عومەر قادر
-
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگری سەدان چیرۆکی ڕاستەقینەی جەنگی گرنگ و چارەنوسسازە لە مێژوی ئایینەکان، ئیمپراتۆریەتەکان، دەوڵەتان و گروپە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە. هەندێک جەنگ لە مێژودا خاڵی وەرچەرخان و "منداڵدانی" دابەشکاریی نوێ و جێگۆڕکێی هێزەکان بون لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
سەرنج بدەن، لێکەوتەی جەنگەکانی وەک (قادیسیە، چاڵدێران، جەنگی یەکەمی جیهانی، ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ و جەنگی کوێت)، تەنها سنورەکانیان نەگۆڕی، بەڵکو شێوازی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییان بۆ سەدان ساڵ گۆڕی. لە ئێستاشدا ئەگەر بە وردی سەرنج بخەینە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل)، بە هەمو پێوەرەکان ئەنجامی ئەم کێشمەکێشە دەبێتە کلیل یان کۆدی وەرچەرخان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.
ئایندەی ئەم ململانێیە لە نێوان دو ئەگەری سەرەکی دایە:
درێژەکێشانی جەنگ
ڕاگرتنی جەنگ
یەکەم: ئەگەری درێژەکێشانی جەنگ
لەبەر ئەوەی ئێران تەنها دەوڵەت نییە، بەڵکو خاوەنی چەندین گروپی بریکارە (Proxies) لە وڵاتانی ناوچەکە، درێژەکێشانی جەنگ لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە بەرژەوەندیی تاران. لە لایەکی دیکەوە، هەیمەنەی ئێران بەسەر گەروی هورمز و بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، واقیعێک دەخولقێنێت کە تێچوەکەی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر گران دەبێت.
هەروەها ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوتیی وڵاتانی کەنداو و پەکخستنی ڕێڕەوی ژیان لە و وڵاتانەدا، دور نییە ببێتە هۆی دابەزینی کێرڤی متمانەی دەسەڵاتدارانی کەنداو بە ئەمریکا؛ چونکە وا هەست دەکەن واشنتۆن نەیتوانیوە وەک پێویست بییانپارێزێت. خەڵکی ئەو ناوچانەش بەردەوام دەپرسن: "ئەم باجە لەپای چی و بۆ بەرژەوەندیی کێ دەدرێت؟"
هاوکات، سیاسەتی "بێمنەتیی" دۆناڵد ترەمپ و هەوڵدان بۆ پەلکێشکردنی ئەوروپا (بەتایبەت بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) بۆ جەنگێک کە تەنها لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و "ماگا" (توندڕەوەکانی ناو ئەمریکا) بێت، لای ئەوروپییەکان پەسند نییە و جۆرێک لە خۆپارێزی پەیڕەو دەکەن. بۆیە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە "ئاگربەست و ڕێککەوتن" ببێتە کارێکی واقیعی (دیفاکتۆ). لە حاڵەتی وەهاشدا، ئەمریکا پێشەنگایەتیی پلە یەکی خۆی لەدەست دەدات و جارێکی دیکە دابەشبونێکی نوێ لە فۆرمی سێ جەمسەری هاوتادا (چین، ڕوسیا و ئەمریکا) لە ناوچەکەدا ڕودەدات، کە جیاواز دەبێت لەو نەزمەی دوای جەنگی سارد هاتە کایەوە.
دوەم: ئەگەری ڕاگرتنی جەنگ
ئەمریکا و ئیسرائیل هەرچەندە وەک یەک تیم دەردەکەون، بەڵام دیدگایان بۆ بەردەوامبونی جەنگ جیاوازە؛ ئەمریکا بەدوای "تەسلیمبونی بێمەرج"ی ئێرانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل "ڕوخانی ڕژێم"ی دەوێت. لەم هاوکێشەیەدا کات لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نییە. یەکلاکردنەوەی چارەنوسی جەنگ بۆ پێگەی کۆمارییەکان و ترەمپ، سەنگی مەحەکی سیاسییە بۆ ئایندەیەکی نزیک.
بژاردەی ڕاگرتنی جەنگیش لە دو ئەگەردا کورت دەبێتەوە:
ڕاگرتنی جەنگ بەهۆی ڕوخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ڕاگرتنی جەنگ بەبێ ڕوخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تا ئێستا کارتەکانی بەردەست بۆ تەسلیمکردن یان ڕوخانی ئێران ڕون نین؛ چونکە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز نییە پشتی پێ ببەسترێت (هاوشێوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە ساڵی ١٩٩١). لە مێژوی ئێراندا خرۆشانی شەقام کاریگەر بوە، بەڵام ئەم کارتە لە سەردەمی ترەمپدا تا ڕادەیەک سوتا؛ کاتێک بەڵێنی بە خەڵک دا کە پشتیوانییان دەکات، بەڵام تەنها لە ئاستی دروشمدا مایەوە و گەلانی ئێران باجێکی خوێناوییان دا، ئەمەش متمانەی بە ترەمپ لاواز کرد.
لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی ترەمپ بۆ پەلکێشکردنی کورد بۆ ناو جەنگەکە، بە فشاری تورکیا ڕاگیرا، بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەوارەیەکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت. ئێستا ئێران بە خێرایی بۆشایی ڕێبەرە کوژراوەکە پڕ بکاتەوە. ئەگەر ڕێبەرە نوێیەکە ڕوبەڕوی هەمان چارەنوس ببێتەوە، ڕەنگە عەقیدەی سیاسیی ئێران بگۆڕێت و لەبری "مەرگی فیزیکی"، ملکەچی یان ڕێککەوتن هەڵبژێرن.
لەکۆتاییدا، بەهۆی دەرفەتی کەم و فشاری زۆرەوە، چارەنوسی جەنگەکە لە نێوان (درێژەکێشان و ئاگربەست) لە دو هەفتەی داهاتودا یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت مۆدێلی گۆرانکاری ڕژێم وەک ئەوەی لە (عێراق یان ئەفغانستان)لە ئێراندا جێبەجێ بکات، ناچار دەبێت "پیاڵە ژەهرەکە" هەڵبدات و مل بۆ ڕاگرتنی جەنگ بدات

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق