سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، ئەمریکا نەیتوانیوە متمانە بۆ تاران دروست بکات، ئێستا نۆرەی واشنتنە بڕیار بدات کە ئایا دەتوانێت ئەو متمانەیە دروستبکاتەوە یان نا.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکان نووسیویەتی: "پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان جەختمان کردبووەوە کە ئێمە خاوەن نییەتێکی باش و ئیرادەی پێویستین، بەڵام بەهۆی ئەزموونی دوو جەنگی رابردوو، هیچ متمانەیەکمان بە لایەنی بەرامبەر نییە."
قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە شاندی ئێرانی بە ناوی میناب 168 ، کۆمەڵێک دەستپێشخەریی نوێیان خستە روو، بەڵام لایەنی بەرامبەر لەم خولەی دانوستانەکاندا نەیتوانیوە متمانە بۆ شاندی ئێرانی دروست بکەن.
دوای نزیکەی 40 رۆژ جەنگ، رۆژی هەشتی نیسان ئەمریکا و ئێران بە نێوبژیوانی پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن و بڕیاریاندا لە ئیسلامئابادی پاکستان دانوستاندن بکەن. هەردوو دوێنێ بۆ ماوەی 21 کاژێر کۆبوونەوە و گفتوگۆیان هەبوو، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت ئەمریکا لە لۆژیک و بنەماکانی تاران تێگەیشتووە. گوتیشی، ئەوان "دیپلۆماسیی بەهێز" شانبەشانی خەباتی سەربازی بە رێگەیەک دەزانن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران و دەستبەرداری "دەستکەوتەکان"ی 40 رۆژەی بەرگری ئێران نابن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف سوپاسی هەوڵەکانی پاکستانی کرد بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی دانوستاندنەکان و دەستخۆشی لە شاندی ئێرانی کرد کە بۆ ماوەی 21 کاژێر لە گفتوگۆی چڕدا بوون.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق