ئەوەی شاسوار عبدلواحیدی تێکشکاند زیندان نەبوو!

ليست هناك تعليقات



شاسوار عبدلواحید لەدەساڵی ڕابردوودا وەك سیاسیەکی تازە دەرکەوتوو هەمیشە یەکێك بوە لەو سیاسیانەی هەم خۆی قسەی زۆری کردوە و هەم زۆر قسەشی لەبارەوە کراوە.

شاسواری پێش دەستگیرکردن ئەوەی دوای ئازادکردنی نیە، چونکە ئەو ئێستا لەگەڵ وێنەیەکی تێکشکاو و واقعێکی پێچەوانەی ڕابردووی دەژیت، هەرچەند بەدەرکەوتنەکانی و قسەکردنەکانیدا دەیەوێت ئەو تێکشکانە بشارێتەوە کە تیایدا دەژیت بەڵام ئەگەریەکێك بەوردی سەرنجی بدات تێدەگات لە چ دۆخێکی پێچەوانە لەگەڵ ڕابردوویدایە.

"وێنەیەکی خەیاڵی بۆ خۆی کێشابوو کە زۆر لە وێنە واقعیەکەی خۆی گەورەتر بوو"

تیکشکانەکەی هێندە گەورەیە کە نە بە ڕوونکردنەوە و پاساوەکانی و نە بە هێرشکردنە سەر ئەوانیتر ناشارێتەوە، بە جۆرێك کە دەرونی لە نێوان دوێنێ خۆی و ئەمڕۆیدا گیری کردوە، دوێنێیەك کە خەڵکی تێدا لەسێدارە دەدا و ئەمڕۆیەك دەبێت گوێڕایەڵی بێت.
من پێموایە ئەوەی کاك شاسواری تێکشکاند خودی زیندان نەبوو، بەڵکو بیرکردنەوەی خۆی بوو، بیرکردنەوەیەك کەخودی شاسواری بردبوە دنیایەکیتر و لە واقیع زۆر دووری خستبویەوە، ئەو وێنەیەکی بۆخۆی کێشابوو کە لە خۆی نەدەچوو، گەورەتر لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی و لە حیزب و لەکورسیەکانیشی.

ئەو پۆپۆلیستی گەشتبوەلوتکە، ئەنانیەتی گەر چەوری بوایە هێندە بەرز بوو ئێستا سێ چوار جەڵدە لێیدابوو، بە جۆرێك تەسلیمی خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆی بووبوو کە وێنە ڕاستەقینەکەی بەتەواوی ونکردبوو
ئەو بەتەواوی مامەڵەی لەگەڵ وێنە خەیاڵیەکەی نێو زیهنی خۆی دەکرد، بۆیە رۆژێك لەبەردەرکی سەرا خەڵکی لەسێدارە دەداو رۆژێکیش حکومەتی پێکدەهێنا بەبێ یەکێتی و پارتی، حسابی بۆ هیچ هیزێكیتریش نەدەکرد و هەموانی بە پاشکۆی یەکێتی و پارتی دەزانی جگە خۆی، ئەو زۆر ڕوون دەیوت منیان لێڕاست بۆتەوە و پارەی باج و ئاو کارەبا نادەم چیشیان لەدەستدێ با بیکەن، ئەو دروشمی بانگەشەکەی هەڵبژاردنی ئەوەبوو کە ئەمجاریش درۆ دەکەن، دەیوت خەڵکینە پارتی و یەکێتی هەرچیانوت باوەڕیان پێ مەکەن و زۆر شتیتر....

"گرفتی ئێستا ئەوەیە کە دەیەوێ خەڵك مامەڵە لەگەڵ وێنە خەیاڵیەکەی بکات، تاکو وێنە تێکشکاوەکەی ئێستای بشارێتەوە"

هەموو ئەم قسانە لە ژێرکاریگەری بیرکردنەوەی ئەو وێنە خەیاڵیەبوو کە لە مێشکی خۆیدا بۆ خۆی کێشا بوو، ئێستا وێنەکە خراوەتەوە قاڵبی خۆی و تیگەشت وێنە خەیاڵیەکە تێکی شکاندوە و لەگەڵ واقعدا نایەتەوە، بۆیە هەرچەند ڕوونکردنەوە دەدات و دەنوسێت ئەوەی کە وتویەتی درۆئەکەن بۆی ناکرێتەوە بەوەی کە مەبەستی یەکێتی نەبوە!، ئێستا بە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی دەبێت ریز لەو کەسە بگریت و بە گوێی بکا کە پێشتر بڕیار بوو لە سێدارەی بدا.

بۆیە ئەوەی تێکی شکاند ئەو بیرکردنەوەیەبوو کە هەیبوو، پێیوابوو کەس ناتوانێ دەستی بشکێنێتەوە چونکە ١٥ کورسی هەیە، کەس ناتوانێ بڵێ پشتی چاوت برۆیە چونکە لە کۆشکەکانی تورکیە وبەغداد و تاران پێشوازی لێ دەکرێ، پێی وابوو ئەگەر دەستگیر بکرێ ئەوا ئەو سەفیر ونوێنەری وڵاتانەی دەهاتنە چاڤیلاند پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەبچڕێنن، پێی وابوو ئەگەر دەستگیربکرێ شارو شارۆچکەکان پڕ دەبن لە خۆپیشاندانی سەدان هەزاری، پێیوابوو کە سەرپەرشتی کەمپەینی هەڵبژاردن لە زیندانەوە کورسیەکانی بۆ دەکات بەدوو هێندە، ئەو پێی وابوو بافڵ تاڵەبانیش وەک عومەر فەتاح و ئەوانیترە، بەڵام ئەمانە هیچیان نەبوون، چونکە خودی بیرکردنەوەکە ناواقعی و هەڵەبوو، چونکە ئەو وێنەی لە مێشکی خۆیدا کێشابووی ئەوە نەبوو کە لە زیندانە، بۆیە بەرلەئازاد بوونی وێنەکە تێکشکا، ئەمجارەیان بەناچاری مامەڵە لەگەڵ وێنە ڕاستەقینەکە دەکات و هەنگاوی لەگەڵ هەڵدەگرێت، وێنەیەك کە پێی وت تۆ شەریکەکەی ڕابردویت و وەرەوە سەر ئەو سفرەیەی لەسەری گەورەبوی.

"پۆپۆلیستی و پەرتی وخەیاڵ پڵاوی و بەرژەوەندی خوازی ئۆپۆزسیۆن، دەسەڵاتی لاواز نەکرد، بەڵکو بێ هیوایی لای تاکی کورد بەهێزتر کرد"

گرفتی ئێستای شاسوارعبدلواحید ئەوەیە کە هێشتا دەیەوێ خەڵك مامەڵە لەگەڵ وێنە خەیاڵیەکەی ڕابردووی بکات، تاکو وێنە تێکشکاوەکەی ئێستای بشارێتەوە، لە کاتێکدا من پێموایە ئەوەی لەڕابردوودا مومارەسەی کردوە بۆ ئەو هەڵەبوە و ئێستا لەواقعەوە نزیکترە بەمەرجێ نەیەوێ ئێستایمان وەك شۆڕش پێ بفرۆشێتەوە، بۆیە بۆ سیاسی مومارەسەی وێنەی ڕاستەقینەکەی یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنیەتی، ئێمە وێنەکە وەك خۆی دەبینین و هەر هەوڵێك بۆ کێشانی وێنەیەکیتر هەڵەیەکیترە.

بۆیە دەبێت ئەمە وانەیەك بێت بۆ هەموو ئەوانەی سیاسەت دەکەن و لەدەرفەتێکدا چەند کورسیەك بەدەست دەهێنن پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقعدا بکەن و وێنەی خەیاڵی بۆ خۆیان دروست نەکەن، بیریانبێ کە پۆپۆلیستی و پەرتی وخەیاڵ پڵاوی و بەرژەوەندی خوازی ئۆپۆزسیۆن، دەسەڵاتی لاواز نەکرد، بەڵکو بێ هیوایی لای تاکی کورد بەهێزتر کرد.

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif