تا ئێستا 210 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون

ليست هناك تعليقات


بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران تاوەکو کۆتایی شەوی دووشەممە، هەرێمی کوردستان بە 210 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە هێرشەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 سنووری پارێزگای هەولێر بە 183 درۆن و مووشەک، سلێمانی بە 23 درۆن و مووشەک، دهۆک چوار درۆن و هەڵەبجەش بە دوو درۆن بۆردوومان کراوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، لە هێرشەکاندا جگە لە گیانلەدەستدانی چوار کەس، 19 کەسیش بریندار بوون، لەوانە سێ کارمەندی ئاسایش لە هەولێر، سێ پاسەوان و سێ کەسی سڤیل لە سلێمانی. پەنابەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، هاونیشتمانییەک لە هەولێر و یەکێکیش لە زاخۆ.

زۆرترین هێرش بۆ سەر هەولێر


 تاوەکو کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 9ـی ئادار و رۆژی 10ـەیەمی جەنگ، 181 هێرشی درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون زۆرینەیان سەنتەری هەولێری کردووەتە ئامانج.

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون.

لە 03ـی ئادارەوە تاوەکو شەوی دووشەممە، 23 درۆن و مووشەک بووە، کە چڕتریان شەوی 7ـی ئادار بوو، کاتێک بە شەش درۆن سەنتەری شارەکە بۆردوومانکرا.

 لە پارێزگای دهۆک بە چوار درۆن سێ هێرش دژی سنوورەکە کراوە. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.

لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە، 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە بۆردوومان کرا. هێرشەکە دژی تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کراون.

ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە

پارێزگای هەولێر: درۆن مووشەک لەم ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.

پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.

پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.

پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ.

رێکخراوێک: 4 گیانلەدەستدان و 19 بریندار هەن

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو دووشەممە بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی جەنگەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، سێ یان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ئەوی دیکەش کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.

رێکخراوەکە بۆردوومان و هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تۆمار دەکەن. کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە لە هەرێمی کوردستان،گوتی: "بەهۆی هێرشەکانەوە دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، یەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گیانیان لەدەستداوە".

بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، بەهۆی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە 19 کەس بریندار بوون؛ 12یان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 6 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و یەک لە سنووری پارێزگای دهۆک.

لە ئامارەکەدا هاتووە "لە بریندارەکان 3 یان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون و لە فڕۆکەخانەی هەولێر بریندار بوون، هەروەها دوویان سکیوریتی بوون لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، یەکێکیان سکیوریتی بووە لە هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. هاوکات سێ سڤیل برینداربوون، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بووە لە زاخۆ، بریندارێکیش پەرستارێک بووە لە کەمپی ئازادیی لە کۆیە. هەروەها 10 بریندار پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون".

جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەستیان پێکرد و بەردەوامە.

زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێران کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif