لە فیلمەکاندا فڕینی داڵە کەرخۆرە بەسەر بیاباندا ئاماژەیە بۆ مەرگی نزیک؛ لە بەشێکی ئەفسانەکاندا قەلەڕەش هێمایە بۆ مردن؛ بە درێژایی مێژوو، هەندێک باڵندە وەک نیشانەی شوم سەیرکراون. بەڵام جولیان ئاڤێری، توێژەر لە بواری پاراستنی ژیانی کێوی لە زانکۆی پێن ستەیت لە ئەمریکا دەڵێ، باڵندە بەشێکی پێویستی سیستمی ژینگەییە و هۆکاری دیکە لە پشت ئەو ناوبانگە خراپەیانەوەیە.
ئاڤێری دەڵێ: "لە وەرزی پاییزدا بیر لەو شتانە دەکەینەوە کە رەنگە خەڵکی رابردوو بە مەترسیدار یان شومیان زانیبن. لە جیهانی باڵندەکاندا نموونەی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەیە."
داڵە کەرخۆرە؛ مەرگهێن یان پاککەرەوەی ژینگە؟
ئاڤێری دەڵێ: "لە مێژوودا داڵە کەرخۆرەکان بە مەرگ یان کارەساتی نزیکەوە گرێدراون؛" ئاماژە بەوەش دەکات، باوەڕی باو ئەوە بووە کە خولانەوەی داڵە کەرخۆرە بە ئاسماندا نیشانەی بەدبەختییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە داڵە کەرخۆرە "باڵندەیەکی گۆشتخۆرە، بەڵام لەسەر شتی مردوو دەژی."
ئاڤێری دەڵێ، هەرچەندە ئەو جۆرە باڵندەیە لە فیلمەکاندا وەک هەڕەشە نیشان دەدرێ، لە راستیدا "بەهایەکی زۆر بەرزی لەسەر زەوی هەیە" و نەوەک تەنیا مادەی ئاژەڵی شی دەکاتەوە، بەڵکو گیانەوەرانی دیکەش ئاراستەی سەرچاوەی خۆراکەکە دەکات.
قەلەڕەش و زیرەکییە سەرسوڕهێنەرەکەی
ئاڤێری دەڵێ، قەلەڕەشەکان بەهۆی رەنگی رەشیانەوە ناوبانگێکی خراپیان هەیە، بەڵام هۆکارێکی دیکە زیرەکییە لەڕادەبەدەرەکەیانە.
ئەو توێژەرە دەڵێ: "قەلەڕەشەکان زۆرجار بەهۆی ئاستی زیرەکییانەوە وا دەردەکەون کاری وەها دەکەن کە ئێمە بە فێڵبازانە یان زۆرزانانەی دادەنێین. ئەوان دەتوانن بە شێوازێک بیربکەنەوە و کێشە چارەسەر بکەن کە هاوشێوەی شێوازی مرۆڤە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەیەک. پێم وایە لە هەندێک رووەوە ئەمە خەڵک بێزار دەکات."
ئاڤێری ئاماژە بەوە دەکات، لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا قەلەڕەشەکان لە گرووپی گەورەدا کۆدەبنەوە کە بە کۆمەڵەکەیان دەگوترێ (کوشتارگەی قەلەڕەشەکان) و ئەمەش زیاتر ناوبانگە مەترسیدارەکەیان بەهێز دەکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق