سەرۆککۆماری تورکیا دابەزینی رێژەی منداڵبوون لە وڵاتەکەی بە 'کارەسات' ناودەبات و رێنوێنیی نوێ لەپێناو هاندانی دایبابان دەردەکات.
لەکاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی باکوورەوە بۆ تورکیا، سێشەممە 22-07-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە چەند تەوەرێکی رۆژەڤ دایەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر کرد و بە نیشانەیەکی 'خراپ و کارەسات' بۆسەر وڵاتەکەی ناوی برد، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون بوو.
ئەردۆغان گوتی، "دابەزینی خێرایی رێژەی لەدایکبوون بۆ خوار 1.5 قۆناخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هیچ خێرێکی تێدا نییە. ئێمە لە قۆناخی 3 بووین و ئێستا بۆ خوار 1.5 دابەزیوین. لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە زۆر جیاواز بوو، بەڵام لەم بابەتەدا ئێستا لە شوێنێکی باش نین."
سەرۆککۆماری تورکیا رێنوێنیی بە ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی دا، بۆئەوەی لە بابەتی منداڵبووندا زیاتر هانی دایبابان بدات.
ئەردۆغان دەیەوێت لەو بابەتەدا کار و چالاکییەکان زیاتر بکرێن و دەڵێت، "لەگەڵ تەواوی زانکۆکاندا لە پەیوەندیدا بین و زیاتر لە جاران خەڵک هۆشیار بکرێنەوە."
حکومەتی تورکیا پاکێجی 'خێزان و ژمارەی دانیشتووان"ی بۆ ماوەی 10 ساڵ راگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا پشتگیریی مادی و مەعنەویی ئەو خێزانانە دەکات کە منداڵ دەخەنەوە.
لەوبارەیەوە ئەردۆغان جەختیکردەوە، ئەم پاکێجە تەنیا هاندان نەبێت، بەڵکو پرۆژەی دیکە بۆ تۆکمەکردنی خێزان دەستپێبکرێت.
نیو دەوام بۆ دایبابانی خاوەن کۆرپە
هەر لە چوارچێوەی هاندانی حکومەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دا ئەو دایک و باوکانەی فەرمانبەرن و منداڵ دەخەنەوە، لەو کاتەدا رێپێدانیان بۆ بکرێت، بۆئەوەی نیو دەوام بکەن.
ئەردۆغان: کار وا بڕوات خەڵکی ئێمە توانای ژیان لەم ناوچەیە لەدەستدەدات
رۆژی 20-04-2025 ئەردۆغان لەکاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون لە ئیستەنبووڵ جەختی لەسەر بابەتی منداڵبوون و ژمارەی دانیشتووان کردەوە.
ئەردۆغان جەختیکردەوە، 10 ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتووانی تورکیا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، "لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستا، لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا چاوەڕێ دەکرێت دانیشتووانمان 10 ملیۆن کەم بکات. مێژوونووسێکمان دەڵێت؛ تورکیا بەرەو کابووس دەچێت و دانیشتووانی تورک لە ئەنادۆڵ بەخێرایی بەرەو بەساڵاچوون دەچێت. ئەگەر خەڵکی ئێمە فریای خۆی نەکەوێت، توانای ژیان لەم ناوچەیە لەدەستدەدات."
ئەردۆغان جەهەپە تۆمەتبار دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات دامەزرێنەر و سەرۆکی ئاکپارتیشە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی لەم بابەتەدا تۆمەتبار کرد بەوەی رۆڵیان لە شێواندنی رەگەز هەیە و پشتگیری لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە (LGBT) دەکات.
هاوکات لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە نێوەڕاستی سەدەی رابردوودا، گوتی، "لە سەردەمی کۆماریدا، لە ساڵانی 1960، بە هەنگاوێکی هەڵە کە کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون بوو، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا کەم بووەوە. ئەمە بۆ وڵاتەکەمان هەڕەشەیەکی زۆر لە جەنگ خراپترە."
ئەردۆغان جەختیشیکردەوە، لە وڵاتەکەیدا لەبری ماڵی دوو یان سێ ژووری، ئێستا کۆمپانیاکان زیاتر خانووی یەک ژووری و شێوازی ستۆدیۆ دروستدەکەن. هاوکات ئەمەی بە مەترسی وەسفکرد و گوتی، "ئیدی گەنجان لەو شوێنە بچووکانە دەژین و بە پێویستی نازانن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن."
بەگوێرەی راپۆرتی 31-12-2024ی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەسە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق