" لەپەراوێزی دەستگیرکردنەکەی خورشید هەرکیدا"

ليست هناك تعليقات


د. سەلام عەبدولکەریم

لەکوردستاندا بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە هەموویان خۆیان تەنها لەپشتی خەڵکدا شاردۆتەوە.

ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستان چاوەڕێ بوو سەرۆکی عەسیرەتێک گۆڕانکاری دروست بکات و حکومەتی تەکنۆکرات و مەدەنی دابمەزرێنێت لەجێی ئەم حکومەتە؟

حکومەتی هەرێم موچەخۆرو خەڵکی بەشمەینەتی کردۆتە
قەڵغان و ڕمی دەستی لەکێشەو ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا

لەحەڤدەی شوباتەوە ئەوانەی خۆیان ناوناوە ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری دەسەڵات لەبری ئەوەی سنگی خۆیان و سەرکردایەتییەکەیان بنێن بەڕووی گولەی دەسەڵات و حکومەتەوە، کەچی لەپشتی خەڵکی بەشمەینەت و ڕەش و ڕووتەوە خۆیان شاردۆتەوە، سەرباری ئەوەی خەڵکیان زۆر بەکوشتداو لەنان و وەزیفە فەسڵکران، کەچی ئەمان بەسەر لاشەو ئێسک و پروسکی ئەواندا بوونە پەرلەمانتارو وەزیرو گزیرو دەرگاوانی بەرپرسانی دەسەڵات و لەئێستاشدا بگرە مناڵەکانیان. ئەوە لێگەڕێ هەندێکیان خەباتیان بۆ ئەوبەری جۆگەکە گواستەوەو لەناو سێپەڕەی دەسەڵات و حکومەت و پارەی میللەتدا خۆشی ئەگوزەرێنن!!

* هەر لەو حەڤدەی شوباتەوە حکومەت و دەسەڵات لەبری کێبەرکێ کردنی ئۆپۆزیسیۆن و پارتە نەیارەکانی بەخزمەتگوزاریی، بەپێچەوانەوە سەرقاڵی زیاتر برسیکردن و ڕووت و ڕەچاڵکردنی میللەتەکەی خۆی و بڕینی قوت و بژێوی و موچەی مناڵ و خاوخێزانی فەرمانبەرەکانیەتی، کەچی لەپشتی پەردەوە خەریکی دڵداری سیاسییە لەگەڵ نەیارەکانی، لەگەڵ بەغداشدا لەبری کێبەرکێ کردنی بەخزمەتگوزاری باشترو زیاتر لەوان، موچەخۆرو خەڵکی هەژارو نەداری خۆی کردۆتە قەڵغان و شەڕی حەپەلوشکردنی داهات و پارەی هەرێم و ئەو موچەیەش دەدات، کە بەغدا دەینێرێت! ئەوەی لەم بەینەدا کراوەتە قۆچی قوربانی میللەت و موچەخۆرو خەڵکی بەشمەینەتە، ئەوە لێگەڕێ ئەو میللەتە خۆیشی بووەتە مێگەلێک و هەر ڕۆژە یەکێک تیایدا هەڵدەتۆقێ!!

* هەواڵی قۆڵبەستکردنی خورشید هەرکی ڕەنگە بۆ ئەم هێزگەلە بەناو ئۆپۆزیسۆنە تا خانەوادەو کەسوکاری خورشید هەرکی زیاتر مایەی شۆک و دڵتەنگی بێت، چونکە کاتی خۆی ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنە دیموکراتخوازو ئایینی و مەدەنییانە لەبەرئەوەی بەردەوام خۆیان لەپشتی خەڵک شاردۆتەوە، چاوەڕێ بوون و بەئومێد بوون گۆڕڕانکاری و حکومەتی دەستووری و تەکنۆکرات خورشید هەرکی دوای ڕووخاندنی دەسەڵات لەهەولێرو دهۆک و بادینان بۆیان دابمەزرێنێت!! تۆ دیمەنەکە تۆزێ نزێک زیاتر بکەرەوەو بیهێنە پێش چاوی خۆت، چارەنووسی خەڵک لەم کۆمەڵگەیەدا گەیشتۆتە ئاستێک هێزە ئۆپۆزیسیۆنە مەدەنی و دیمکراتخوازو یەکسانیخوازەکانی، بگرە کاراکتەرە بەناو لیبراڵ و سەربەخۆکانیشی، کە دژی حکومەت و دەسەڵاتن ئومێدیان بە سەرۆکی عەشیرەتێک هەیە، گۆڕانکارییان بۆ بکات و حکومەتی تەکنۆکرات و مەدەنییان بۆ دابمەزرێنێت جا بزانە ئیتر چارەنووسی ئەو خەڵکە داماوە لەداهاتوودا چی دەبێت؟!! (رێز بۆ پێگەی هەر سەرۆک عەشیرەت و هۆزێک بەخورشید هەرکیشەوە، چونکە ئەم پرسە جیایە لێرەدا) .
دواقسە ئەوە یارییەکە کۆتایی هات و خورشید هەرکیش قۆڵبەست کرا، بزانم ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەو لایەجگرو ئەندامانیان جورئەت ئەکەن بچنە سەرجادە بۆ پشتگیریی یان وەک هەمیشە و نەریتی هەمیشەییتان خۆتان لەپشتی ئەو خەڵکە نایەنە دەرێ و وەک نەعامە سەرتان دەکەن بەناو لمی بێدەنگیدا؟؟!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif