پزیشکیان: ئەگەر باران نەبارێ دەبێت تاران چۆڵ بکەین

ليست هناك تعليقات



سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی قەیرانی کەمئاوی لە تاران هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر باران نەبارێت، لەوانەیە ناچار بن تاران چۆڵ بکەن.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی پێنجشەممە لە سەردانی دا بۆ پارێزگای سنە باسی کێشەی کەمئاوی لە تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هیچ بارانێک نەبارێت، ناچار دەبن تاران چۆڵ بکەن.

مەسعود پزیشکیان گوتی: "ئەگەر تاوەکو مانگی سەرماوەز (مانگی داهاتوو) باران نەبارێ، دەبێ لە تاران بەردانەوەی ئاو بۆ هاووڵاتییان کاتی بۆ دیاری بکرێت و ئەگەر دواتریش باران نەبارێ، هیچ ئاوێک نامێنێت و دەبێ تاران چۆڵ بکەین."

هۆشدارییەکەی پزیشکیان لەبارەی دۆخی هەستیاری تاران لەڕووی ئاوی خواردنەوەوە لە کاتێکدایە، هەر هەمان رۆژ سەبارەت بە دۆخی یەدەگی ئاوی شارەکە بە فەرمی "دۆخی سوور" راگەیێندرا.

موحسین ئەردەکانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران رایگەیاند، "یەدەگی ئاوی پارێزگاکە لە دۆخێکی خراپ و نائاساییدایە."

ئەردەکانی گوتیشی، ئاوی بەنداوەکانی تاران لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. داواشی لە دانیشتووانی تاران کرد، بە دەستپێوەگرتن و پاشەکەوتکردنی لانیکەم 10٪ی بەکارهێنانی ئاو هاوکار بن لە دابینکردنی ئاوی شارەکە بۆ ماوەی دوو مانگی داهاتوو.

لە لایەکی دیکەوە، مەهدی مەقسوودی، بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی کەرەج رایگەیاند، بەنداوی کەرەج لە کاتێکدا توانای گلدانەوەی 180 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، تەنیا 7٪ ئاوی تێدا ماوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی کەرەج، ئاوی بەنداوەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت.

مەهدی مەقسوودی دەڵێت: "ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بەنداوەکە تەنیا نزیکەی 15 رۆژی دیکە دەتوانێ ئاو دابین بکات."

ئەوەشی خستەڕوو، ئیستا قەبارەی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوی کەرەج، تەنیا دوو مەتر سێجایە لە چرکەیەدا، لە کاتێکدا شەش مەتر سێجا ئاو بۆ بەکارهێنان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ کەرەج و تاران لە بەنداوەکە بەردەدرێتەوە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif