ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ليست هناك تعليقات


نازم عەبدوڵا

جیاوازیی گۆڕانکارییەکانی نێوان ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا کە لە ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆدا بەرجەستە بوە، خۆی لە نێوان جوگرافیا و سیستمدا دەبینێتەوە. لە ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٦دا، نوێنەرانی فەڕەنسا و بەریتانیا بە ڕەزامەندیی ڕوسیا و ئیتالیا، دەستکەوتەکانی میراتی دەوڵەتی عوسمانییان بەپێی قەبارەی هێزەکانیان و پێگەی دەسەڵاتی سەربازیی و ئابورییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد؛ ئەو دابەشکارییەش پێگەی بەریتانیا و فەڕەنساى دیاریی کرد و ئەو ڕێککەوتنەش بە ناوی نوێنەرانی هەردو وڵاتەکەوە ناوزەد کرا بە ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ.
ئەمریکا لەم ڕێککەوتنەدا بەشدار نەبو، بۆیە لە ناوچەکەدا بەرژەوەندیی ئەو دو وڵاتە بە پلەی یەکەم پارێزراو بو کە خاوەنی پێگە و نفوزی سیاسی و سەربازیی خۆیان بون. چۆن لەو کاتەدا ئەو وڵاتانە بەرژەوەندیی خۆیان ڕەچاو کرد، ئێستاش ئەمریکا لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوادا خۆی بە میراتگری بەریتانیا و فەڕەنسا دەزانێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت بەپێی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی، جارێکی تر نەخشەی سیاسی و ئابوریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە.

جیاوازییەکانی نێوان سایکس-پیکۆ لە سەدەی ڕابردودا لەگەڵ دونیابینیی ئەمریکا بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕو:
١. سایکس-پیکۆ دەستنیشانکردنی دەوڵەتی جوگرافی بو، ئەوە بو لە ساڵی ١٩٢١دا بە لێکدانی هەر سێ ویلایەتی بەغدا، بەسرە و موسڵ دەوڵەتی عێراق دروست کرا. هاوشێوەی عێراقیش، وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان دەستکاریی کران. لە ساڵی ١٩٤٨دا دەوڵەتی ئیسرائیل دروست کرا، لە بەرامبەردا بۆ ڕازییکردنی عەرەب و دابەشکردنی شوێنەواری دەوڵەتی عوسمانی، چەندین دەوڵەتیشیان بۆ گەل و نەتەوە عەرەبییەکان دروست کرد.

بەڵام دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەلایەن ئەمریکاوە (کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە و دەرکردنی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە کە لە ٣٢ دەوڵەت پێکهاتبو)، ئەمریکا دور لە نەخشەی سایکس-پیکۆ و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سیستمی حوکمڕانی لە عێراقدا داڕشتەوە و سیستمی فیدراڵیی لە دەستوردا جێگیر کرد، کە ئەمەش پێچەوانەی ناوەندیبون و ئەو سیستمە حوکمڕانییە بو کە سایکس-پیکۆ دایڕشتبو.

٢. گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە لەبری بایەخدان بە بەهێزکردنی مەرکەزییەتی دەوڵەتە خاوەن کێشەکان؛ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی سەرئێشەکانی خۆی و وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەمو قەیرانانەی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ بەجێی هێشتون، بە هاوشێوەی نەتەوە خاوەن پێگەکان، بایەخی بە نەتەوە، تایەفە و مەزهەبە جیاوازەکانی تر دا. ئەمەش لە لایەکەوە وەک وەڵامێک بو بۆ کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە، لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی کەناڵە جۆربەجۆرەکانەوە بۆ پارێزگاریکردن بو لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەوەش بە هێنانەپێشەوەی سیستمێکی تازەی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە هەناسەدانێک بێت بۆ کەمەنەتەوە، ئایین و تایەفە جیاوازەکان تا بتوانن بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا ببیننەوە.

ئەگەر ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ بەبێ حیسابکردن بۆ نەتەوە، ئایین و مەزهەبەکان تەنها دابەشکردنی جوگرافیا بوبێت، ئەوا ئەمریکا بەبێ دەستکاریکردنی جوگرافیا، کاری لەسەر خاوەندارێتیکردنی پێگەی ئایین، نەتەوە، تایەفە و مەزهەبە جیاوازەکان کرد. هەروەها بە جۆری سیستمی حوکمڕانی، ڕێگەی لە باڵادەستیی ڕەهای نەتەوە و مەزهەبە زۆرینەکان گرت. لە هەمان کاتدا، ئەمە پلانێکی ستراتیژی بو بۆ پاراستنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، چونکە ئەم سیستمە تازەیە ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک ببێتە خاوەنی پێگەی سەربازی و ئابوریی بەهێز کە بتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.

ئیسرائیل یەکێکە لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکا کە دەیەوێت لە ڕوی سیاسی و ئابورییەوە تێکەڵی وڵاتانی ناوچەکەی بکات. ئیسرائیلییەکان زۆرجار دەڵێن: "ئێمە دەوڵەتێکی جێبەجێکارین و بڕیارەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەین"، ئەمەش وای کردوە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوریی ئیسرائیل وەک ئەمریکا پارێزراو بێت و لە ناوچەکەدا ڕێگە نەدەن بە دروستبونی دەوڵەتی خاوەن پێگەی ئابوری و سەربازیی بەهێز. ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، دوریش نییە وڵاتە مەرکەزیی و خاوەن پێگە سەربازی و ئابورییەکانی تری ناوچەکەش دوای ئێران بە ئامانج بگیرێن.

٣. لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەمریکا شەڕی ئایدۆلۆژیای یەکێتیی سۆڤیەتی بە وڵاتە خاوەن پێگە ئابوریی و سەربازییە بەهێزەکان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەمریکا وەک سیستمێکی سەرمایەداریی، شەڕی چین و ڕوسیا بە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی ئابوریی، تەکنۆلۆژیا و هێزدا دەکات. بۆیە جۆری ململانێی نێوان وڵاتە زلهێزەکان گۆڕاوە و ئەمریکا تەنها پشت بە سیستمی حوکمڕانی و ئیدارەدانی دەوڵەتی جوگرافیی هاوشێوەی سایکس-پیکۆ نابەستێت. ئەمەش وا دەکات سەرچاوەکانی هێزی ئابوریی و ململانێ بە تەنها لە لای مەرکەز نەبێت، بەڵکو دەکرێت لە لای وڵاتێکی مەرکەزیی خاوەن پێگەی وەک سعودیە بێت، یان هەندێک جار لە لای وڵاتانی بچوکی وەک کوێت و قەتەر بێت، جاروباریش لە لای گەلانی فارس، تورک و عەرەب بێت؛ دەشکرێت لە لای گەلێکی خاوەن خاک و زەمینێکی پڕبەرەکەت وەک خاکی کوردان بێت.

ئەو کات کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ڕێگەی هێنانەپێشەوەی جۆری حوکمڕانیی تازەوە، چۆن گرێبەست لەگەڵ نەتەوەی زۆرینەدا دەکەن، بە هەمان شێوە گرێبەست لەگەڵ نەتەوە کەمینەکانیشدا دەکەن. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت؛ چۆن وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک عێراق یان سوریا دەڵێن ئێمە هاوپەیمانی ئەمریکاین، لە هەمان کاتدا گەلێکی وەک کوردیش کە دوەم پێکهاتەی سەرەکیی ئەو وڵاتانەیە دەڵێت ئێمە هاوپەیمانی ئەمریکاین. سیستمی سەرمایەداریی ئەمریکا وەک چۆن بایەخ بە دەوڵەتە بەهێزەکان و نەتەوە زۆرینەکان دەدات، بە هەمان شێوە بایەخیش بە پێگەی ئەو نەتەوانە دەدات کە خاوەنی پێگەی ستراتیژیی و خاکی پڕپیت و بەرەکەتن.

بۆیە ئەوەی بەکردەوە لە سیاسەتی ئەمریکادا دەردەکەوێت، پابەندنەبونە بەو سیاسەت و دابەشکارییەی سایکس-پیکۆ، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، جارێکی تر گۆڕانکاریی لە سیستمی حوکمڕانیی پێشودا دەکات و سیستمێکی حوکمڕانیی جیاواز دەهێنێتە کایەوە؛ وەک ئەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیە، یان ئەو جۆرە گۆڕانکارییەی بە سستی لە دەوڵەتی سوریادا دەکرێت. دور نییە دوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو تێکهەڵچونەی لە نێوان ستراتیژیەتی ئەمریکا و ستراتیژیەتی تورکیادا هەیە لەسەر پێگەی کەمەنەتەوەکان (بەتایبەتی کورد)، لە سوریاش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تر بکرێت.

سەبارەت بە لێدوانەکانی نێردەی ئەمریکا (تۆماس باراک) کە لە ڕواڵەتدا دژ بەو واقیعەیە کە ئێستا لە سوریا و عێراقدا هێنراوەتە ئاراوە؛ نابێت تەنها لە گوتارەکانی ئەوەوە تەماشای واقیعەکە بکەین، بەڵکو دەبێت تەماشای ئەوە بکەین ئەمریکا بە کردەوە لەو دو وڵاتەدا چی ئەنجام داوە. هەر کاتێک کردار و گوتاری هێزێک لەیەک جیا بونەوە، دەبێت حیساب بۆ کردار بکەین نەک گوفتار و ئاخاوتنی تاکتیکی. ئەوەی لە ئاخاوتنەکانی تۆم باراکەوە دەردەکەوێت، لە پێناوی دڵڕاگرتنی تورکیای هاوپەیمانیدا زیاتر تاکتیک بەسەریدا زاڵە؛ نایەوێت تێکهەڵچون لەگەڵ ستراتیژیەتی تورکیادا دروست ببێت، چونکە تورکیا دەیەوێت لەو وڵاتانەی دراوسێیدا کە پێکهاتەی کورد تێیاندا بەرچاوە، بە یەکپارچەیی بمێننەوە. هەروەها دەیەوێت ئەمریکا پشتیوانی لە کەمەنەتەوەکانی وەک کورد و هاوشێوەکانی نەکات و لە وڵاتەکانی خۆیاندا پێگەی یاسایی و دەستورییان بۆ فەراهەم نەهێنرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە نەتەوەی باڵادەستی ئەو وڵاتانە حیسابیان بۆ بکرێت.

تورکیا و ئێران دەزانن کە هاوشێوەی سوریا و عێراق، ئەمریکا دەستکاریی جوگرافیای وڵاتەکانیان ناکات، بەڵام دەشزانن چۆن دەستکاریی سیستمی حوکمڕانیی عێراق و سوریای بە ئەندازەیەک کردوە کە ئەگەر پلانەکانی سەر بگرێت، نێزیکە هاوشێوەی ئەو دو دەوڵەتە، دەستکاریی سیستمی حوکمڕانیی ئەوانیش بکات. تا ئێستا ئێران دژ بەو گۆڕانکارییانەیە، تورکیاش لە هەلومەرجی ئێستادا یەکێکە لەو ئەنجومەنەی پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتیی گۆڕانکاریی هەلومەرجی سیاسی، ئابوریی، دیموگرافی و هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بۆیە تاکە ڕێگە بۆ کەمەنەتەوەکانی ناوچەکە، بریتییە لە تێگەیشتن لە پلانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و کارکردن لەو چوارچێوەیەدا. ئەو گۆڕانکارییانەش کە ئەمریکا دەیانکات، لەبەر خاتری هیچ گەلێک یان دژی هیچ گەلێک نییە، بەڵکو بەستنی هاوپەیمانیێتی و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و ئابوریی ناوچەکەیە لە پێناوی بەرژەوەندییە نزیک و دورەکانی خۆیدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif