چین دووپاتی دەکاتەوە، ئامادەیە لەو جەنگە بازرگانییەی ئەمریکا دەستی پێکردووە، "تاوەکو کۆتایی" شەڕ بکات، هاوکات رایگەیاند، دەرگای بۆ گفتوگۆ کراوەیە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی سەپاندنی باجی گومرگیی نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت بجەنگن، ئەوا تاوەکو کۆتایی دەجەنگین. ئەگەریش ئارەزووی دانوستاندن دەکەن، دەرگامان کراوەیە."
رۆژی هەینی ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەمریکا باجی گومرگی 100% لەسەر سەر هاوردەی چینی زیاد دەکات، کە لە یەکی تشرینی دووەم یان "پێش ئەو وادەیەش" جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم هەنگاوە تووندە وەڵامێکە بۆ بڕیاری چین، کە بە گوتەی ترەمپ کۆتوبەندی "زۆر دوژمنکارانە"ی بەسەر هەناردەی کانزا دەگمەنەکانیدا سەپاندووە. واتە وایکردووە، کانزاکانی چین، ئاسان نەگەنە ئەمریکا.
چین گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەو کانزایانەیە لە جیهاندا، کە بۆ چەندین پیشەسازی، پێویستییەکی بنچینەیین، وەک کەرتی دیجیتاڵی، ئۆتۆمبێل، وزە و تەنانەت چەکیش.
کانزا دەگمەنەکان
وەزارەتی بازرگانیی چین ئاماژەی بە چەندین گەڕی دانوستاندن کرد کە لەنێوان پەکین و واشنتندا لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ئەمساڵدا کراون و جەختیکردەوە کە سیاسەتی هەڕەشەکردن و ترساندن لە بەرامبەر چین، سوودی نییە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەمریکا ناتوانێت لە یەک کاتدا داوای گفتوگۆ بکات و هەڕەشەی سەپاندنی کۆتوبەندی نوێش بکات. نابێت بەم شێوازە قسە لەگەڵ چین بکرێت."
گوتەبێژەکە روونیکردەوە، یاسا و رێکارە نوێیەکانی تەکنەلۆجیای پەیوەست بە کانزا دەگمەنەکانەوە، لە خواستی حکومەتی چینەوە سەرچاوەیان گرتووە بۆ باشتر کۆنترۆڵکردنی هەناردەکان. هەروەها دووپاتیکردەوە کە رێکارە نوێیەکان بە واتەی قەدەخەکردنی هەناردە نایەن.
گوتەبێژەکە باس لەوە دەکات، ئەو داواکارییانەی لە ئەمریکاوە بۆ کانزا دەگمەنەکانی دەکرێن، ئەگەر بە گوێرەی "مەرجەکان" بن، "وەک پێشوو مۆڵەتیان پێ دەدرێت و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە ئاسایشی زنجیرە پیشەسازییەکان و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و سەقامگیرییان دەکەین."
گفتوگۆی راستەوخۆ
ئەمریکا و چین چەندین گەڕی دانوستاندنیان کردووە بۆ نەهێشتنی گرژییە بازرگانییەکانی نێوانیان. دانوستاندنەکانی مانگی ئەیلوول لە مەدرید گەیشتنە رێککەوتنێک لەبارەی فرۆشتنی ئەپی تیکتۆک لە ئەمریکا، کە تا رادەیەک گرژییەکانی کەمکردەوە.
گوتەبێژە چینییەکە ئاماژەی بەو رێککەوتنە کرد بۆ دووپاتکردنەوەی ئامادەیی بەردەوامی چین بۆ گفتوگۆ.
هەروەها گوتی: "چوار گەڕی ئەم دواییەی دانوستاندنە ئابووری و بازرگانییەکان بە روونی دەریانخستووە کە چین و ئەمریکا دەتوانن لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و گفتوگۆی راستەوخۆ، چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە."
گوتەبێژەکە روونیکردەوە کە چین پێشوەختە ئەمریکای لە کۆتوبەندە نوێیەکانی سەر هەناردەی کانزا دەگمەنەکان ئاگادارکردووەتەوە. گوتیشی: "لە دوای دیداری مەدریدەوە، لایەنی ئەمریکی سوورە لەسەر سەپاندنی کۆتوبەندی نوێ بەسەر چیندا، کە زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت و زیان بە کەشی دانوستاندنە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق