لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و بونی نزار ئامێدی بە سەرۆك، دێرین لەتیف ڕەشید کوڕی گەورەی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە نوسینێکیدا کە بۆ باوکی نوسیویەتی دەڵێت: شانازی بە باوکمەوە دەکەم کە بە ماندووبونی خۆی و بە دەستکەوتە کەسی و بێکۆتاکانی خۆیەوە و بە ئەزموون لێهاتووی خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێرا لە ٢٠٢٢
لە نوسینەکەیدا دێرین لەتیف ڕەشید بە یەك وشە باس لە رۆڵی یەکێتی و سەرۆکەکەی و فراکسیۆنی یەکێتی ناکات و بوون بەسەرۆكکۆماری باوکی دەگێڕێتەوە بۆ تواناو لێهاتووی خۆی، ئەمە لەدوای ئەوە دێت کە لەتیف ڕەشید جارێکیتر خۆی کاندیدکردەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە دژی کاندیدبوونی بوو و پشتیوانی لە نزار ئامێدی کرد.
دەقی نوسینەکە
وشەیشانازی بە کەم دەزانم بەڵام دەبێت بڵێم شانازی بە باوکمەوە دەکەم کە بە ماندووبونی خۆی و بە دەستکەوتە کەسی و بێکۆتاکانی خۆیەوە و بە ئەزموون لێهاتووی خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێرا لە ٢٠٢٢. لەماوەی پۆستی سەرۆکایەتیەکەیدا بەو پەڕی دەستپاکی و ڕاستگۆیانەو و دڵسۆزانە کاری کردو هەموومان پێی سەربەرزبووین، باوکم وەک باوک و سەرۆک کۆمار و دایکم وەک دایک و وەک خانمی یەکەمی عێراق کە هەموو ژیانی خۆیان تەرخانکرد بۆ خزمەتی وڵات بێ ماندووبوون بەردەوامن، بە هیوام ئەوە ببێتە نمونەو پێوەرێک بۆ هەموو ئەوانەی کە لەداهاتوودا دەبنە سەرۆک و خانمی یەکەم.
من نامەوێت لێرە سەرجەم کار و چالاکی و دەستکەوتەکانیان باسبکەم کە هەردووکیان ئەنجامیان داوە چونکە دەیان و سەدان و بگرە هەزارانیشە، بەڵام دەمەوێت مشتێک لە خەرمانێک بیربهێنمەوە لە لە دیارترینیان جێبەجێكردنی شایستە دەستوورییەكان و كاركردن بۆ حكومەتێكی بە توانا كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكان بێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حزبی بەعسی و كاراكردنەوەی ماددەی 140 و چارەسەركردنی كێشەی زەویە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی ناوچە دابڕێنراوەكان بەڕەچاوكردنی دەستور و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف، هەروەهاهەوڵی دەستوری و یاسایی لە پێناو موچەی هەرێمی کوردستان.
شانازییەکی تری گەورەش بریتی یە لە مەرسومێكی كۆماری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و ئیمزاکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمانەش هاوشان و هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی خانمی یەکەم کە خەمی هەمیشەی پرسی ئەنفالكراوان و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراوان بووە، رۆڵێكی گرنگ و كاریگەری بینیووە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیی راسپاردووە بە جدی كار بكەن بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراوان كە تائێستا نەدۆزراونەتەوە و نەگەڕێندراونەتەوە.
لەساڵانی سەرۆکایەتیاندا ئەو شەرەفەم هەبوو کە سەرۆک و سەرکردەی ووڵاتان ببینم و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەم کاتێک ئەو ڕێز و پێزانینەم دەبینی بۆ باوکم و دایکم دڵخۆش بووم و شانازیم دەکرد، من ناتوانم بە چەند دێڕێک باسی هەموو ئەو بابەتانە بکەم بەڵام ئومێدەوارم ڕۆژێک بتوانم بە شوێن پێکانی تۆ و دایکمدا بڕۆم و ئەوکارانەی ئێوە تەواوتان نەکردوە من تەواوی بکەم.
دووبارە سوپاس بۆ ماندووبونتان سوپاس بۆ خەمخۆری و خزمەتەکانتان سوپاس بۆ ئەو تەمەنەی بەخشیتان لە پێناو گەلەکەتان و دڵنیام لەهەر شوێن و پێگەیەک بێت خزمەت و دڵسۆزیتان بەردەوام دەبێت.
کوڕی خۆتان دێرین


ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق