هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا گەیشتە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن، سەرپەرشتیار و راهێنەر و سێ بەشی یاریزانانەکانی تیپەکە کوردن و چاوییان لە نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
پاڵەوانێتییەکە رۆژی هەینی بەبەشداری هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، سوریا، لوبنان، قەتەر و ئوردن دەستپێدەکات. هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم تاقیکردنەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە دەکات. دوو رۆژە تیپەکە گەشتی ئوردنی کردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە خانمانی عێراق دوو یەکەی راهێنانیان لەنێو هۆڵی بەڕێوەچوونی یارییەکان ئەنجام دەدەن.
هەڵبژاردەی عێراق بەر لە چوونیان بۆ ئوردن دوو هەفتە لە هەولێر کەمپی راهێنان و ئامادەکارییان ئەنجامدا. راندی مەتی راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "تیپەکەم بە یاریزانی لاو نوێکردووەتەوە و دەمەوێت نەوەیەکی نوێ بۆ چەند ساڵی داهاتوو بۆ ململانێکردن لەسەر نازناوەکانی عەرەب و ئاسیا دروست بکەم، بۆ ئەو پاڵەوانێتییەش بەشێوەیەکی باش خۆمان ئامادەکردووە".
چواردە یاریزان درێسی هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراقیان لە پاڵەوانێتیی بالەی رۆژئاوای ئاسیا پۆشیوە کە دوازدەیان خەڵکی کوردستانن.
دییە وەلی، کە خانمە یاریزانێکی کوردی هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراقە و خەڵکی دەربەندیخانە روونیکردەوە "تیپەکەمان لە رووی ئامادەکاری و دۆخی دەروونییەوە بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەیە و هەوڵدەدەین نازناوی رۆژئاوای ئاسیا بەدەستبێنین".
یارییەکانی رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بەمشێوەیەن:
لوبنان - سوریا
سعودیە - عێراق
قەتەر - ئوردن
هەڵبژاردەی عێراق لە وەشانی رابردووی پاڵەوانێتیی بالەی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق