وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، رادەستکردنی سنووری دەریایی بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری حکومەت بووە و پشتی بە یاسا بەستووە، دیاریکردنی ئەو سنوورەش پرسێکی سەروەرییە و بۆ هیچ وڵاتێک نییە دەستوەردان بکات.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی رادەستکردنی نەخشەی سنووری ئاوى عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 266ـی ساڵی 2025ـی حکومەت بووە و پشتی بە چەند یاسا و بڕیارێک بەستووە.
ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتی دەرەوە دوای رۆژێک بوو لە رادەستکردنی نەخشەی پۆتانی سنوورە دەریاییەکانى، بەگوێرەی رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای گشتیی دەریایی ساڵی 1982.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بڕیاری دیاریکردنی سنووری دەریایی عێراق بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییە پەیوەندیدارەکانی پێشووە، کە پشتی بە پۆتانی ورد بەستووە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە یاسای نێودەوڵەتیی کەشتیوانیدا.
ئەو وەزارەتە جەختی لەوە کردووەتەوە، دیاریکردنی مەودای دەریایی لە رێگەی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسا دەریاییەکان، پرسێکی سەروەرییە و بۆ هیچ وڵاتێک نییە دەستوەردان بکات.
حکومەتی کوێت لە 21ـی شوباتدا بە فەرمی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکەی عێراق دەربڕی و تۆمەتباری کرد بەوەی لە رێگەی نەخشە نوێیەکانییەوە، "دەستوەردان" لە سەروەریی خاک و ئاوەکانیدا دەکات.
بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و بەدر بوسعیدى، وەزیرى دەرەوەى عومان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لەو پەیوەندیەدا فوئاد حوسێن ئاماژەى بەوەداوە کە پێشتر لە ساڵى 2014 کوەیت بەبێ راوێژ لەگەڵ عێراق نەخشەى سنوورى دەریاوانى خۆى رادەستى نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لەکاتێکدا حکومەتى عێراق رادەستکردنى ئەو نەخشانەى داخستووە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق