ترەمپ بە فەرمانەکەی بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی سەر لە جیهان دەشێوێنێت

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، خوازیاری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەیەتی، بەڵام روونی نەکردەوە کە ئایا مەبەستی لە تەقینەوەی راستەوخۆیە یان نا.

ترەمپ بەو فەرمانەی، سەرلێشێواویی دروستکرد. کاتێک رۆژنامەڤانان لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی "ئێیەر فۆرس وەن" پرسیاریان لێکرد، ئایا مەبەستی لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تەقینەوەی ئەتۆمییە، ترەمپ گوتی، "ئەوە ناڵێم."

ترەمپ بەڕێگەوە بوو بۆ هاوینەهەوار و یاریگەی گۆڵفەکەی لە فلۆریدا و لەنێو فڕۆکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "زۆر بە زوویی دەزانن، بەڵام بەڵێ، ئێمە هەندێک تاقیکردنەوە دەکەین. وڵاتانی دیکەش دەیکەن. ئەگەر ئەوان بیکەن، ئێمەش دەیکەین."

جگە لە کۆریای باکوور، هیچ وڵاتێکی دیکە چەندین دەیەیە تاقیکردنەوەی تەقینەوەیی چەکی ئەتۆمی نەکردووە. رووسیا و چین لە نەوەدەکانەوە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیەیان نەکردووە و دوایین تاقیکردنەوەی ئەمریکاش لە ساڵی 1992 بوو.

سەرۆکە 79 ساڵانەکەی ئەمریکا، بۆ یەکەم جار رۆژی پێنجشەممە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەرێگەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕیارەکەی راگەیاند، ئەمەش چەند خولەکێک پێش چوونەژوورەوەی بۆ لووتکەیەک لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور.

راگەیێندراوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، رووسیا رایگەیاند، مووشەکی ژێردەریایی ئەتۆمهەڵگر و مووشەکێکی کرووزی نوێی تاقیکردووەتەوە.

ئێران کە چەندین ساڵە لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییە مشتومڕاوییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ململانێدایە، فەرمانەکەی ترەمپی بە "پاشەکشە و نابەرپرسانە" ناوبرد. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی: "زۆردارێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەکاتەوە. هەمان زۆردار ترس لە بارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە."

گرووپی رزگاربووانی بۆمبی ئەتۆمیی ژاپۆن "نیهۆن هیدانکیۆ" نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ژاپۆن کرد. گرووپەکە کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، لە نامەکەدا دەڵێت: بڕیارەکە "راستەوخۆ دژی هەوڵی وڵاتانی جیهانە کە هەوڵ بۆ جیهانێکی ئاشتیخوازانەی بێ چەکی ئەتۆمی دەدەن و بە هیچ شێوەیەک جێی قبووڵ نییە."

"سیاسەتێکی بەرپرسانە"

لەگەڵ نیگەرانییەکانی دەرەوە و هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە سیاسەتێکی تاڕادەیەک بەرپرسانەیە."

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، پێویستە کۆگای چەکی ئەتۆمیی ئەمریکا تاقیبکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەڕاستی "بەشێوەیەکی دروست کاردەکات." ئەویش روونی نەکردەوە ترەمپ فەرمانی بە چ جۆرە تاقیکردنەوەیەک کردووە.

بەڵام گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، داوای لە ئەمریکا کرد "بە جیدی پابەندی" قەدەخەکردنی جیهانیی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند: "تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە هیچ دۆخێکدا نابێت رێگەی پێبدرێت."

ئەمریکا لە ساڵی 1996ـەوە واژۆکاری پەیماننامەی قەدەخەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانە کە هەموو جۆرە تەقینەوەیەکی تاقیکاریی ئەتۆمی قەدەخە دەکات، ئینجا بۆ مەبەستی سەربازی بێت یان سڤیل.

رووسیا وەڵام دەداتەوە

رووسیا رایگەیاند، تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کە ئەم دواییە کردنی، نابێت ببنە پاساو بۆ هیچ وڵاتێک تاوەکو تاقیکردنەوەی تەقینەوەی ئەتۆمی بکەن.

کرێملین گومانی هەیە کە دەکرێ ترەمپ زانیاریی وردی پێ نەدرابێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەڤانانی گوت: ئەو راهێنانەی ئەم دواییە "بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ وەک تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لێکبدرێتەوە. هیوادارین زانیارییەکان بە دروستی بە سەرۆک ترەمپ گەیێندرابن."

پاشان پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر ترەمپ یەکەم جار بیکات، رووسیاش تاقیکردنەوەی تەقینەوەی راستەوخۆی خۆی ئەنجام دەدات.

بەپێی پەیمانگەی ستۆکهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاشتی، رووسیا 4 هەزار 309 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، بەراورد بە 3 هەزار و 700ی ئەمریکا و 600ی چین.

دوایین تاقیکردنەوەی ئەمریکا لە 1992 بوو

ئەمریکا لەنێوان 16ی تەممووزی 1945، کە یەکەم تاقیکردنەوەی لە نیومەکسیکۆ ئەنجامدا، تاوەکو ساڵی 1992، هەزار 54 تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی ئەنجامداوە.

دوایین تاقیکردنەوەی تەقینەوەی ئەتۆمیی ئەمریکا لە ئەیلوولی 1992 بوو کە تەقینەوەیەکی ژێرزەوی بوو لە ناوچەی ئاسایشی ئەتۆمیی نیڤادا.

دواتر جۆرج بووشی باوک، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی 1992دا بڕیاری راگرتنی تاقیکردنەوەکانی دەرکرد و ئیدارەکانی دوای خۆیشی لەسەری بەردەوام بوون. لەبری ئەوە، تاقیکردنەوەی نائەتۆمی و تاقیکاری بە بەکارهێنانی بەرنامەی لاساییکردنەوەی پێشکەوتووی کۆمپیوتەری ئەنجام دەدران.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif