فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا، زیاتر لە 15 کۆگەی چەکی داعشیان لە باشووری ئەو وڵاتە دۆزیوەتەوە و لەناویان بردوون. فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە دڵنیایی دەدات کە گرووپەکە ناتوانێت دووبارە خۆی رێکبخاتەوە."
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لەنێوان 24 و 27ـی تشرینی دووەمدا لە پارێزگەی گوندەواری دیمەشق کراوە. کارمەندانی سەربازیی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، "لەڕێگەی چەندین هێرشی ئاسمانی و تەقینەوەی زەوینییەوە، هاوکاریی هێزە سووریاییەکانیان کردووە بۆ لەناوبردنی کۆگەکان."
بەگوێرەی سێنتکۆم، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و لەنێوبراون، لەوانە: زیاتر لە 130 هاوەن و مووشەک؛ چەندین تفەنگ، بیکەیسی و مینی دژە-تانک؛ مادە بۆ دروستکردنی بۆمبی چێندراو، هەروەها دەست بەسەر مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئێمە وریا دەبین و بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی تووندی پاشماوەکانی داعش لە سووریادا." راشیگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە، دڵنیایی دەدات کە گرووپەکە ناتوانێت دووبارە خۆی رێکبخاتەوە."
ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە لە کاتێکدایە، هاوئاهەنگیی نێوان هاوپەیمانان و هێزە ناوخۆییەکانی سووریا قۆناخێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی 11ـی تشرینی دووەم، سووریا بە فەرمی بووە 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانانن، رۆژی 13ـی مانگ ستایشی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان کرد و رایانگەیاند: "تەنیا لە یەک مانگدا، هاوپەیمانان پشتیوانیی زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنیان کردووە کە شانە نووستووەکانی داعشیان کردووەتە ئامانج."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە سێنتکۆم رایگەیاندبوو لەنێوان 1ـی تشرینی یەکەم و 6ـی تشرینی دووەمدا، 22 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە سووریا کردووە، کە تێیدا 5 چەکداری داعش کوژراون و 19ـی دیکەش دەستگیرکراون.
هاوکات، گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سووریا بەردەوامن، کە ئەمریکا پێیوایە "یەکڕیزی دژی هەڕەشەی داعش بەهێزتر دەکات."
لەلایەکی دیکەشەوە، سێنتکۆم چالاکییەکانی دژی رێکخراوی قاعیدەش لە سووریا بەردەوامە. لە 2ـی تشرینی یەکەمدا، رایانگەیاند کە پیلاندانەرێکی باڵای سەر بە رێکخراوەکەیان بە ناوی محەممەد عەبدولوەهاب ئەحمەد کوشتووە، لە 19ی ئەیلولیشدا، ئەندامێکی باڵای داعشیان بە ناوی عومەر عەبدولقادر کوشتبوو.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق