنامە و پلان نەبوو، وێڕای پشتیوانی زۆر، بەڵام نەیانتوانی ڕەوەندی كوردی لە ژێر چەترێكدا كۆبكەنەوە و سود لەو پشتیوانیە وەربگیرێت بۆ ئەوەی قۆناغی شەڕەپەڕۆ كۆتایی بێت و هەستی نەتەوەی جێگای تەعەسوبی حیزبی بگرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لۆبیەكی كاریگەر دروستكەین، چونكە دروستبون و ڕێكخستنی لۆبیەكی فراوانی كوردی دەبێتە فاكتەرێكی گەورە تا ئەم وڵاتانە نەتوانن لە ڕێی سیاسەتی دەرەكیانەوە بە زیانی كورد بڕیارێك بدەن یان بچنە سەنگەری دژەكانەوە، چونكە لەو كاتانەدا لۆبیە كوردیەكە دەتوانێت فشاری جدی دروست بكات و دەنگێكی بەرزی ناوخۆیی بێت لەو وڵاتە و ئەمەش كاریگەری جدی دەبێت لەسەر گۆڕینی سیاسەتی هەر وڵاتێك

هیوا ئەحمد، لەوەڵامی پرسیاری كاریگەری حیزبە كوردیەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕەوەندی كوردی، وتی: نەیشاردەوە كە حیزبە كوردیەكان لەبری ئەوەی كاریگەری ئیجابیان لەسەر ڕەوەندی كوردی هەبێت، كەچی كاریگەری خراپیان دروستكردوە، حیزب بە چەندین ڕێگە كاریگەری حیزبی لەسەر هەزاران كەسی نوخبە دروستكردوە لە دكتۆر و پارێزەر و مامۆستا و هونەرمەند و چینە ڕۆشنبیرەكە بەگشتی و هێشتا نەمانتوانیوە عەقڵیەتی حیزبی فڕێدەین و عەقڵێكی نیشتیمانی خاوێن بكەینە جێگرەوەی، وە ئەم توێژە شەهادەدارانە كاریگەریان لەسەر خەڵكە ئاساییەكەی كوردیش هەیە و ئەمەش زیانی زۆری بە دۆزی كورد گەیاندوە.

هیوا ئەحمد گلەیی خۆی هەبوو لە كوردەكانی پارچەكانی كوردستان و وتی: ئەگەرچی لەسەر ئاستی تاك بەشداری همو چالاكیەكانی پارچەكانیتری كوردستان دەكەین، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە ئاست پێویستدا نین لەگەڵمان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینێكی هەڵە كە بە چاوی  حیزبەكانی باشورەوە دەڕواننە ڕەوەندی كوردی و ئەمەش پەرتەوازەیی زیاد دەكات و ناكۆكیەكانی ڕابردوو شەڕی براكوژی كاریگەری خراپی لەسەر پەرتەوازە بوونمان جێ هێشتوە 

هیوا ئەحمد، لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەیداوتی: نابێت هیچ شتێك ڕامان بگرێت و ساردمان بكاتەوە و دەبێت كار بۆ لۆبیەكی گەورەی كوردی بكەین بەقازانجی نەتەوەییمان، من لە هەموو چالاكیەكانی كوردا بەشداری دەكەم و پێم وایە بۆ گەلێكی ژێردەستە و نەتەوەی غەدر لێكراو ئەركی سەرشانمانە بەردەوام لە خەبات و دڵسۆزی و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی بەردەوام بین و نەوەستین تا ئەوكاتەی خەونەكانمان دەبنە واقیع و تەواوی تێڕوانینە هەڵەكان وەلا دەخەین و ئامانجە نەتەوەییەكانمان دێنەدی و ئێمەش وەك گەلانی دنیا دەبینە خاوەنی وڵاتی خۆمان، بەڵام ئەمە پێویستی بە گۆڕانكاری لە عەقڵی حیزبی و حوكمڕانی و سیاسی هەیە.


بەشێك لە چالاكیەكانی هیوا ئەحمد، بە وێنە




















ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif