یەك هەنگاومان ماوە بگەرێینەوە بۆ پێش راپەرین

ليست هناك تعليقات


كوردپلات - بیروڕا
-
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
-
هەقە بڵێین ئیمەی كوردەواری زۆر داماوبووین، بەوەی ئیمە كردمان و ئەم رۆڵانەی خۆمانمان كردە فەرمانداری خۆمان و بەدۆست و كارەكەرو خزمەتكاری كوردەواری زانیمانن..!!! مەخابن كورد واتەنی (ئەولادی صاڵح نەبوون!! ) چونكە:

یەكەم: خۆیان كرد بە پیرۆزو خەڵكیان كردە خزمەتكار، بەوەی ئەمانە ئەوەندەی بیریان بەلای خۆیان و مانەوەی "خۆیان و بنەماڵەو دەستەو تاقمی خۆیان لەسەر دەسەڵات" بوو بیریان بەلای خزمەت و مێژوویەك لە شۆرش بەرخودان و لەخوین و ویرانكاری و دەربەدەری نەتەوەیەكەوە نەبوو..وایان زانی ئەمە تەنیا ئەمان كردویانەو ئەوانی تر هیچ.!! بۆیە ئەمان خۆیان لا بوویە پاشاو خەڵكی كوردەواریش خزمەتكار.. 

دووەم: ئەوەی دوژمن جاران دەیویست بیكات بەتۆپ و تەیارە بەرامبەر كوردو شۆرشی كوردی، ئەمانەی مەر خۆمان هەر بەلاف و گەزافی نیشتمان پەروەری و كوردایەتیەوە بەم گەلە ستەم دیدەیە لەسەر سێ ئاست كردیان:

ا- ئاستی بزاڤی نەتەوەیی: واتە لێدانی بزاڤی نەتەوەیی لەپارچەكانی ترو بێهێزكردنیان و وەك پێویست لە پەلوپۆخستنیان وەختەكارێك دەبوونە مەقاش و هاوكار بۆ داگیركەران بە شێوازی جۆراو جۆر ...

ب- ئاستی ئابوری : بەدەر لەوەی كوردەواریان كردە بازاری ساغكردنەوەی كەلوپەلو كاڵای خراپی چواردەور، لەهەمانكاتدا بەتاڵان كردن و بەتاڵان پێدانی سەروەتی سەرزەمین و ژێرزەمینی و تێكرای ئابووری كوردستان كردنە چنگی وڵاتانی غەیرە كورد دژە كوردەواریەوە..

ج- ئاستی سەربازی: جاران تەنیا سوپای یەك وڵات (سوپای عێراق) لە سەرزەمینی كوردستان هەبوو، ئێستە لەسەردەستی ئەم دەسەڵاتەی خۆماندا لەجیاتی ئەوە دەیان بارەگای هی كوێو كوێی تر و تەیارەی ئەملاو ئەولا فیتەی دێت و بەرۆژی نیوەرۆ كام شوێنە خواستی هەبی بوردومانی دەكات.

سێیەم: ئەوەی جێی خۆشحاڵی كوردەواری بوو و خەون و خولیای سەربەخۆیی نەتەوەیەك بوو، بریتی بوو لەدەسكەوتەكانی راپەرین توانرابوو بە پشتیوانی دەوڵەتانی دونیا هەرێمێك دابپچرێنین و جۆرێك لە دەسەڵاتی هەرێمی ناوچەیی بەدەست بهێنین، ئەمانەی مەر خۆمان بەم سێ خاڵە كردیانە چنگی دوژمنانەوە:

یەكەم: بەشەری ناوخۆیی نزیكەی دەساڵ ئەم هەرێمەیان پر كرد لەئاشوب و نائارامی بە كوشتنی هەزاران رۆڵەی ئەمگەلە وخنكاندنی خەون و خولیای سەدان بیرمەندی و شاعیرو، تاساندنی هەناسەی هەزاران دایكی جگەر سوتاوی ئەم نەتەوەیە. هەزارەها گەنج و دڵسۆزی كوردەواری ریگەی هەندەرانیان گرتەبەرو لەو رێگەیەدا وون بوون یان سەریان نەكردەوە بەماڵی تاریكی خۆیانا.

دووەم: پاش روخانی عێراق خەڵكی ئەم هەرێمە جۆرێك لە خۆشگوزەرانی و جۆرێك ئاسودەیی كۆمەڵایەتی بۆ درووست بوبو، ئەمجارەش هەر بەم رۆڵانەی خۆمان كە كردوماننە فەرمانداری خۆمان، دوژمنان ئەمەیان ریجوا نەبینی بەم میلەتە بەش مەینەتە، خەیاڵی ئابووری سەربەخۆیان لەلاگەرمكردن و كورد واتەنی میللەتیان بردەوە بۆ سەرساجی عەلی!!. وایان لێكردین كە ئەم هەریمە دەوڵەمەندە ژێرباری قەرزی ناوخۆ دەرەكی بێت و ئیمرۆ نەتوانێ موچەی مانگێكی موچەخۆرانی بدات.

سێیەم: بەهۆی شەری داعشەوە زۆرزەمینی كوردەواری كە لەمێژەوە خزێنرابوە ژێر هەژموونی سرینەوەو لكاندنی بە زەوی عروبەوە، گیانێكی وەبەركرایەوەو تا رادەیەكی باش و بەواقیعی مۆركی كوردەواری پێدرایەوە، دیارە ئەمجارەش هەر بەمانەی خۆمان و بە بیری هەنگوینی ریفراندۆمەوە وەك بیانویەك بۆ سەندنەوەی ئەوناوچانە بەم تاقمە سەردەستەیە فەرمانرەوایەی خۆمان ئەنجامدراو حاڵی ئەو ناوچانە لەجاران خراپتر بوویەوە..

ئێستەش گوناهە ئێمە تێنەگەین كە دوژمنەكانمان چەندە ژیرانە هەر بەم تاقمەی خۆمان چەند بیانووی تر دەسازێنن و ماوەیەكی تر ئەوەی لەخەونی ئەم گەلە بەشمەینەتە بووە لە ئازادی و سەربەخۆیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكرێتەوە بە قەرەبروو؟!! 

ئاخیر توخوا گەلۆ ...تەنها ئەمجارەمان بەدەسماوە، بە یەك هەنگاوی تر ئێمە دە گەرێینەوە بۆ پێش راپەرین؟؟؟ 

بۆیە ئەگەر ئەم تاقمەسەردەستەی خۆمان لایەك لە رابردووی ئەم نەتەوەو خەون و خوێنی ئەم كوردەواریە نەیەتەوە بیریان و بیرێكی كوردانەی عاقڵانە نەكەنەوە ئەوە رەوایە بوترێـت : گیرفان و تاج و تەڵای ئەم سەردەستەی مەر خۆمان شایەنی نەفرەت لێكردنی هەمیشەییە. چونكە ..هیچ خواستێكی داگیركەرانی چواردەور نەماوە، ئەمانە ناراستەوخۆ بەلاف و گەزافی كوردانەو سیایەتی حەكیمانەوە بۆیان جێبەجێنەكرێ..

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif