ئەمریکا و ئێران لە دەمەقاڵە و تویتەوە بۆ بەریەککەوتن

ليست هناك تعليقات



كورد پلات - بیروڕا
بورهان شێخ ڕەئووف

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دا کە ھەر بەلەمێکی سەربازی ئێرانی نزیک بێتەوە لە کەشتیەکانیان لە ئاوەکانی ناوچەی کەنداو ئاگربارانی بکەن و لەناوی ببەن، ئەمەش لە دوای ھەفتەیەک لە نزیک بوونەوەی ١١ بەلەمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ھەفتەی ڕابردوو لە کەشتیە جەنگیەکانی ئەمریکا بە دوورییەکی زۆر کەم.

ناکۆکیەکان ھەڵدەکشێن سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بەتایبەتی ئەمریکا کە ئێستا لە یەکەمی لیستەکەدایە بۆ تووشبوون و مردن، ھەرچەندە لە زۆر شوێنی تر بە ھۆی ئەو ڤایرۆسەوە شەڕ و ململانێکان خاوبوونەتەوە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئێران گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە نەگریسەیە و قوربانی زۆریشی ھەیە بارودۆخی وڵات شڵەژاو و نالەبارە بەھۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکاوە کەچی یەکەم مانگی دەستکردیان بە سەرکەوتوویی ھەڵدایە بۆشایی ئاسمان و ئەگەر پێشتر دەیان گووت کە بۆ مەرامی سەربازی نییە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکەن بۆ مەبەستی بەرگری و سەربازییە.

ھەر ئەمەش وای لە ترەمپ کرد کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ھەواڵە لە تویتێکدا بنووسێت کە فەرمانی بە ھێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کردووە لە کەنداو کە ھەر بەلەمێکی سوپای پاسداران نزیک بووەوە لێیان لەناوی ببەن.

لە بەرامبەریشدا فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانی دا بە ھێزەکانی کە وەڵامی ھەر ھەڕەشەو پەلامارێک بدەنەوە کە بکرێتە سەر ھێزەکانیان ئەم ئاماژانە ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا نەک ناوچەی کەنداو ھەموو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی کاولکار کە ساڵانێکە ھەردوو جەمسەری ئێران و ئەمریکا بە ھاوپەیمان و بریکارەکانیانەوە خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن.

بەڵێ ئەو کات ئاکام و کاریگەرییەکانی لە گەڵ کۆرۆنادا ئەم ناوچە دەکاتە قوربانیەکی تری جەنگی بەرژەوندی و ملھوڕی ھێزە بەرژەوندخواز و چاوچنۆکەکان کە ھیچ دیارییەکیان بۆ مرۆڤایەتی پێ نییە جگە لە شەڕو ماڵوێرانی.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بنتاگۆن داوای ڕوونکردنەوەی لە کۆشکی سپی کردووە دەربارەی تویتەکانی سەرۆک ترەمپ، کە باس لە بە ئامانج گرتنی بەلەمە ئێرانیەکان دەکات، لە بەرئەوەی سەرۆک ترەمپ بابەتەکەی بە ڕوون و ڕاشکاوانە لە تویتەکەیدا یەکلایی نەکردۆتەوە، ھەرلە بەر ئەوەشە ھێزی دەریایی ئەمریکا داوای ڕوونکردنەوەی لە بنتاگۆن کردووە و ئەوانیش داوای ڕوونکردنەوەیان لە کۆشکی سپی کردووە.

بۆیە لە ئێستاشدا ڕا و سەرنجێکی دی خۆی قووت کردۆتەوە لە ناوەندە سیاسی و ھەواڵیەکان، ئەویش ئەوەیە ترەمپ بۆیە لەم کاتەدا ئەم قەیرانە دەوروژێنێت کە نرخی نەوت زۆر دابەزیووە، بەمەش کە تەنگەی ھورمز و کەنداو ببێتە مەیدان و ململانێکانی ئەمریکا و ئێران ئەوا نرخی نەوت خێرا بەرزدەبێتەوە ھەرواش دەرچوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نەوت لە ١٥% نرخەکەی بەرزبووەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif