بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕکردن دژی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئەوان بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەوان و ئەمریکا ئامانجە سەرەکییەکەی خۆیان پێکاوە.
نەتەنیاهوو گوتی: "گەیشتووینەتە بارودۆخێک ئێران چیدیکە هیچ دامەزراوەیەکی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نەماوە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئەگەر ئەم جەنگە هەڵنەگیرسایە، ئێستا تاران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو.
لەڕووی مەیدانییەوە، نەتەنیاهوو ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی دەیان بارەگای سەرەکیی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا وێران بکات: "جەنگ لەگەڵ ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئێمە هێشتا شتی زۆرمان ماوە دژیان بکەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێران هێشتا بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی لایە؛ ئەم بڕە یان دەبێت لەڕێگەی رێککەوتنێکی سیاسییەوە لەو وڵاتە ببرێتە دەرەوە، یان لەڕێگەی دیکەوە رێگرییان لێ دەکەین."
نەتەنیاهوو جەختی لەوە کردەوە، لە هەموو هەنگاوەکانیدا "هاوئاهەنگی و هاوکاریی تەواو" لە نێوان ئەو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هەیە. سەبارەت بە بەرەی لوبنانیش، نەتەنیاهوو گوتی: "ئێمە رێککەوتنێکی راستەقینەی ئاشتیمان لەگەڵ لوبنان دەوێت کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو بمێنێتەوە."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین گەڕی گفتوگۆی رووبەڕووی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، کە وەک دوایین هەوڵ بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و رێگریکردن لە شەپۆلێکی نوێی وێرانکاری دەبینرێت.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق