گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا لەهەڵکشاندان

ليست هناك تعليقات



 ناوچەکە رووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازی مەترسیدار بووەوە، دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکی توندی بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناو خاکی ئێراندا دەستپێکرد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی گرتووەتەوە کە بە تەقەمەنی زۆر ورد پێکراون، ئامانجەکان بریتی بوون لە ژێرخانی سەربازی، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ناوەندەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و توانای مووشەکی دژە کەشتی، هەروەها ئەمریکا رایگەیاندووە کە زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسدارانیان لە گەرووی هورمز لەناو بردووە.

ئەم هێرشانەی واشنتۆن وەک سزایەک بۆ تاران هاتووە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئێران سێ کەشتی بازرگانی (نەوتهەڵگرێکی مارشاڵ ئایلاند، کەشتییەکی سعوودی و کەشتییەکی لیبێری) لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کردە ئامانج، ئەمریکا دەڵێت ئەم رەفتارانەی تاران پێشێلکردنی روونی ئاگربەست و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی دەریایی.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بێدەنگ نەبوو و رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، 85 پێگەی سەربازی ئەو وڵاتەی لە هەردوو دەوڵەتی کوەیت و بەحرەین بۆردومان کردووە، میدیاکانی ئێران بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە توانیویانە درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) بخەنە خوارەوە و چەند کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیشیان کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە تێکدانی رێککەوتنەکان و رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەگرنەبەر.

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکان، سوپای کوەیت رایگەیاند کە بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی خەریکی بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانە، لە بەحرەینیش وەزارەتی ناوخۆ زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتییان کرد روو لە شوێنە ئارامەکان بکەن.

تێکچوونی بارودۆخە ئەمنییەکە وایکرد مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران لە نەجەف بوو، بەپەلە بەرەو تاران بگەڕێتەوە.

راپۆرتە ناوخۆییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها لە شاری سیریک و گوندی میسین لە دوورگەی قوشم، دەنگی 14 تەقینەوەی گەورە بیستراوە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچە مووشەکیشەوە ژمارەیەک هاووڵاتی لە شاری سیریک بریندار بوون، هەروەها سەرچاوە ئەمریکییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ چوار بۆ پێنج هێندە بەهێزتر بوون لەو هێرشانەی کە 10 رۆژ لەمەوبەر ئەنجامدرابوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif