حکومەتی ئێران جارێکی دیکە ئاوی زێی بچووکی گلدایەوە

ليست هناك تعليقات


ئێران جارێکی دیکە ئاوی زێی بچووکی گلدایەوە و لە هەفتەیەکدا 35 سانتیم کەمی کردووە. لە پشدەرەوە تا دەگاتە بەنداوی دووکان ئاوەکە رۆژانە پێنج سانتیم کەم دەکات و بەوەش رۆژانە زیاتر بەردەڵان و وشکانی دەردەکەون. 

مارف مەحموود، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری ئاوی خاسە  رایگەیاند، "لە ماوەی یەک هەفتەدا ئاستی ئاوی زێی بچووک 35 سانتیمەتر کەمی کردووە. رۆژانە پێنج سانتیم دادەبەزێت و پێشتر دوو مەتر و 65 سانتیم بووە، ئێستا کەمتر لە دوو مەتر و 30 سانتیمە".

زێی بچووک 150 مێگاوات کارەبای لە بەر بەرهەم دەهێندرێت. سێ هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات. 400 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسیی لەسەرە. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئیدارەی راپەرین، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای کەرکووک، چەمچەماڵ و دوزخورماتووە.

سەرچاوەی پرۆژەی ئاوی خاسە خەزانەکانی ئاویان تێدا کەم بووە کە ئاوی خواردنەوەی نزیکەی 90 هەزار دانیشتووی پشدەر دابین دەکات.

محەممەد حسێن، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە رووداوی راگەیاند، "بۆ ساڵی 2030 یەک چۆڕ ئاو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەربازی باشووری کوردستان نابێت و ئێران تەواوی ئاوەکەی گلدەداتەوە. لە 2017وە ئێمە هاوار دەکەین بۆ تەواوکردنی بەنداوەکەی پشدەر بۆ ئەوەی پەکمان نەکەوێت و لەگەڵ تەواوکردنی کارەکانی بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت و تونێلەکەی دەریاچەی ورمێ ئێمەش بەنداومان هەبێت و ئاوەکە گل بدەینەوە؛ کەس گوێمان لێ ناگرێت".

80%ی سەرچاوەی ئاوەکە چیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، لە 20%ـیشی چیای قەندیلی باشووری کوردستانە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif