د.بێستون محمد
-
لە پشت پەردەی هەواڵەکانی گرانبونی سوتەمەنی، ڕاستییەکی ترسناکتر و قوڵتر هەیە کە ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە گەروی هورمزدا دەیکەنە هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ سەر مرۆڤایەتی؛ ئەویش ئەوەیە کە نەوت تەنها سەرچاوەیەک نییە بۆ سوتاندن، بەڵکو "بناغەی شاراوە"ی هەمو ئەو کاڵایانەیە کە جیهانی مۆدێرنیان لەسەر وەستاوە.
شیکارییەکان بۆ پێکهاتەی سەرەکی نەوت) دەری دەخات کە تەنها ٢٠٪ی نەوتی جیهان کە بۆ پترۆکیمیاوییەکان بەکاردێن، هۆکارن بۆ بەردەوامیی ژیان لە کەرتی تەندروستی، کشتوکاڵ و پیشەسازیدا.
داخستنی ئەم گەروە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، تەنها هۆکاری کوژاندنەوەی بزوێنەرەکان نییە، بەڵکو وەک بڕینی خوێنی کارگەکانی پلاستیک، دەرمان و جلوبەرگە، کە تێیدا پڕۆسە کیمیاییە ئاڵۆزەکانی وەک "هابەر-بۆش" (Haber-Bosch - پڕۆسەی دروستکردنی ئەمۆنیا لە گاز بۆ پەین) پەکدەخات؛ ئەم پڕۆسەیە بەبێ ئەو هایدرۆجینەی لە گازی سروشتی وەردەگیرێت، ناتوانێت پەینی نایترۆجینی بۆ ملیاران هێکتار زەوی دابین بکات، ئەمەش واتا هەر گرژییەک لەم ناوچەیەدا ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی.
لە ڕەهەندێکی ترەوە کە ڕەنگە بۆ زۆرێک لە خوێنەران جێگای سەرسوڕمان بێت، کە هایدرۆکاربۆنەکان سەرچاوەی گەشەکردنی جۆرێک لە وزەن کە جیهان وەکو جێگرەوەی خودی هایدرۆکاربۆنەکان دەیبینێت، ئەویش بریتییە لە "وزەی سەوز"، لە کاتێکدا جیهان هەوڵ بۆ ڕزگاربون لە سوتەمەنی فۆسیڵی دەدات، بەڵام تەنانەت تەکنەلۆژیا پاکەکانی وەک پانێڵی سۆلار، تۆرباینی با و ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان (EVs)، بە تەواوی وابەستەی ئەو پلاستیک و پۆلیمەرە دەستکردانەن کە لە نەوت و گاز بەرهەم دێن.
کەواتە گەروی هورمز تەنها وەک ڕێڕەوێکی سوتەمەنی نییە، بەڵکو وەک جومگەیەکی جیۆپۆلۆتیکی وایە کە کلیلی پیشەسازی دەرمان (لە دەرزی و کیسەی خوێنەوە تا ئامێرەکانی تیشک و دەرمان و هتد..)، کەرتی کشتوکاڵ و تەنانەت گواستنەوەی وزەی سەوزیشی لەدەستدایە.
لێرەوە تێدەگەین کە ململانێی ئێران و ئەمریکا تەنها کێبڕکێیەک نییە لەسەر هەژمونی سیاسی، بەڵکو یارییەکە بەو "کەرەستە خاوە سەرەتاییانەی" کە بەبێ ئەوان ژیانی مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش پیشەسازی، و ئەمەش وا دەکات هەر تێکچونێکی ئەمنی لەم گەروەدا، زۆر زیاتر لە نرخی بەنزین، کاریگەری لەسەر نرخی هەمو شتێک هەبێت؛ لە نانەوە تا دەگاتە نوێترین مۆبایل و دەرمانی نەخۆشخانەکان.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق