عوسمان گوڵپی
-
هیچ کۆمەڵگەیەك لە نێو قاڵبێکی دروستکراودا جێگای نەبوەتەوە و نابێتەوە، بۆیە خراپترین دەسەڵات ئەوەیە بیەوێ تەواوی کۆمەڵگە بخاتە نێو ئەو قاڵبەی خۆی دەیەوێ یان دروستی کردوە، یان هەموو دەرگاکان دابخا و بیەوێ ڕێگاکان بەخواستی خۆی ڕەنگ ڕێژ بکا، رێگای کاری سیاسی و رێگای کاری ڕێکخراوەیی و بازرگانی و میدیایی و تا هەموو بوارەکانیتر ....
دەسەڵاتی عاقڵ رێگاکان داناخا، ڕێگاکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە خۆیان لە گۆشەیەکدا بۆ خزمەتکردن ببیننەوە، هەست بکەن نەفەسێك هەیە کە دەتوانن لێیەوە تواناکانی خۆیان نیشان بدەن، گەنجەکان هەست بکەن پانتاییەكی سروشتی هەیە و ئەتوانن خۆیانی تێدا بسەلمێنن.
کاتێ دەرگاکان دادەخرێن و بۆشاییەك نیە کە گەنجەکان بتوانن لە گۆشەیەکا خزمەت بکەن یان خۆیان بدۆزنەوە، ئیتر ڕێگاکان دێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە نابێ بێنەوە، ڕێگایەک کە بەریەککەوتن دروست دەکات وسەرقاڵی ناپێویست بۆ خودی دەسەڵات دەهێنێتە ئاراوە و توانای گەنجەکان بە خەسار دەدات لە ململانێیەکی ناپێویستدا، بۆیە تا ڕێگاکان زیاتربن دەرگاکانی سودمەندی بۆ کۆمەڵگە زیاتر ئەبن و بەریەککەوتنەکان کەمتر دەبنەوە، لە کاتێكدا پێویستە دەسەڵات دەرفەتی یەکسان دروست بکات و لە نێو کایەکدا ڕۆڵی هەبێ نەك کایەکان لە نێو ئەودا خۆیان ببیننەوە، یەکەمیان دەبێتە خاڵی ئیجابی و دوەمیان قۆرخکاری.
کاتێ کە تۆ حیزب و کۆمپانیا و بازرگانی سەربەخۆت دروست دەکەیت و مەیدانەکە بەتەواوی قۆرخ دەکەیت، میدیا و ڕێکخراوی مەدەنی و سەنتەری لێکۆڵینەوە و دامەزراوەی تایبەت بە خۆت هەیە و بەس ئەوانت قبوڵە، تەنانەت یانە وەرزشیەکانیش سەربە خۆتن و رێکخراوی خەیری و مرۆیی تایبەت بە خۆت هەیە، دەست دەبەیت بۆ ڕیکخراوی کلتوری و هونەری و ئەوانیش ئەبێ هی تۆبن، ئیدی هیچ بوارێک نامێنێتەوە تواناکان تیایدا بخرێتە ڕوو لەدەرەوەی خۆت، لە کاتێکدا هیچ کۆمەڵگەیەك لە نێو حیزب یان دەسەڵاتدا جێی نەبوەتەوە، لەم حاڵەتەدا پانتایی پەرەپێدانی تواناکان ئەوەندە کەم دەبێتەوە کە ئەوانەی لەدەرەوەی ئەو بازنەوەن هیچ جێگایەك نەمێنێتەوە خۆیانی تیا ببیننەوە، بۆیە یاخی بوون و ڕەخنە و پێداهەڵشاخان بێ بەرنامە گەشە دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ پانتایی زیاتر داگیر دەکەن و ئەوانەشی مەیلی سیاسەتی ڕەخنەگرانەیان نیە بە ناچاری دەبنە بەشێك لەو ئاراستەیە.
بۆیە دەسەڵاتداری عاقڵ هەموو کایەکان داگیرناکات، بەڵکو لە نێو ئەو هەموو کایانەدا هەمیشە نەفەسێك دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی وزە و تواناکان تێیاندا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، ئەو کات بەریەککەوتنیش کەمتر دەبێتەوە و زۆرترین تواناکان دەخرێنەوە خزمەتی کۆمەڵگە، چونکە قۆرخکاری بەریەککەوتن زیاتر ئەکات و کۆمەڵگەش وێران دەکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق