ترەمپ: رێگەم پێنادرێت بۆ جاری سێیەم خۆم بەربژێر بکەم

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات و رەخنەی دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێ "ئەمە کارێکی خراپە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و لایەنگرانی چەندین جار پرسیاری بەربژێرکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 کردووە و ئەمەش نیگەرانی نەیارەکانی و دڵخۆشیی لایەنگرانی لێکەوتووەتەوە.

ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، لەبارەی ئەو پرسەوە لەنێو فرۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا "ئێرفۆرس وەن" بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە نوێترین راپرسیدا، بەرزترین رێژەی رەزامەندیم لەماوەی سەرۆکایەتیمدا بەدەستهێناوە و دەزانن بەپێی ئەوەی خوێندوومەتەوە، پێموابێت رێگەم پێنادرێت خۆم بەربژێر بکەمەوە، بۆیە دەبێت بزانین چی روودەدات، ئەمەش زۆر خراپە."

بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، هەموو سەرۆکێک تەنیا بۆی هەیە بۆ دوو خوول سەرۆک بێت و خوولی دووەمی ترەمپیش لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستیپێکرد.

ترەمپ لە خولی یەکەمدا لە ساڵانی 2017 بۆ 2021، سەرۆک بووە و زۆر جار ئاماژە بەوە دەکات، لایەنگرانی داوایان لێکردووە دوای کۆتایی خولی دووەمیشی لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، سەرەڕای رێگرییە دەستوورییەکان.

بەگوێرەی راپۆرتی میدیای ئەمریکا، ترەمپ ئێستا کڵاوێکی سووری لەسەر مێزەکەی لەنێو کۆشکی سپی هەڵواسیوە و لەسەری نووسراوە "ترەمپ 2028"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ حەز و ئارەزووی ئەو تاوەکو لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.

بیرۆکەیەکی باو لەنێو لایەنگرانی ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان دروستبووە کە دەکرێ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، جەی دی ڤانس، جێگری خۆی بەربژێر بکات و ترەمپیش جێگری بێت.

ترەمپ ئەم هەفتەیە ئەو بیرۆکەی رەتکردەوە و رۆژی چوارشەممەش، لەوبارەیەوە گوتی "زۆر روونە، ناتوانم جارێکی دیکە خۆم بەربژێر بکەمەوە، بەڵام ئێمە خەڵکی زۆر باشمان هەیە."

رۆژی سێشەممە، مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە هەوڵدان بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی قسەی کردووە، بەڵام "هیچ رێگەیەک بۆ ئەو پرۆسەیە نابینێت".

جۆنسن گوتیشی، "چەندین ساڵی [سەرۆکایەتی] زۆر باش بووە، بەڵام وابزانم سەرۆک دەزانێت و لەوبارەشەوە قسەمان کردووە بەتایبەتی لەبارەی سنووردارییەکانی دەستوور."

سەرۆکی کۆنگرێس، ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ چێژ لە "گاڵتەکردن" بە دیموکراتەکان لەسەر ئەو پرسە وەردەگرێت بە دروشمی جیاواز و کڵاوی "ترەمپ 2028"، بەڵام دەستوور روونە و دەڵێ، "هیچ رێگەیەک نابینم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، چونکە ئەو پرۆسەیە، نزیکەی 10 ساڵ دەخایێنێت. تۆ پێویستت بە دوو لەسەر سێی کۆنگرێس و سێ لەسەر چواری ویلایەتەکان هەیە بۆ پەسندکردن، بۆیە هیچ رێگەیەک بۆ هەموارکردنی دەستوور نابینم."

دەنگۆکانی بەردەوامیی سەرۆکایەتیی ترەمپ بۆ سێیەمین جار دوای ئەوە هات، کاتێک هەفتەی رابردوو ستیڤ بانۆن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ و یەکێک لە بیرمەندەکانی پشت بزووتنەوەی "ئەمریکا مەزن بکەنەوە"ـی ترەمپ رایگەیاند، پلانێک هەیە بۆ هێشتنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی و گوتیشی، "ئەو خولی سێیەمی سەرۆکایەتی بەدەستدەهێنێت. ترەمپ لە ساڵی 2028 دەبێتەوە سەرۆک، دەبێت خەڵک لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا خۆی بگونجێنێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەمواری دەستوور، بانۆن گوتی، "زۆر جێگرەوەی جیاواز هەن. لە کاتی گونجاودا، پلانەکە دیاری دەکەین."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif