بزووتنەوەی حەماس پلانێکی ئەمریکای رەتکردەوە کە گوایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە بەنیازە کۆنترۆڵی غەززە بکات و دانیشتووانەکەیشی رابگوێزێت.
ساڵێک و 11 مانگ بەسەر دەستپێکی جەنگی غەززە تێپەڕیوە، دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی فەلەستین بووەتە داروپەردوو و زۆربەی دانیشتووانەکەشی چەند جارێک ئاوارەبوون.
"غەززە بۆ فرۆشتن نییە"
رۆژی یەکشەممە، 01-09-2025 رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی بیر لە پلانێک دەکاتەوە کە تێیدا غەززە، کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تێدا دەژی، بۆ ماوەی لانیکەم 10 ساڵ ببێتە ناوچەیەکی سەرپەرشتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە.
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، کە ئاماژەی بە برۆشۆرێکی 38 لاپەڕەیی دەستپێشخەرییەکە کردووە، ئامانجەکە ئەوە دەبێت کە خاکەکە بکرێتە شوێنێک بۆ راکێشانی گەشتیاران و ناوەندێکی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
پلانەکە هەروەها داوای گواستنەوەی کاتیی لانیکەم هەموو دانیشتووانی غەززە دەکات، یان لە رێگەی رۆیشتنی "خۆبەخشانە" بۆ وڵاتانی دیکە یان بۆ ناوچەی سنووردار و پارێزراو لەناو کەرتەکە.
رۆژی دووشەممە 01-09-2025 باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رەخنەی تووندی لە پێشنیازەکە گرت و جەختی کردەوە: "غەززە بۆ فرۆشتن نییە. غەززە بەشێکە لە نیشتمانی گەورەتری فەلەستین."
ترەمپ یەکەم جار لە مانگی شوباتدا بیرۆکەی گۆڕینی غەززەی بۆ "ریڤێرای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" وروژاند، باسی ئەوەشی کرد، دانیشتووانەکەی دەگوازرێنەوە و ئەمریکا کۆنترۆڵی کەرتەکە دەکات.
هێشتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەی لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە نەکردووە.
قاسم حەبیب، فەلەستینییەکی تەمەن 37 ساڵە و لە خێمەیەکدا لە گەڕەکی ریمالی شاری غەززە دەژی، لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەو پێشنیازە بێمانایە. ئەگەر دەیانەوێت یارمەتیی غەززە بدەن، رێگەکە دیارە، گوشار لەسەر نەتەنیاهوو بکرێت بۆ راگرتنی جەنگ و کوشتار."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق