پارتی دەسەڵاتداری پورتوگال هاوشێوەی فەرەنسا و ئوسترالیا، هەوڵی قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان دەدات و پڕۆژەیاسایەک دەخاتە بەردەم پەرلەمان کە تێیدا تەمەنی یاسایی بۆ چوونە نێو دنیای دیجیتاڵییەوە بە 16 ساڵ دیاری کراوە.
پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتداری پورتوگال پێشنیازێکیان ئاراستەی پەرلەمان کردووە و تێیدا هاتووە، "تەمەنی یاسایی دیجیتاڵی بۆ دەستڕاگەیشتنی سەربەخۆ بە پلاتفۆرمەکان، خزمەتگوزارییەکان، یارییەکان و ئەپڵیکەیشەنەکان، بە 16 ساڵ دیاری دەکرێت."
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، مێردمنداڵانی تەمەن 13 بۆ 16 ساڵ تەنیا لە رێگەی رەزامەندیی دایک و باوکیانەوە دەتوانن هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبکەن. بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش، دەبێت کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا سیستەمێکی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن دابنێن و لەگەڵ ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییانەدا بگونجێت، کە حکومەتی پورتوگال بەکاریان دەهێنێت.
لە هۆکاری ئامادەکردنی پڕۆژەکەدا هاتووە، داتا زانستییەکان دەریانخستووە بەکارهێنانی پێشوەختەی سۆشیاڵ میدیا مەترسی لەسەر گەشەی ئاسایی و کۆمەڵایەتیی منداڵ دروستدەکات و ئەو تۆڕانە بوونەتە "ئامرازێکی ئاڵوودەکەر و زیانبەخش."
ئەم هەنگاوەی پورتوگال لەکاتێکدایە گوشارەکان لەنێو یەکێتیی ئەورووپا بۆ سنووردارکردنی سۆشیاڵ میدیا رووی لە زیادبوون کردووە. مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو ئوسترالیا بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خوار 16 ساڵ جێبەجێ کرد.
هاوکات فەرەنسا کە پێشتر یاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کردووە، ئێستا رێبەرایەتیی هەوڵێک لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی وەکو دانیمارک، یۆنان و ئیسپانیاش هەمان رێوشوێن بگرنەبەر.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق