لێکۆڵینەوەیەک تۆڕێکی تاوانکاری کوردی لە بەریتانیا ئاشکرا دەکات، کە رێگە بە کۆچبەرانی کورد دەدات بە نایاسایی لە بەریتانیا کار بکەن و تۆڕەکە بە سەتان کاری بازرگانی لەو وڵاتە سەرپەرشتی دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی BBCی بەریتانی، تۆڕەکە زیاتر لە 100 بازرگانی بەڕێوەدەبات، لەوانە مینی مارکێت، سەرتاشخانە و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری بەریتانیا.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، کارە بازرگانییەکان زۆرجار لەژێر ناوی خوازراو تۆمار دەکرێن، ئەو کەسانەشی بزنسەکە بەناویانەوە دەکرێت، کرێی مانگانە لە خاوەن شوێنەکە یان پیشەکە وەردەگرن، کە خاوەنی بزنسەکە کۆچبەری نایاسایین و بۆیان نییە لە بەریتانیا کار بکەن.
دوو کورد بە نهێنی کاریان لەگەڵ BBC کردووە، خۆیان کردووە بە کۆچبەری نایاسایی بۆئەوەی لەڕێگەیەوە بە گرووپە تاوانکارییەکە بگەن، ئەوەش لەڕێگەی کڕینی دووکانێک، بەڕێوەبردنی و قازانجێکی گەورە لە فرۆشتنی جگەرە و ڤەیپدا.
کۆچبەرێکی نایاسایی کورد کە لە شاری کروی بەریتانیا دووکانێکی هەیە، دەڵێت، بە فرۆشتنی جگەرە و ڤەیپ بە شێوەیەکی نایاسایی، هەفتانە 3000 پاوەندی دەستدەکەوێت.
شەبانە مەحموود، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا لەدوای ئاشکرابوونی ئەو تۆڕە تاوانکارییە، گوتی، "کاری نایاسایی و تاوانکاریی رێکخراو هاندەرن بۆئەوەی خەڵک بە نایاسایی روو لە بەریتانیا دەکات. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین."
هەرچی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیایە رایگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو باندە کوردییە.
لێکۆڵینەوەکەی کەناڵی BBC ناسنامەی دوو کوردی ئاشکرا کردووە کە زۆربەی ئەو بزنس و کارە بازرگانییانە بەناویانەوەیە. یەکێک لەوانە ناوی هادی ئەحمەد عەلی-یە، لە شاری بێرمینگهام دەژی و وەکو بەڕێوەبەری زیاتر لە 50 کۆمپانیا و بزنس ناوی تۆمار کراوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە هادی و چەند کەسێکی دیکە مانگانە 300 پاوەند لە پەناخوازان وەردەگرن، بۆئەوەی ناوەکانیان لەسەر بەڵگەنامەکانی کۆمپانیاکە بەکاربهێنن.
کەسێکی دیکە بەناوی ئیسماعیل ئەحمەدی فەرزەندە، ناوی لەسەر لانیکەم 25 دووکان تۆمار کراوە.
ئەو دوو کەسە رەتیانکردەوە ئەو کارەیان کردبێت، بەڵام بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی حکومەت، ئەو دوو کەسە لە ساڵی 2021ـەوە لانیکەم 17 دووکانیان بەناوەوە بووە و لەو دووکانانەدا، پۆلیسی بەریتانی دەستیان بەسەر جگەرە و ڤەیپدا گرتووە، کە بە نایاسایی فرۆشراون.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەندێک حاڵەتدا پەناخوازی کورد هەیە کاژێری تەنیا بە چوار پاوەند کار دەکەن، هەیانە رۆژانە 14 کاژێر کار دەکەن.
یەکێک لە پەناخوازە کوردەکان کە خاوەن دووکانە و بە "سورچی" ناسراوە، پێشنیازی فرۆشتنی مینی مارکێتێک بەو دوو کوردە دەدەن کە لەگەڵ کەناڵە بەریتانییەکە کار دەکەن و خۆیان کردووەتە پەناخوازی نایاسایی.
"سورچی" رایگەیاند، دووکانەکەی بە 18 هەزار پاوەند دەفرۆشێت و ئاشکراشی کردووە، مانگانە 250 پاوەند دەداتە کەسێک کە ناوی دووکانەکەی بەناوەوەیە، چونکە خۆی داوای مانەوەی لە بەریتانیا رەتکراوەتەوە و بۆی نییە کار بکات.
هەروەها "سورچی" ئەو فێڵە ئاشکرا دەکات کە چۆن دەستکاریی پێوەری کارەبای کردووە، تاوەکو پارەی کەمی کارەبای بۆ بێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا "سورچی" ئاشکرای دەکات، کەلوپەلی قاچاخی و جگەرە و ڤەیپی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی شاردووەتەوە، بۆئەوەی خۆی لە پشکنەری باج و پۆلیس دەرباز بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، فرۆشتنی جگەرە بە نایاسایی ساڵانە نزیکەی 2.2 ملیار پاوەند زەرەر بە بەریتانیا دەگەیێنێت.
حکومەت دەڵێت، جێبەجێکردنی یاساکانی چڕ کردووەتەوە و ئەم ساڵ هەڵکوتانە سەر شوێنی کار بە رێژەی 51% زیادیکردووە، پێبژاردن بەرامبەر بە کارکردنی کۆچبەری نایاسایی بۆ 60 هەزار پاوەند بۆ هەر کەسێک بەرزکراوەتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق