بەگوێرەی راپرسییەکی نوێی بانکی گۆڵدمان ساکس، زۆرینەی وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە 5,000 دۆلار. دوو پسپۆڕی کورد دەڵێن، زۆر نزیکە و ئاساییە زێڕ بگاتە ئەو نرخە.
ئەم ساڵ نرخی زێڕ بە رێژەی 58.6% بەرزبووەتەوە و لە 8ـی تشرینی یەکەمی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەربەستی 4,000 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند. ئەمڕۆش هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,237 دۆلار.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21یش گەیشتە 845 هەزار دینار
لە راپرسییەکەی گۆڵدمان ساکسدا کە لەنێوان 12 بۆ 14ـی تشرینی دووەم ئەنجامدراوە و زیاتر لە 900 وەبەرهێنەری دامەزراوەیی تێیدا بەشداربوون، 36%ـی بەشداربووان کە زۆرترین رێژەیە، پێشبینی دەکەن زێڕ درێژە بەم ئاستە بەرزەی بدات و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو 5000 دۆلار تێپەڕێنێت.
هاوکات 33%ـی دیکەی بەشداربووان پێشبینی دەکەن نرخەکەی لەنێوان 4500 بۆ 5000 دۆلار جێگیر بێت.
بانکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە 70%ـی وەبەرهێنەران پێیانوایە ساڵی داهاتوو زێڕ بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لە بەرامبەردا تەنیا 5% پێشبینی دەکەن نرخەکەی لە 12 مانگی داهاتوودا بۆ خوار 4000 دۆلار دابەزێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە، 38%ـی بەشداربووان کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە بە پاڵنەری سەرەکی دەزانن، لەکاتێکدا 27%ـیان هۆکارەکەی بۆ نیگەرانییە داراییەکان دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 29-11-2025، د. هەرێم رێبوار، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان بە رووداوی گوت، "بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زۆر وردم کردووە و ئەگەر هەیە ساڵی داهاتوو ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 5,000 دۆلار. خەریکە ئەوەش دەبێتە کەتوار (ئەمری واقیع)."
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، "پێش گەیشتن بەو نرخە، دوور نییە زێڕ دابەزینێکی خێرا تۆمار بکات، بەڵام بەخێراییش دەست بە بەرزبوونەوە بکاتەوە."
پێشیوایە، ترسێکی زۆر لە دۆخی ئابووریی ئەمریکا هەیە و دوور نییە تووشی سستیی ئابووری ببێت، کە ئەمە بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە و دەکرێت بەئاسانی بیگەیێنێتە 5,000 دۆلار.
کاروان فەتحی، پسپۆڕێکی دیکەی بازاڕەکەیە و دەڵێت، "گەیشتنی نرخی زێڕ بە 5,000 دۆلار لە ساڵی داهاتوودا شتێکی زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراوە."
لە نزیکەی سێ هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ تاڕادەیەک جێگیر بووە، یان بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەرچاو نەبووە وەک پێشتر.
کاروان فەتحی گوتی، "رەنگە ئەم ئیسراحەتەی زێڕ تاوەکو دوای سەری ساڵ بخایێنێت، یان لووتکەیەکی نوێ تۆمار بکات و دواتر دابەزێتەوە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەرێکی زۆر نزیکە بگاتە 5,000 دۆلار".
بەهۆی ئەوەی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام سەیر دەکرێت، لە ئەم ساڵدا و بەهۆی مەترسییەکانی هەڵاوسان و گرژییە جیۆسیاسییەکان و دابەزینی بەهای دۆلار، خواست لەسەری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق