18ـی تشرینی یەکەمی 2025 سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتە ئایینییەکان کۆبووەوە، لە گوتارێکدا تیشکی خستەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دۆخی ئەمڕۆ و پێشهاتە سیاسییەکان.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام، ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە مامۆستایانی ئایینیش هاوکاربن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ئازادانە و هێمنانە".
بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەمیشە پیلانگێڕی دژی هەرێمی کوردستان هەبووە، تاوەکو ئێستاش ئەو بنەمایانەی دەوڵەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە جێبەجێ نەکراون".
"گەلی کورد لە عێراق وەکو هاووڵاتییەکیش قبوڵ نەکراوە، تەنانەت ژیانیشیان بۆ کورد بە رەوا نەبینیووە، هەر زوڵمێک کە توانراوە بکرێت، بەرامبەر کورد کراوە".
بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە مەترسی مادەی هۆشبەر لەسەر گەنجان و کۆمەڵگە کرد و گوتی بەپلان ئیش لەسەر ئەوە دەکەن، کە گەنجەکانمان تووشی مادەی هۆشبەر بکەن. بۆیە گوتیشی "تکا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەم بەرەنگاری مادەی هۆشبەر ببنەوە".
لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو هەوڵێکی رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەدەن.
بارزانی هیوای خواست پێش هەڵبژاردنی عێراق، حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق