خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ زەکات و سەرفیترە

ليست هناك تعليقات

د.محمد سینەمۆكی
-
بەپێویستی دەزانم کە زانایانی کوردستان خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بابەتی زەکات و سەرفیترە بکەن و کۆنفرانسی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێ و کۆمەڵێک لە زانایان و مامۆستایانی زانکۆ توێژینەوەی تازەی تێدا پێشکەش بکەن تا ڕزگارمان بێت لەم فەوزایەی کە ساڵانە بەرۆکی کۆمەڵگا و وڵاتمان دەگرێ...
من بەکورتی ئەم سەرنجانە دەخەمە ڕوو:
1- نابێت بەهیچ جۆر زەکات و سەرفیترە بۆ گەیاندنی بەو بوار و کەسانەی زەکاتیان پێدەشێ تەسلیم بەکەس یان ڕێکخراو یان حزب یان حکوومەتی ستەمکار و نا دادگەر و درۆزن بکرێ.
2- نابێت هەموو ساڵێك زەکات بکرێت بە پڕۆژەیەکی ئیستیهلاکی بۆ هەژاران و کەچی ساڵ بەساڵ هەژارمان زیاتر بێت!! لەکاتێکدا زەکات وەرگرمان هەیە ئەوە دەیان ساڵە هەر زەکات وەردەگرێ!! بەڵکو پێویستە زەکات بکرێ بە پڕۆژەیەکی (ئیستیسماری) و وەبەرھێنەر بۆ هەژاران، تا هەموو ساڵێك کومەڵێك هەژارمان لە هەژاری ڕزگاریان بێت.
3- نابێت بە هیچ جۆر زەکات بدرێ بەوکەسانەی لەسەر کڕینی سەیارە و دوکان و شوققە و  خانووی دووقات... قەرزدار بوونەوە!! کە من پێم وایە بەشێکی زۆر لە زەکات بۆ ئەمانە دەڕوات!!.
4- نابێت بە بیانووی جۆراوجۆر زەکاتی پارە بکرێ بە سەللە و سەبەتەی خۆراك بۆ هەژاران!! چونکە هەندێک لەو هەژارانەی بڕی زۆریان بۆ چووە بە هەرزانی دەیفرۆشنەوە!! پاشان ئەم کارە لەبەرژەوەندی هەژاراندا نییە.
5- پێویستە ساڵانە خولی هۆشیاری و فێرکردنی کارو پڕۆژە بکرێتەوە بۆ هەژاران تا چیدی چاویان لە زەکات نەبێت.
6- پێویستە ئەو دەوڵەمەندانەی کەرەستە و کاڵایان هەیە تێبگەیەنرێن کە دەتوانن لە بری پارە کەرەستە و کاڵا و.... وەکو زەکات بدەن بەو هەژارانەی کە پێویستیان بەو شتانە هەیە.
7- پێویستە دەوڵەمەندەکان تێبگەیەنرێن کە زەکات تەنها نادرێ بە چینی هەژار بەڵکو چین و بواری دیکەش هەن کە پێویستە زەکاتیان بۆ سەرف بکرێ.
8- پێویستە خەڵکی هۆشیار بکرێنەوە کە زەکات نادرێ بەو کەسانەی سواڵکەرییان کرۆتە پیشە...
9- پێویستە هەموومان ئەوە بزانین کەناکرێ دایك و باوكێک کوڕەکەیان دەوڵەمەند بێت زەکاتیان پێ بدرێ!! بەڵکو واجبە لەسەر کوڕەکەیان ئەو دایك و باوكە بەخێو بکات.
10- پێویستە لەم هەل و مەرجەی ئێستادا لە ڕووی زەکات پێدانەوە زیاتر بایەخ بەو گەنجانە بدرێ کە خێزانی نوێ پێك دەهێنن و هیچ کارو پڕۆژەیەکیشیان نییە لە ئێستادا.
11- خۆزگە لە هەموو شارێك لیژنەیەکی ناحکومی متمانە پێکراو درووست دەکرا بۆ دەستنیشان کردنی کەس و ماڵە هەژارەکان تا بە عەدالەت زەکاتیان بەسەردا دابەشبکرێ و لەیەك سەرچاوەوە زەکات دابەشبکرێ.
12- پێویستە هەموو کەس بزانێ ئەوەی زەکاتی پێنەشێ و وەریبگرێ ئەوە گوناهو تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە.
13- پێویستە میکانیزمێکی نوێ بدۆزرێتەوە بۆ سەرفیترە... بۆ ئەوەی ماڵێك بە تەن (طن) خواردنی بۆ نەچێ و ماڵێکیش پارەی جلوبەرگی نەبێ!!.

لەکۆتاییدا هیوادارم دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش زەکاتەکانیان تەسلیم بە خەڵکی بێلایەن بکەن و لەم ڕەمەزانەدا شوێن دەستیان دیار بێت... تا لانیکەم کە لە جومعە و جەماعەتەکانیش دەرناکەون زەکات و سەدەقاتیان بگاتە ناو خەڵكی هەژار و بێدەرەتان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif