لە ئەڵمانیا کوردی باشوور کەم و رۆژئاوای کوردستان زیاتر بەختەوەرن

ليست هناك تعليقات



لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەک بڵاوبووەتەوە کە زانیاریی باڵکێشی لەسەر دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە تێدایە. بەپێی ئەنجامەکەی، کوردی باشووری کوردستان کەم و رۆژئاوای کوردستان زیاتر بەختەوەر و دڵخۆشن.

ئینستیتیوتی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دانیشتووان (بێ ئی بێ) لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، بۆئەوەی بزانێت کام گرووپەی کۆچبەران کە لەو وڵاتە دەژین بەختەوەرترینن؛ ئەنجامی لێكۆڵینەوەکە ئەم هەفتەیە بڵاوبووەتەوە و دەردەکەوێت ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی سەر بە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و پۆڵەنداوە چوونەتە ئەڵمانیا، بەختەوەرترین گرووپەکانی کۆچبەرانن لەو وڵاتە.

لەنێو ئەوانەشدا کە کەمتر بەختەوەر و دڵخۆشن بە ژیان لە ئەڵمانیا، خەڵکی باشووری کوردستان و عێراقن، (کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بە هاووڵاتییانی عێراق) ناویان هاتووە.

کەچی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە ئەوانەیش وەک هاووڵاتیی سووری ناویان هاتووە، دەرکەوتووە بەختەوەر و رازین لە ژیانیان لە ئەڵمانیا.

لێکۆڵەرەکان کە تیمێکی گەورەی پرۆفیسۆر و دکتۆر و کەسانی ئەکادیمیی ئەڵمانین، ناڕازیبوونی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق لە ژیان لە ئەڵمانیا بۆ ئەوە دەگێڕننەوە، یاساکانی پەنابەری لە ئەڵمانیا چیدیکە ئاسانکاری ناکەن بۆ هاووڵاتییانی عێراق تاوەکو زووتر مافی پەنابەری وەربگرن، یان ماڵباتەکانیان رابکێشنە ئەڵمانیا.

لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەو کەسانە بەشدارییان کردووە کە کۆچبەرن یان کاتی خۆی ماڵباتەکانیان وەکو کۆچبەر چوونەتە ئەڵمانیا و تەمەنیان لەنێوان 20 تاوەکو 52 ساڵدایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif