لەتیف فاتح فەرەج
حزب لە باشوری كوردستان هۆكارێكی سەرەكی پەرت بوونی كۆمەڵگەی كوردیبە، نەك هەر ئەوە، ئەوە حزبە حكومەتی لە حكومەتی خستووە و حكومەتی خستوەتە خزمەتی خۆیەوە و ، پهرلەمانی پەكخستوە، ناهێڵێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست بێت و دەیەوێت میلیشیای حزبی هەبێت، كۆت و بەندی دادگای كردوە، قۆرخی بازاڕی كردوە، میدیای شەڕەنگێز و ناشرین و قەپۆزداری بە دۆلارمڕی دروستكردوە، شارچێتی و خێڵچێتی و خێزانچێتی و دەیان چێتی دیكەی بە دووی یەكدا ڕیزكردوە، لە بری حكومەت بڕیار دەدات، كۆمپانیای بۆ پاككردنەوەی پیسایش داناوە بۆ ئەوەی خێرەكەی بۆ هەتیوو مەتیوی حزب بێت، حزب كۆمەڵگەی هەلا هەلا كردوە.
رێگرە لە نەتەوەسازی و خۆی بە خاوەنی نەتەوەسازی دەزانێ، رێگرە لە كورد بون و خۆی بە خودانی كوردایەتی دەزانێ، رێگرە لە پێكەوە ژیان و بەردەوام باسی پێكەوە ژیان دەكات، حزب كوردی وەك كورد ناوێت، كوردی وەك ئەوە دەوێت كە خۆی دەیەوێت، ئێمە لە باشوری كوردستان زیاتر لە سی ساڵە گیرۆدەی دەستی ئاوەزی حزبین، بەرانبەر یەكتر لاسای فاشیزم لە فاشیزم خراپتر دەكەنەوە، كات و ناكاتیان نیە و هەر حەزی شەڕیان لادروست بێت فوی پیادەكەن، شەست ساڵ پترە بە ناوی كوردایەتیەوە كوردی باش دەكوژن، كوردێك دەكوژن كە نایەوێت لەوان بچێت، دواتریش ناووناتۆرەی خیانەت دەدەنە پاڵی. هەر بەپێی گێڕانەوە و حەكایەتی ناشرینی خۆیان كە پێیان وایە بیرەوەرییە و دیرۆكە و خەباتەكاری قێزەونی وا دەگێڕنەوە كە مرۆڤ ناچاری ئەوە بێت نەفرەت لەو مێژووە بكات، مێژووی خوێن و كوشتن و خیانەت و خاكفرۆشی و سەر فرۆشی.
حزب لە باشووری كوردستان لە بری پەروەردەكردنی مرۆڤی ئازاد، مرۆڤی كەلەلاو بێدەست و پێ، لارە مل و فەرمانجێبەجێكەر دروست دەكات و پێی دەڵێت ئەوە بكە كە من دەمەوێت، بڵێی نا ڕیشەت دەكێشێت، برسیت دەكات، بوختان بۆ خۆت و باو باپیرت دروست دەكات، بەڵێیشی بۆ بكەیت دوای ئەوەی فەرمانەكانی بە جێدێنی بۆ سڕینەوەی ئەوەی بۆت كردوە تۆش فت دەكات. خودایە دیرۆكی ئێمە لەم تیلمە خاكە كە لە هەموو لایەكەوە دوژمن بەشی خۆی لێقرتاندوە، دیرۆكێكی چەند ناشرین و قێزەونە. لەكاتێكا وەك تاك جوانترین مرۆڤمان هەیە، پاكترین، كۆمەڵگەیەكی ئاكاری خاوەن لێبوردەیی و ئازادیخواز، حزب هاتووە لە بری ڕێزگرتن لەو جوانیانە، لەو هەمەڕەنگیە، لەو ژیاندۆستیە، لەو هەموو جەلەنگ و ئازو تەوارو عەگیدە، میلەت بەردەداتە یەكتر، دەمانكات بە گژ یەكترا، دەیەوێت هەمیشە لە دەرەوەی مێژوودا بین بۆ ئەوەی ئاشی ئەو هەمیشە بگەڕێت، هەر بەوەش وایكردوە پێكەوەیی، پێكەوە ژیان، یەكتر قەبوڵكردن دروست نەبێت.
نەفرەت لە میدیای زماندرێژ و شەڕەنگێزی حزب.
نەفرەت لەو كەسەی یەكەمین گولەی نا بە سینگی براكەیەوە بە بڕیاری حزب و لاپەڕەی شەڕی ناوخۆی هەڵدایەوە.
نەفرەت لە یەكەمین ئەو شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانەی ئاگری شەڕی ناوخۆیان خۆشكرد.
.jpg)
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق