حەڤدە وڵات دژی پرسی پەنابەران رێککەوتن

ليست هناك تعليقات



لە هەنگاوێکی هاوبەشی گەورەدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچی نایاسایی، سەرکردەی 17 وڵاتی ئەورووپی لە لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا لە کۆپنهاگن کۆبوونەوە، لەسەر پلانێکی گشتگیر و تووند بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی مرۆڤ رێککەوتن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەچوو، سەرکردەکانی ئەندۆرا، نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، قوبرس، چیک، دانیمارک، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا، هۆڵەندا، پۆڵەندا، پۆرتوگال، رۆمانیا، سوێد و بەریتانیا، پابەندبوونی خۆیان بە کارکردنی پێکەوەیی بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەتێکی نوێ دووپاتکردەوە.

گرتنەبەری تووندترین رێوشوێن دژی قاچاخچییەکان

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە، تەرخانکراوە بۆ لێدانی گورزی کوشندە لە تۆڕە رێکخراوەکانی قاچاخچێتیی مرۆڤ.

سەرکردەکان رێککەوتن لەسەر "پێویستیی بەهێزکردنی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە رێگەی پێدانی دەسەڵات، زانیاری هەواڵگری و توانای زیاترەوە" بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر لەنێوان سنوورەکاندا کار بکەن. ئەمەش بریتییە لە هەماهەنگیی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی ئەو گرووپانە.

هەروەها، لایەنەکان تاوتوێی بەکارهێنانی میکانیزمی نوێیان کرد، وەکو سەپاندنی سزای ئابووری و یاسایی بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە یارمەتیی پرۆسەی قاچاخچێتی دەدەن، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان.

پێداچوونەوە بە چوارچێوە یاساییەکان

رێککەوتنەکە جەخت لەسەر دڵنیابوونەوە لە پتەویی سیستەمی پەنابەری و چوارچێوە یاساییەکان دەکاتەوە.

سەرکردەکان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی قۆستنەوەی سیستەمەکە دەربڕی و رێککەوتن لەسەر "گرتنەبەری رێوشوێن بۆ رێگری لەو کەسانەی کە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی دەدەن". ئەمە لە کاتێکدایە کە پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، وەکو پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی پەنابەران، دووپاتکردەوە.

یەکلاکردنەوەی پرسی گەڕاندنەوە

پرسی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە، تەوەرێکی گرنگی دیکەی گفتوگۆکان بوو. وڵاتانی بەشداربوو رێککەوتن لەسەر "داڕشتنی بنەمایەکی هاوبەش و بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان، لەوانەش گوشاری دیپلۆماسی و سیاسەتی ڤیزا"، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەکان بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر بکرێن.

وڵاتان پلانیان هەیە بۆ داڕشتنی هاوبەشیی نوێ و داهێنەرانە لەگەڵ وڵاتانی سێیەمدا، بە ئامانجی خێراکردنی کارەکان و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە ناوخۆییەی کە لەسەر سیستەمی کۆچ و پەنابەریی وڵاتانی ئەورووپی دروست بووە.

بەڕێوەبردنی کۆچ لە سەرچاوەوە

سەرکردەکانی ئەورووپا رایانگەیاند کە دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و ئەو وڵاتانە بکرێت کە دەکەونە سەر رێڕەوی ترانزێت.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا جەختییان لەوە کردووەتەوە، کە ئەمە لە رێگەی پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییەکانی گەشەپێدانی ئابووری، رەخساندنی هەلی کار، باشترکردنی سیستەمی خوێندن و هاندانی پرۆگرامی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەبێت.

هەر بۆ ئەم مەبەستە، وڵاتان پشتیوانیی خۆیان بۆ کار و ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) و کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دووپاتکردەوە.

چاکسازی لە سیستەمی کۆچدا

سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە سیستەمی ئێستای بەڕێوەبردنی کۆچ پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە.

ئەورووپییەکان جەختیان کردەوە بەبێ داهێنان و بیرکردنەوەی نوێ، ناتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەر سنوورەکان بپارێزرێن و رووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە. بۆیە، "پێویستە کار لەسەر داڕشتنی چوارچێوەی نوێ، دروستکردنی هاوبەشیی جیاواز، پەرەپێدانی توانا و جێبەجێکردنی پرۆژەی تاقیکاری بکرێت" کە دادپەروەرانە، رێکخراو و گونجاو بن بۆ داهاتوو، بە ئامانجی تێکشکاندنی یەکجارەکیی مۆدێلی کارکردنی قاچاخچییەکان و سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif