ڕۆژئاوا لە نێوان وێرانبوونی وەهم و پێویستی خۆپێناسەکردنەوە ڕۆژئاوا

ليست هناك تعليقات


دکتۆرە سارا موحسین
پەرلەمانتاری کوردستان
-
 ئەمڕۆ لە قۆناغێکدایە کە وەهمەکان دەڕووخێنێت و ڕاستییەکان خۆیان دەسەپێنن. ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا ڕوویدا، بۆ هەندێک شۆک بوو، بەڵام بۆ ئەوانەی مێژوو، سیاسەت و بنەمای دەسەڵات لەم ناوچەیەدا دەناسەن، ئەمە تەنها گەڕانەوەی سیناریۆیەکی دووبارە نووسراو بوو. 

ڕۆژئاوا نە یەکەمجارە، نە دوایینجارە کە دەبێتە قوربانی گۆڕانکارییە گەورەکان. ئێمەی کورد زۆر نیگەرانین، نە لەبەر ئەوەی هێزمان نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی زۆر جار لە مێژوودا بە کارت و ڕێکەوتن فڕێدراوین. هەموو ئەو قسە بریقەدار و بەڵێنە درۆیانەی سەبارەت بە یەکگرتوویی، سەقامگیری، لە بیرمان نەچووە، بگرە زۆرجار بەسەر خۆماندا بە زوڵم و سڕینەوە کۆتاییان هاتووە. 

واقیعی ڕۆژئاوا لە دڵی شەڕ، شکستی دەوڵەت و دابەشبوونی ناوچەی نفوز دروست بوو. ئەم واقیعە نە بە وتار، نە بە ڕێکەوتن و نە بە هێزی سەربازی بە تەواوی ناسڕدرێتەوە. ئەوەی هەندێک پێی دەڵێن “کۆتاییهاتن”، لە ڕاستیدا سەردەمی گۆڕینی شێوەی بوونە، نەکو سڕینەوەی بوون. ڕۆژئاوا ئەگەر ناوی گۆڕانکارییەکان بگۆڕێت، خۆی ناگۆڕێت. 

 "کورد دەبێت لە وەهمی ئەوە دەرچێت کە دەتوانرێت ماف بە بێ ئامادەیی سیاسی، یاسایی و نەتەوەیی پارێزراو بێت"

فەلسەفەی سیستەمی دەسەڵاتی ناوەندی لەم ناوچەیەدا سەلمێنراوە: هەر کاتێک دەوڵەت هەموو شتێکی بۆ خۆی دەوێت، کۆمەڵگە دەکوژێت. چونکە ژیان لە جیاوازییەوە دروست دەبێت، نە لە یەکڕەنگی. ئەو سیاسەتانەی کە ماف، ناسنامە و ئیرادەی گەلان دەکەنە قوربانی “سەقامگیری”، لە کۆتاییدا نە سەقامگیری دروست دەکەن، نە یەکگرتوویی؛ تەنها قەیرانێکی نوێ دروست دەکەن. 

ئەم قۆناغە، قۆناغی ڕزگاربوون لە وەهمەکانە. کورد دەبێت لە وەهمی ئەوە دەرچێت کە دەتوانرێت ماف بە بێ ئامادەیی سیاسی، یاسایی و نەتەوەیی پارێزراو بێت. دەبێت لە وەهمی ئەوەش دەرچێت کە هەر ناوچەیەک دەکرێت بە هەمان شێوە بەڕێوەببرێت، بێ ئەوەی بنەمای کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی لەبەرچاو بگیرێت. 

ڕۆژئاوا ئەمڕۆ پێویستە خۆی پێناسە بکات، نە وەک کارتی کاتی، بەڵکوو وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە. ئەگەر قۆناغەکە بە هۆشیاری تێپەڕێت، ڕۆژئاوا دەچێتە قۆناغێکی نوێی مێژوویی، هەرچەندە پڕ لە قوربانی و تاقیکردنەوە بێت. سەبارەت بەو “یەکگرتن” ەی جۆلانی وەک سەرکەوتنێک بۆ هەموو سوورییەکان ناوی دەبات لەراستیدا شێواندنی واقیعە. سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە هێزەکانی (هەسەدە ) بەدەستی هێنا کاتێک داعشی تێکشکاند و ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنیی پاراست لەکاتێکدا دەوڵەت ئامادەنەبوو..

 قوربانیدانی هەزاران شەهید ناتوانرێت بسڕدرێتەوە، و ناتوانرێت ئیرادەی رۆژئاوا بە ڕاگەیاندنی سیاسی یان ڕوماڵی میدیایی پووچەڵ بکرێتەوە. هەر سەقامگیرییەک کە لەسەر ئینکاری و سەپاندنی ئیمتیازێک بە هێز بنیات بنرێت، سەقامگیرییەکی درۆینە و پێشەکییەکی دڵنیایە بۆ نوێبوونەوەی ململانێ. دکتۆرە سارا پەرلەمانتاری کوردستان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif