ئه‌نجامی راپرسییه‌ك ئاشكرای ده‌كات كه 66%ی ئه‌مریكییه‌كان پشتگیری لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، لە کاتێکدا به‌شێك له به‌شداربوانی راپرسییه‌كه ره‌تیده‌كه‌نه‌وه.
وردودرشتی هه‌واڵ؛
ڕاپرسییەکی یوگۆڤ دەریخستوە کە 66%ی ئەمریکییەکان پشتگیری لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، لە کاتێکدا 15% دژایەتی دەکەن.
له ڕاپرسییەکەدا هاتوه، زیاتر لە سێ هه‌زار و 700 کەسی پێگەیشتو به‌شداریان تیادا كردوه و رای خۆیان له‌باره‌ی به‌رده‌وامی یان كۆتاییهێنان به شه‌ڕی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ربڕیوه.
زانیاری په‌یوه‌ندیدار؛
ماڵپه‌ڕی ئاکسیۆس له راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌كردوه، دوای سێ هەفتە لە شەڕ، ئیدارەی ترەمپ گفتوگۆی سەرەتایی لەسەر قۆناغی داهاتو ده‌ستپێده‌كات كه ڕەنگە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌و بابه‌ته رایانگه‌یاندوه، تیمی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا پلانی ستراتیژی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی ئەگەری لەگەڵ ئێران دادەنێت، به‌ڵام چه‌ند مه‌رجێكی بۆ ئێران هه‌یه.
به‌گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، له ئێستادا ئیداره‌ی تره‌مپ به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت له ئێران بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكات، مه‌رجی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم سفر بكاته‌وه و ریاكتۆره‌كانی له‌ناوببات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه رونیكردوه‌ته‌وه، مه‌رجێكی دیكه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه كه "ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ گه‌روی هورمز بكاته‌وه و ده‌ستبه‌كاری پشتیوانی له گروپه چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كه ببێت و هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشبردنی سیستمی موشه‌كی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ بوه‌ستێنێت".
له راپۆرته‌كه هه‌روه‌ها هاتوه، ئه‌مریكا و ئێران تاوه‌كو ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆیان نیه و ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره قه‌ته‌ر نێوه‌ندگیری دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران بكات له‌جێگه‌ی عوممان كه پێشتر نێوه‌ندگیری نێوان هه‌ردو وڵات بو.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تاران پێشتر چەندین لەو داواکاریانەی ڕەتکردوه‌تەوە و ئێران ده‌ڵێت، داواكاریه‌كانی ئه‌مریكا نوێ نین.
پاشخانی هه‌واڵ؛هێرشی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران له 28ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه له یه‌كه‌مین رۆژی شه‌ڕه‌كه‌دا عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری باڵای ئێران و ده‌یان سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی ئێران كوژران و سوپای پاسدارانیش له وه‌ڵامدا هێرشده‌كاته سه‌ر بنكه‌كانی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئیسرائیل، هاوكات ده‌یان ئامانجی له وڵاتانی ئیمارات، قه‌ته‌ر، كوه‌یت و ئوردن كردوه‌ته ئامانج.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق