نوێترین دیداری بەڕێوەبەری پێشووتری CIA

ليست هناك تعليقات


دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووتری سی ئای ئەی و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمریکا لە ساڵی 1991ـەوە هاوبەشی ستراتیژیی کورد بووە. جەختی لەوە کردەوە کە کورد جگە لە چیاکان دۆستی دیکەی هەیە، ئەویش ئەمریکا دەگرێتەوە.

پێترایۆس، باسی لە گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد لەدوای ساڵی 2003 و ئاماژەی بەوەدا کە زۆر دڵخۆشە بە بینینی ئەو پێشکەوتنەی لە ناوچەکەدا بەدیهاتووە.

بە بڕوای ئەو بەرپرسە ئەمنییەی پێشوو، "دیموکراسی هەندێک جار دەکرێت پڕ بێت لە ژاوەژاو."

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، پێترایۆس ئاماژە بەوە دەکات، "من دەمەوێت سووریای ئەحمەد شەرع سەرکەوتوو بێت و... دڵخۆشم کە جەنەراڵ مەزڵووم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دیمەشق."

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

پرسیار: بەڕێز دەیڤد، گەلێک بەخێربێیت، سوپاس کە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵمانی.

دەیڤد پێترایۆس: دڵخۆشم کە لەگەڵتانم، ئارێز. سوپاس.

پرسیار: . ئێوە لە ساڵی 2003 لێرە بوون، پێموایە پێشتریش. چ شتێک لە بیرکردنەوەی سیاسیی سەرکردەکانمان گۆڕاوە ئەگەر بەراوردی بکەیت بەو کاتانە لەگەڵ ئێستا؟

دەیڤد پێترایۆس: من لە ئاداری 2003، وەکو فەرماندەی یەکەی 101ی ئاسمانی لە کاتی داگیرکردنی عێراق و رزگارکردنی وڵات لە رژێمی خوێنڕێژی سەدام حوسێن هاتمە ئێرە. لەو کاتەوە گەشەسەندنی عێراقم بینیوە، باسی زیاتر لە 20 ساڵ دەکەین. من لێرە وەکو جەنەڕاڵی دوو ئەستێرە، جەنەڕاڵی سێ ئەستێرە، جەنەڕاڵی چوار ئەستێرە و فەرماندەی هەڵکشانی هێزەکان لە عێراق خزمەتم کردووە، دواتر بوومە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە هێشتا هەر بۆ ناوچەکەیە و، لە دوای فەرماندەیی ئەفغانستان، بوومە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی. لەو کاتەوەی کاری حکومەتم بەجێهێشتووە، چەندین جار گەڕاومەتەوە ئێرە. لەم گەشتەمدا، لێرە لە سلێمانی کاتم بەسەر بردووە و، شانازیی پێشکێشکردنی وتاری ئاهەنگی دەرچووانم لە زانکۆی ئەمریکیی-عێراق، لە سلێمانی هەبوو، لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لێرە، کە جێگەی رێزی هەموومانە. چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەولێر بووم. توانیم لەگەڵ هەرسێ کەسایەتییەکەی بنەماڵەی بارزانی کۆببمەوە، کە سەرۆکی ئێستا، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و، بێگومان، سەرۆکی پێشوو، مەسعود بارزانییە، کە ساڵانێک هاوبەش بووم لەگەڵیدا، بە تایبەتی بۆ زیاتر لە چوار ساڵ لەسەر زەوی لێرە. هەروەها بێگومان جێگری سەرۆکوەزیران قوبادم بینی. پاشان لە بەغدا لەگەڵ هەموو بەرپرسە باڵاکانی بەغدا کۆبوومەوە. سەرۆک، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها هاوڕێ کۆنەکەم، سەرۆکوەزیرانی رۆژانی هەڵکشانی هێزەکان لە عێراق. زۆر سەرسام بووم بەوەی لە هەموو شارەکاندا بینیم. بۆ نموونە لە بەغدا، ئەو رێگەیەی کە بە مەترسیدارترین رێگەی جیهان دادەنرا، واتە لە فڕۆکەخانەوە بۆ ناوچەی سەوز، ئێستا بووەتە نموونەیەکی بێوێنە. گۆڕانکارییەکە نائاساییە. توانیم گەشتێک بە هێلیکۆپتەر بەسەر تەواوی شاری بەغدادا بکەم، وەک چۆن کاتێک فەرماندە بووم دەمکرد. زۆر دڵخۆش بووم بە بینینی ئەوەی چۆن شارەکە گەشەی کردووە، بیناسازی، پێشکەوتن و گەشەی بەردەوام. بێگومان، هەمان شت لە هەولێریش راستە. هەمان شت لێرە لە سلێمانیش راستە. بۆیە زۆربەمان کە بەشێک بووین لە یارمەتیدانی عێراق بۆ رزگاربوون لە رژێمی سەدام حوسێن، پاشان شایەتی هەموو شەڕە سەختەکانی قاعیدە لە عێراق و میلیشیا جیاوازەکان و چەکدارە یاخیبووەکان و، دواتر دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بووین. پێموایە هەموومان زۆر دڵخۆشین بە بینینی ئەوەی چۆن عێراق لەو ماوەیەدا گەشەی کردووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا هەموو ئاڵنگارییە ئاساییەکانی سیاسەت و ململانێی سیاسی و ئاڵنگارییەکانی دیکە ماون. هەموو ئەوانە ئاسایین. دیموکراسی هەندێک جار دەکرێت پڕ بێت لە دەنگەدەنگ، هەندێک جار کەمێک ئاڵۆز بێت. بەڵام بینینی ئەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان و لە پایتەختی وڵاتی نێوان دوو رووبار کراون، زۆر دڵخۆشکەرن بۆ من.

پرسیار:، وەکو گوتت، هەموو ئەوانە دەربارەی شارەکانن. بەغدا، شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە ئاراستەی سیاسیی وڵاتەکەمان چی؟

دەیڤد پێترایۆس: من بیرکردنەوەی سیاسی بۆ کەسانی دیکە جێدەهێڵم. هەمیشە چڕوپڕ بووە. هەر وەکو لە ئەمریکا دەڵێن، ئەمە وەرزشێکی پڕ لە ململانێیە. وەکو سەرۆک بوش لە کاتی هەڵکشانی هێزەکان لە عێراق ئاماژەی پێدەکرد، سیاسەت هەندێک جار دەکرێت سەخت بێت، ئەوەش ئاساییە. بەو شێوەیە دەنگی خەڵک دەبیسترێت. بەڕاستی مایەی دڵخۆشییە کە هەموو پۆستەرە سیاسییەکان و ئەو هەموو حیزبە سیاسییانە دەبینم کە لەسەر ستوونەکانی کارەبا لێرە و لە بەغدا دانراون و نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوە پێویست بە قسەکردن ناکات. بزانین دوای 11ی نۆڤێمبەر چۆن دەبێت.

پرسیار:  کوردستان دوای ساڵی 2003 پێگەیەکی گرنگی لە عێراقدا هەبوو. ئایا ئەو پێگەیە ئەمڕۆش ماوە؟

دەیڤد پێترایۆس: بێگومان ماوە. لە چەندین کاتدا هەرێمی کوردستان نموونەی ئەوە بووە کە ببینین رێگە دروستەکە چۆنە. هێشتا ئابووری لە گەشەکردندایە. بەڵێ، هەڵکشان و داکشان هەیە، دۆخی سیاسەت هەیە. بێ گومان ئەوەش ئاڵنگارییە. بەڵام خۆشحاڵم کە دەبینم چەندە فراوان بووە لە رووی بوارەکانی ژێرخان، نیشتەجێبوون، بازرگانی و تەنانەت زانکۆکانیشەوە. زۆر شانازی دەکەم کە پشتگیری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق کردووە. تاکە زانکۆی ئەمریکییە کە ناوی عێراقی تێدایە لێرە لە سلێمانی، لێرە وتاری دەرچووانم پێشکێش کرد، خەڵاتی دکتۆرای فەخریم وەرگرت. پێیان گوتم یەکەم دکتۆرای فەخرییە کە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق پێشکێشی کردووە.

پرسیار:  پێموایە ئێوە بۆ ماوەی سێ رۆژە لێرە لە سلێمانی بوون.

دەیڤد پێترایۆس: بەڵێ، لە عێراق، بەڵێ. لێرە و لەوێ و لە هەموو شوێنێکی دیکە بووین.

پرسیار:  زۆر باس لە گۆڕانکارییەکانی سلێمانی دەکرێت. ئایا لەم سێ رۆژەدا ئەو گۆڕانکارییانەتان بینی؟

دەیڤید پێترایۆس: بەڵێ بێگومان. زۆر گەورەیە. بە تەواوی مەزنە. بڕوانە، من لە ساڵی 2003 دەهاتمە ئێرە. جارجار دەهاتمە ئێرە، کڵاوە سەربازییەکەم و گوللەبەندەکەم لادەبرد و تەنیا بە پێ دەڕۆیشتم. تەنیا دەمویست بە شەقامێکدا بڕۆم بەبێ ئەوەی نیگەرانی سەلامەتیی خۆم بم.

پرسیار:  ئایا ئەوە گۆڕانکارییە گەورەکەیە؟

دەیڤید پێترایۆس: ئێستا تەنانەت کڵاوی سەربازی و گولـلەبەندیش نابینیت. ئەوە زۆر دڵخۆشکەرە کە دەبینین چۆن گەشەی کردووە. ئایا هەمیشە ئاسان و بێ کێشە بووە و هەموو شتێک باش بووە؟ نەخێر، بەخێربێن بۆ دیموکراسی.

پرسیار:  باسی رۆڵی ئەمریکا لە عێراق بکەین. دەزانین ئەمریکا لە ساڵی 2003 رۆڵێکی گەورەی لە عێراقدا هەبوو. ئایا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەو رۆڵەدا هەیە؟

دەیڤد پێترایۆس: گۆڕاوە. لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوومەوە، ئێستا باڵیۆزمان لەوێ نییە. ئەو باسی ئەوەی کرد کە کارکردن لەگەڵ عێراق خۆش بووە. گۆڕانکاری بۆ دەستکردن بە کاروباریی باڵیۆزخانەیەکی ئاسایی، پەیوەندییەکی ئاسایی نێوان ئەمریکا و وڵاتێک، نەک تەنیا ئەوەی کێشە ئەمنییەکان زاڵ بن، نەک تەنیا شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی یان کێشە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە. بەڵکو بۆ گۆڕینی ئەوە بۆ ئەرکێکی ئاسایی و، سەرنجدانی زیاتر لەسەر وەبەرهێنان و بازرگانی و ئابووریی ئەمریکا، نەک تەنیا لەسەر بنیاتنانی هێزە ئەمنییەکان، کە ئێستا زۆر باشن. من بە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی عێراق و هێلیکۆپتەرێکی هێزەکانی عێراق فڕیم، لە هەموو شتێک گرنگتر، فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە ئاوڕی دایەوە و گوتی، جەنەڕاڵ تۆ لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەکادیمیای سەربازیی پۆلەکەی من قسەت کرد و مەدالیاکەی خۆتت پێدام. پێموایە ئەو بەڕاستی مەدالیایەکی بەدەستهێنابوو، لەبەر بەدەستهێنانی خەڵاتێکی تایبەت لەو ئەکادیمیایە. خۆشە کە دەیبینم کە ئەمە بەشێکە لە میراتی من کە لێرە بەردەوامە. جارێکی دیکە، نەوەی داهاتووی سەرکردەکان لەوێوە گەشەیان کرد کە ئێمە هەوڵمان دەدا لێرە لە عێراق بیکەین.

پرسیار:  پێشتر ئەمریکا دوای هەڵبژاردن گرنگیی زیاتری دەدا بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق. پێتوایە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هەمان شت دەکات؟

دەیڤد پێترایۆس: لەوانەیە وا نەبێت. نەخێر، پێموانییە.

پرسیار: : بۆچی؟

دەیڤد پێترایۆس: چونکە پێموانییە پێویستیمان بەوە بێت کە بەو شێوەیە رێنمایی بکەین کە لە رابردوودا کردوومانە. پێموایە ئەو سەردەمەی کە ئەمریکا لە زۆر رووەوە داهاتووی دیاریدەکرد، ئەگەر بکرێت وا بڵێین، ئیدی پێویست نییە. پێموایە سیستمەکە ئیدی پێگەیشتووە، وەک هەمیشە..

پرسیار: : پێتوایە سیستەمەکە پێگەیشتووە؟

دەیڤد پێترایۆس: سیستمەکە پێگەیشتووە، بەڵام هەرگیز بێ کەموکوڕی نییە. ئەو قسەیەی وینستن چێرچڵت لەبیر بێت، کە گوتی دیموکراسی خراپترین شێوەی حکومڕانییە جگە لە هەموو ئەوانی دیکە.

پرسیار: و کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆن رێککەوتن دەکەن.

دەیڤد پێترایۆس: ئەوان دەگەڕێنەوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە. جەنەراڵ ئێلێکتریک گەڕاوەتەوە. تەنانەت ئێمە ئەوەمان لە کاتی زیادبوونی هێزەکان لە عێراق ئەنجامدا و، ئەوانمان گەڕاندەوە.

پرسیار:  هۆکار چییە؟

دەیڤد پێترایۆس: بێگومان کێشەکە ئەوە بوو کە هەڕەشەی داعش بازرگانیی دوورخستەوە. وەکو هەمیشە ئاڵنگاریی دیکەش هەن.

پرسیار:  هۆکاری دیکە بۆ گەڕانەوەی ئێکسۆن مۆبیل چین؟

دەیڤد پێترایۆس: جێگەی دڵخۆشییە ئێکسۆن مۆبیل گەڕاوەتەوە ئێرە. مەبەستم ئەوەیە ئێکسۆن مۆبیل کاری خێرخوازی ناکات. ئەمە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی نییە. ئێکسۆن مۆبیل لێرەیە بۆ ئەوەی لە ژێرخاندا وەبەرهێنان بکات، بەڵام بۆ قازانجکردن. ئەمەش هەڵوێستێکی گرنگە. هیچ شتێک لە وەبەرهێنانی ئەمریکی گرنگتر نییە. بڕوانە، من هاوبەشیم لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە جیهاندا هەیە. هەموو وڵاتێک دەیەوێت کۆمپانیای KKR وەبەرهێنان بکات. بۆیە جێگەی دڵخۆشییە کە ئێکسۆن، شێڤرۆن، جەنەراڵ ئەلێکتریک، هەموو ئەو کۆمپانیا گەورانەی کە لە رابردوودا لێرە بوون، بەڵام زۆربەیان بەهۆی چەندین کێشەی جۆراوجۆرەوە رۆیشتن، ئێستا گەڕاونەتەوە، ئەوە دەنگێکی گەورەی متمانەیە بە داهاتووی وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە، وڵاتی رافیدەین.

پرسیار:  باسی کوردستان و ئەزموونی دۆستایەتی نێوان ئەمریکا و کوردستان بکەین. ئایا ئەمریکا هێشتا هەرێمی کوردستان وەک وهاوبەشێکی ستراتیژی دەبینێت یان شتێک گۆڕاوە؟

دەیڤد پێترایۆس: نەخێر، بڕوانە، ئەمریکا لە ساڵی 1991ەوە هاوبەشی ستراتیژیی کورد بووە. بێگومان، ئێمە لە دوای جەنگی کەنداو ئەم ناوچەیەمان پاراست. ئەو پەیوەندییە هێشتا بەردەوامە. هێشتا ئامادەیی لێرە هەیە، وەکو دەزانن، لە چەندین پێکهاتەی زۆر گرنگی سوپای ئەمریکا و حکومەتی ئەمریکا لێرەن. پێموایە هەر دەبێت وابێت.

پرسیار: هێشتا هاوبەشێکی ستراتیژین؟

دەیڤد پێترایۆس: بەڵێ بێگومان. دەتوانی هەر ناوێکی لێ بنێیت. من پێشتر دەمگوت، کورد جگە لە چیاکان دۆستی دیکەی هەیە، ئەویش ئەمریکا دەگرێتەوە.
پرسیار:  کورد و هەرێمی کوردستان چۆن هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو ئێران و ئەمریکا رادەگرن؟

دەیڤد پێترایۆس: پێموایە ئێمە هەمیشە لەوە تێگەیشتووین کە ئێران دراوسێی عێراقە. ئێران ناچێتە شوێنێکی دیکە. چەندین جار لە عێراق گەورەترە. هەروەها بە چەندین شێوازی جیاواز زۆر خراپەکارە. بە چەندین شێوازی جیاواز سزای لەسەرە. بۆیە ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، لەبەر ئەوە دەیکەن کە واقیعێکە، بەڵام هەمیشە دەبێت ئاگادار بن بۆ ئەوەی سزاکان یان رێگرییەکانی دیکە لە کارکردن لەگەڵ ئێران پێشێل نەکەن.

پرسیار:  چۆن ئاگادار بن؟

دەیڤد پێترایۆس: دەتوانن لەو سزایانە تێبگەن کە لەسەر ئێرانن، هەروەها تێبگەن لەو دۆخەی کە هەیە و، هەوڵبدەن لەو نێوەندەدا کاربکەن.

پرسیار:  سەبارەت بە رووسیا چی؟ دەزانن، کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی رووسی هێشتا لە کوردستان و عێراق کار دەکات.

دەیڤد پێترایۆس: من هۆشداری دەدەمە هەر لایەنێک کە لەگەڵ رووسیا کار دەکات تاوەکو لەو سزایانە تێبگات کە بەسەر رووسیادا سەپێنراون، کە پێموایە فراوانتر دەکرێن، نەک تەنیا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا بە نۆزدەیەمین گەڕی سزاکانییەوە، بەڵکو سزاکانی ئەمریکاش. من لەو ماوەیەدا لە بروکسل بووم و لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ قسەم کرد. پاکێجێکی سزاکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەیە. ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا ئەوە بکات کە سەرۆک ترەمپ سەبارەت بە رووسیا داوای لێکردوون، پێموایە پاکێجی سزاکانمان لە ئەنجوومەنی پیران دەبینن. لەلایەن 84 سێناتۆر لە 100 سیناتۆرەوە پشتگیری لەم پاکێجی سزایانە دەکرێت. ئیدی هاوڕابوون لەوە زیاتر دروستنابێت. پێموایە کاتێک دۆخەکە گونجاو بێت، کۆشکی سپی پێشوازی لەو پاکێجی سزایەانە دەکات و واژۆی لەسەر دەکات و دەیکاتە یاسا. ئەوانەی کە دواتر بازرگانی لەگەڵ رۆس نێفت یان هەر شوێنێکی دیکە دەکەن، پێویستە زۆر وریابن و نەکەونە هەڵەوە.

پرسیار:  با باسی سووریا بکەین. تۆ پشتگیری ئەحمەد شەرع دەکەیت.

دەیڤید پێترایۆس: با زۆر وردبین لەبارەی ئەوەوە. من دەمەوێت سووریای ئەحمەد شەرع سەرکەوتوو بێت. سەرکەوتنی ئەو وەکو سەرکردەی حکومەتێک، سەرکەوتنی ئێمەیە. بڕوانە، من زۆر لەوە زیاتر ئاگاداری رابردووی ئەوم کە هەر کەسێک بیری لێبکاتەوە. لەبیرت بێت کە ئەو بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە عێراق دەستبەسەر کرابوو، ئەو ماوەیەش قۆناخی زیادبوونی هێزەکانمان بوو. کەسێکی دیکە دەستبەسەری کردبوو. من هەرگیز ناوی ئەوم نەدەزانی. ئەو سەرکردەی شانەیەکی قاعیدە بوو. ئەو لەنێو قاعیدە سەرکردەیەکی گەورە نەبوو وەکو ئەوەی هەندێک کەس وای دەبینن. کاتێک ئازاد کرا، بێگومان، چوو بۆ سووریا و بەرەی نوسرەی دامەزراند، کە لقێکی قاعیدە بوو. دواتر لێیان جیابووەوە و هەیئەی تەحریری شامی دامەزراند. ئەو توانایەکی سەربازیی راستەقینەی دروستکرد. ئەمە تەنیا کۆمەڵێک هێزی میلیشیای عەشایەری یان سیاسی نەبوون کە پێکەوە کۆبوونەوە و حەلەبیان ئازاد کرد و پاشان بەنێو حەما و حومس چووبن بۆ ئازادکردنی دیمەشق. ئەو توانایەکی راستەقینەی دروستکرد. ئەو حوکمڕانیی لە پارێزگای ئیدلب دامەزراند. سیستمی خوێندنی هەبوو. سیستمێکی دادوەریی هەبوو، هەموو ئەوانە. ئێستا هەوڵدەدات هەموو وڵاتەکە پێکەوە کۆبکاتەوە. کاتێک لە نیویۆرک لەسەر ستەیج لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لووتکەی کۆنکۆردیا گفتوگۆم لەگەڵیدا ئەنجامدا، ئاماژەم بەوەدا کە کاتێک لە سەرەتای سەرەتاکانی بوونم بە فەرماندە لە باکووری عێراق، ئێمە دەمانویست..
پرسیار:  ئێوە بەدوایدا دەگەڕان.

دەیڤید پێترایۆس: نەخێر، من هەر نەمدەناسی. ئێمە هەوڵمان دەدا حکومەتێکی خۆجێیی لە پارێزگای نەینەوا دروست بکەین کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و عەشایەری و سیاسییەکان و قەزاکان و هەموو لایەنەکانی دیکە بکات. دەمانویست هەموو پێکهاتەیەک لە نەینەوا نوێنەرێکی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا هەبێت کە ئێمە دامانمەزراند، ژمارەی نوێنەران بەپێی ژمارەی نزیکەیی ئەو گرووپە لە دانیشتووانی نەینەوا بێت. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، تەنیا حوکمی زۆرینە نەبێت، بەڵکو مافی کەمینەکانیش پارێزراو بێت. ئەو گوتی دەیەوێت لە سووریاش ئەوە بکات. ئێستا، ئەمە ئاڵنگاری زۆری دەبێت. سوپای سووریای ئازاد لە باکوورن، کە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە تورکیاوە. عەلەوییەکان لەسەر کەنار دەریا هەن، کە پاشماوەی رژێمی پێشوون. ناوچەکانی ئەو لە ئیدلبەوە تاوەکو دیمەشقە. پێکهاتەی دیکەش هەن. درووزەکان لە سوەیدان. پێکهاتەی دیکەش هەن کە نزیکن لە ئوردن. بێگومان هێزەکانی سووریای دیموکرات هەن، کە بەشێکی زۆریان کوردانی سووریان لە باکووری رۆژهەڵات و، هێزەکانی ئێمەش هێشتا لەگەڵیانن، چونکە ئەوان بوون کە بە یارمەتیی ئێمە دەوڵەتی ئیسلامییان لەسەر زەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تێکشکاند. هێشتا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. بەڵام دڵخۆش بووم بەوەی کە جەنەراڵ مەزڵووم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی دیاری بکات چۆن هێزەکانی دەتوانن ببنە بەشێک لە هێزە فیدراڵییەکان.

پرسیار:  لەسەر ئەوە قسە دەکەین.

دەیڤد پێترایۆس: چۆن دەتوانن بە کردەوە ئاسایش لەو ناوچەیەدا دابین بکەن و بەردەوام فراوانی بکەن. دەزانی کاتێک من لێرە لە عێراق جەنەراڵی سێ ئەستێرە بووم، ئەوەم دامەزراند کە ناوی لێنرا ئەرکی راهێنان و پڕچەککردن، یاخود فەرماندەیی راگوزەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە عێراق. هەوڵێکی زۆر گەورە بوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەموو هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ. سەتان هەزار و، لە کۆتاییشدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە چەکەوە بۆ ئەرکە جیاوازەکان بەشداربوون. یەکەکانی پێشمەرگەمان بەشدار کرد. کاتێک بۆ شەڕ پێویستیمان پێیان بوو، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراق شەڕ بکەن، ئەوان بەشداربوون. ئەوان لە پارێزگای ئەنبار، فەلووجە و شوێنەکانی دیکەش شەڕیان کرد. کەواتە کاتێک پێویستیمان بەو هێزانە بوو، ئەوان هاتن و لە سەرانسەری عێراق شەڕیان کرد. هیوادارم شتێکی هاوشێوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبێت، رەنگە بەبێ هەموو لایەنە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەو کاتەدا پێویست بوون، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی عێراق بەگشتی.

پرسیار:  ئێوە ئاماژەتان بە درووز و عەلەوییەکان لە سووریا کرد.

دەیڤد پێترایۆس: بەڵێ.

پرسیار:  دەزانی ئەحمەد شەرع ئەزموونێکی باشی لەگەڵ ئەو دوو پێکهاتەیەی سووریا نییە.

دەیڤید پێترایۆس: بەڵێ، نەک تەنیا ئەوە، کوشتن لەنێو کۆمەڵگەیانەدا روویانداوە.
پرسیار: : بۆ کوردیش.

دەیڤید پێترایۆس: لەسێدارەدان هەبووە. من ئەوەم باسکرد. لەسەر ستەیج ئەمەم خستە بەردەمی. بڕوانە من بەوە دەستم پێکرد کە گوتم ئێمە هەردووکمان لە بەرەی دژیەک بووین.
پرسیار:  تەنیا دەمەوێت بزانم باوەڕی پێدەکەیت؟

دەیڤید پێترایۆس: ئێمە هەردووکمان لە بەرەی دژیەک بووین. بەڵام ئەو چ رێگەیەکی بڕیوە. کاتێک من فەرماندەی هێزەکانی هەڵکشانیی سەربازی بووم لە عێراق، ئێمە لەگەڵ 103 هەزار یاخیبووی پێشوو و میلیشیا ئاشت بووینەوە. ئێستا دەمانەوێت ئەو سەرکەوتوو بێت. لە راستیدا، زۆرباش بوو کە سەرۆک ترەمپ لە سعودیە چاوی پێی کەوت بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی ئیدارەی ئەمریکا، هەروەها بۆ هاندانی کۆنگرێس بۆ هەڵگرتنی یاسای ناسراو بە قەیسەر، کە رێگری لە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دارایی، بیناسازی و وزەی سووریا دەکات، هەموو ئەو کەرتانە بە پەرۆشییەوە پێویستییان بە وەبەرهێنانی دەرەکی هەیە. مەبەستی کۆتایی من لەو گفتوگۆیەدا ئەوە بوو کە دان بەوەدا بنێم، بەڕێز سەرۆک، سەرکەوتنی ئێوە ئێستا سەرکەوتنی ئێمەیە و دەبێت ئێمە یارمەتیدەر بین بۆ ئەوە.

پرسیار:  ئەوە پرسیارەکەم نەبوو. ببوورە تەنیا دەمویست بزانم.

دەیڤید پێترایۆس: تۆ پرسیارەکەی منت نەکرد. دەزانی من پێشتر یەک دوو جار ئەم کارەم کردووە.

پرسیار:  تەنیا دەمەوێت بزانم لەگەڵ هەموو ئەم ئەزموونە خراپانەی لەگەڵ پێکهاتەکان لە سووریا، ئایا پێتوایە ئەحمەد شەرع دەتوانێت حکومەت و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لە سووریا دابمەزرێنێت؟

دەیڤید پێترایۆس: ئەمە ئەرکی ئەوە، دەبێت ئەوە بکات. ئەگەر نەیکات، سووریا دەبێتە دەوڵەتێکی دیکەی پارچەپارچەبوو، دەبێتە یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە کە بەدەست کاریگەرییەکانی حوکمڕانیی دوای دیکتاتۆریەتەوە دەناڵێنێت. رژێمی بەشار ئەسەد و باوکی، رژێمێکی تاوانکار بوو. ویستی کەمینەیەکی بچووکیان بەسەر وڵاتێکدا سەپاند. ئێستا گەڕاندنەوەی ئەوە، پێویستییەکی گەورەیە و دەبێت رووبدات. کاتێک ئێمە پشتگیری لە ئەحمەد شەرع دەکەین لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بۆ هەموو گەلانی وڵاتەکە و، پاراستنی مافی کەمینەکان و هەروەها حوکمڕانیی زۆرینە، دەبێت سنوور ێکیش هەبێت. دەبێت مەرج هەبێت لەسەر کارەکانمان هەبێت. هەروەک وەکو چۆن هێنری کیسنجەر و سەرۆک نیکسۆن سەبارەت بە دانوستانەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک دەیانگوت، متمانە مەکە، بەڵکو پشتڕاستی بکەرەوە.

پرسیار:  پێموایە دەبێت باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە بکەین. چۆن سەیری مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەوانەش یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لە سووریا دەکەیت؟

دەیڤد پێترایۆس: بڕوانە، وەکو پێشتر گوتم، پێموایە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکدەخرێن. ئەوە گفتوگۆی نێوان سەرۆک شەرع و جەنەراڵ مەزڵووم بوو. ئەوە جێگەی سەرنجە. وردەکاریی زۆری دیکە هەن، لەوانەش چی بکرێت سەبارەت بە کەمپی ئاوارەکانی هۆل، کە دەیان هەزار لە کەسوکار و ژن و منداڵی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی و هەندێک تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی تێدا دەستبەسەر کراون. دەبێت ئەمە یەکلایی بکرێتەوە. من بەڕاستی دڵخۆشم کە عێراق، بۆ نموونە، عێراقییەکانی ئەو کەمپە دەگەڕێنێتەوە و پاشان بە دڵنیاییەوە دەیانباتە بەردەم دادگە.

پرسیار:  پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت. ئەو پرۆسەیە دەتوانێت چی پێشکێش بە کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا بکات؟ ئایا بەدەمەوە هاتنی تورکیا لە پرۆسەکەدا بە جیددی دەبینن یان تاکتیکی؟

دەیڤد پێترایۆس: نەخێر، پێموایە زۆر جیددییە. پێموایە زۆر ستراتیژییە. کاتێک ئۆجەلان سەرکردایەتی ئەمە دەکات، بە دڵنیاییەوە ئەمە شتێکی سادە نییە. ئەمە تاکتیکی نییە. وەکو کەسێک کە بە قووڵی لە ئارەزوو و ویستە راستەقینەکانی کورد تێگەیشتووم. دەزانی من چوومە کەمپی پەنابەرانی کوردی تورکیا لە مەخموور. ئەوێ بەشێک بوو لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی من وەکو جەنەڕاڵێکی دوو ئەستێرە، لەگەڵیان دانیشتم و هەوڵم دا تێبگەم بۆچی تورکیایان بەجێهێشتووە؟ ویستەکانیان چی بوون ئەگەر بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا؟ ئەوان زۆر راستگۆ بوون، دەیانویست بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن، رۆژنامەیەکیان بە زمانی خۆمان هەبێت، دان بەوەدا بنرێت کە ئەوان بەشێکن لە تورکیا. بۆیە من تا رادەیەک لەمە تێدەگەم و، هەستەکەم کە سەرۆک ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە جیددی مامەڵە لەگەڵ ئەو ویستانە دەکەن. هیوادارم کە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت.

پرسیار:  داهاتووی کورد لە تورکیا چۆن دەبینن دوای پرۆسەی ئاشتی؟

دەیڤد پێترایۆس: هیوادارم داهاتوویەک بێت کە دان بە ویستەکانیاندا بنێت و قبووڵیان بکات.

پرسیار:  بەڕێز دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی. خۆشحاڵم ئەم هەڤپەیڤینەم لەگەڵ ئێوە ئەنجام دا.

دەیڤد پێترایۆس: شانازییە بۆ بۆ منیش. لە راستیدا شانازیی راستەقینە ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ بینینی ئەو بەشانەی عێراق کە خزمەتم تێدا کردووەن و زۆر دڵخۆش بم بەوەی کە لەوێ دەیانبینم، بۆ بینینی پێشکەوتن و ئاوەدانی، بۆ بینینی ئابووریی گەشەسەندوو، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان و نەگەیشتن بە هەموو ئەو شتانەی کە خەونمان پێوە دەبینین. زۆر دڵخۆشکەرە بۆ کەسێک کە فەرماندەی هێزێک بووە، کە هەموو شەوێک نامەی سەرەخۆشیی بۆ دایک و باوکانی ئەمریکا دەنووسی، ئێستا دەتوانم بگەڕێمەوە لای ئەو دایک و باوکانە و بڵێم، ئەمە بەڕاستی شایەنی بوو. ببینن کە چی بەدەستهاتووە لەلایەن ئەو کەسانەی کە ئێمە لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا دەرفەتێکی نوێمان پێدان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif