یەکێ نیە بە یەکێتی بڵێ بەڕاست ئێوە تەریق نابنەوە

ليست هناك تعليقات

عوسمان گوڵپی
-
ئەمڕۆ بەرپرسانی ئیداری و حیزبی سلێمانی لە یەکێك لە قوتابخانەکان زەنگی قوتابخانەیان لێدا، لێرەدا باسی مووچە و بایکۆت ناکەم لەوبارەوە زۆرمان وتوە.
دەمەوێ قسەلەسەر بونی لۆگۆی یەکێتی بکەم لە ناوەندێکی خوێندندا، ئەم بێ سەلیقەیی و بە حیزبی کردنە ئاشکرایەی ناوەندەکانی خوێندن بەتەواوی شایەنی ئیدانەکردنە و شەرم هێنەرە، یەکێك نیە پێیان بڵێ بەراست دوای ٣٤ ساڵ حکومەتداری تەریق نابنەوە لۆگۆی حیزبتان لە قوتابخانە داناوە؟

٣٤ ساڵ حکومڕانی خۆماڵی تازە بەتازە لۆگۆی حیزب لە پشت لێدانی زەنگی قوتابخانەوە دادەنێن، هەر بەڕاست بوونی لۆگۆی حیزبی چ پێویستە؟ ئایا ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای کەرتی پەروەردە نیە؟ ئەوە با ئەو ملپێچە سەوزە بوەستێ کردویانەتە ملی خۆیان و من نەمزانی مەبەستیان چیە یان ئاڵای کوردستانیان دەست نەکەوتوە؟

تۆ کە بەڕێوبەری گشتی و سەرجەم پەروردەکانت یەکێتین، زۆرینەی بەڕێوبەرەکانی قوتابخانەو باخچەکانیش یەکێتین و کۆمیتە دایان دەنێ، کاتێ دەسەڵاتی تەواوتان بەسەر هەموو کەرتێکدا هەیە دەی لێگەڕێن با کاری خۆیان بکەن و لۆگۆی حیزبیان لە پشتەوە دامەنێن، دانانی ئەم لۆگۆیە لە قوتابخانەدا ئیهانەکردنی کەرتی پەروەردە و سوککردنی دامەزراوەی حکومی نەبێ چیە، یان ئەیانەوێ پێمانبڵێن یەکێتی زەنگی کردنەوەی قوتابخانەی لێدا، یان پێمان بڵین زەنگمان لێدا بۆ ئەو قوتابی و مامۆستایانەی سەر بە یەکێتین، هەرچی بێ پەیام و ئاماژەیەکی زۆر خراپە، خۆ گەر بێ سەلیقەیی و هەڵەی مرۆڤێکی ماستاوچی بووە ئەوا دەبێت ئیجرائات بکرێت و ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدرێت، ئەگەر ئامانجداریشە ئەوا بۆ لەمەودوا کیتابەکان چۆن لۆگۆی حکومەتی لەسەرە ئاواش لە گۆشەیەکەوە لۆگۆی حیزبەکانتانی لێدەن

یەکێ نیە بە یەکێتی بڵێ بە هەڵواسینی ئەم لۆگۆیە نایەیتەوە مایە، حەفتەی پێشوو دەزگای ڕوانگەی ئیدریسی کوڕی نیچیرڤان هۆڵێکی لە هەڵەبجە کردەوە و بەرپرسەکانیشت بە فرسەتیان زانی و کۆڵێ بە شان و باڵیانا هەڵدا، دوێنێش ڕێکخراوی ڤیژن ئەجیوکەیشنی سەر بە پارتی قوتابخانەی سەلاح الدینی نۆژەنکردەوە، هەواڵی گەرمی دوێنێش کردنەوەی ڕێگایەکی دوو ساید بوو لەلایەن مەسرور بارزانیەوە لە زۆنی زەرد، کەچی هەواڵی گەرمی دوێنێی زۆنی سەوز فرۆشتنی زەویەکانی دەوروبەری یانەی نەورۆز بوو بە دوو کۆمپانیا، ئەوە ئەمڕۆش بە لۆگۆی یەکێتیەوە زەنگی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

بیرکردنەوەیەکی سەیرە، یەکێتی ئاوا مامەڵە لەگەڵ خۆی و زۆنەکەی دەکات و دەشیەوێ خەڵك جنێوەکان بە پارتی بدا،، باشە چوار پیاوی عاقڵ نیە بیکاتە ڕاوێژکار و ئەم ناشیرینیانە کۆتایی پێ بهێنێ
تێڕوانینی من بۆ دەسەڵات ئەوەیە کە، پارتی بەرپرسی ئەوەڵ و ئاخری زۆنی زەردە و یەکێتیش زۆنی سەوز، لەسەر ئاستی سیاسەتی گشتی هەرێمیش پارتی بەرپرسیارێتی یەکەم و یەکێتیش دوەمی بەردەکەوێت ، کەسێکیش نەتوانێ ڕەخنە لە بەرپرسانی زۆنەکەی خۆی بگرێ باشترە بێدەنگبێ.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif